لێکۆڵەرێک: بەڵگەنامە مێژووییەکان کوردستانیبوونی کەرکووک دەسەلمێنن

22-11-2025
رووداو @Rudawkurdish
ئەمین شوان، نووسەر و لێکۆڵەر لە مێژووی کەرکووک
ئەمین شوان، نووسەر و لێکۆڵەر لە مێژووی کەرکووک
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەمین شوان، نووسەر و لێکۆڵەر لە مێژووی کەرکووک، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، پەردە لەسەر مێژووی دێرینی شاری کەرکووک و قۆناخەکانی گۆڕینی دیموگرافیا و شێواندنی ناسنامەکەی هەڵدەداتەوە و رایدەگەیەنێت، سیاسەتی گۆڕینی دانیشتووانی شارەکە مێژوویەکی دووری هەیە و بە تایبەتی دوای دۆزینەوەی نەوت لەلایەن ئینگلیزەکانەوە چڕتر بووەتەوە.
 
ئەو لێکۆڵەرە ئاماژە بەوە دەکات کە کەرکووک سەرەتا وەک گوندێکی بچووک لەناو قەڵادا دروستبووە و دواتر فراوان بووە. بە بۆچوونی ئەمین شوان، هەڵبژاردنی شوێنی قەڵاکە ستراتیژی بووە و بەسەر رووباری خاسە دا دەڕوانێت، سەبارەت بە دانیشتووانی سەرەتایی، ئاماژە بەوە دەکات کە بەڵگە مێژووییەکان و بوونی شوێنەوارەکانی وەک ماڵی تۆما و کەنیسەکان، دەریدەخەن کە مەسیحییەکان لە قۆناخێکی دێریندا دانیشتووی سەرەکیی بەشێکی قەڵاکە بوون.
 
ئەمین شوان باسی ساڵی 1514 و شەڕی چاڵدێران دەکات وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی، کە تێیدا میرنشینە کوردەکان بە رێککەوتن لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی مانەوە، ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە کە لە سەرچاوە مێژووییە باوەڕپێکراوەکاندا، ناسنامەی کەرکووک هەمیشە وەک بەشێک لە کوردستان ناسێنراوە.
 
ئەمین شوان دەڵێت، "لە قامووسی ئەلئەعلامی شەمسەدین سامیدا بە روونی نووسراوە: کەرکووک لە مووسڵی ویلایەتی کوردستاندایە". هەروەها گەریدەی بەناوبانگ ئەولیا چەلەبی لە ساڵی 1650دا سەردانی کەرکووکی کردووە و تەنیا باسی زمانی کوردی دەکات وەک زمانی دانیشتووان."
 
لەبارەی بوونی پێکهاتەکانی دیکە، ئەمین شوان روونیدەکاتەوە کە دوای هێرشەکانی نادرشا و وێرانکردنی قەڵا، عوسمانییەکان سوپای یەنیچەرییان هێناوەتە شارەکە و لە گەڕەکی ئاغاڵخ نیشتەجێ بوون، کە ئەمە سەرەتایەک بووە بۆ گۆڕانکاریی دیموگرافی. سەبارەت بە زمانیش، ئاماژە بەوە دەدات کە زمانی تورکی زمانی دەوڵەت و ئایین و بەڕێوەبردن بووە، بۆیە تەنانەت زۆرێک لە کوردەکانیش لە بازاڕ و فەرمانگەکاندا بە تورکی قسەیان کردووە، بەڵام رەچەڵەکیان کورد بووە.
 
بە بڕوای ئەو لێکۆڵەرە، قۆناخی مەترسیدار بۆ سەر کەرکووک لەگەڵ هاتنی ئینگلیز و دۆزینەوەی نەوت لە ساڵی 1927 دەستیپێکرد.
 
ئاشکرای دەکات کە سیاسەتی بەریتانیا دژی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی بووە. ئەو نووسەرە دەشڵێت: "ئینگلیزەکان نەیاندەویست کورد لە کەرکووک باڵادەست بێت، بۆیە لەگەڵ دەرهێنانی نەوتدا، دەستیانکرد بە هێنانی کرێکاری عەرەب لە ناوچەکانی حەدیسە، راوە و عانەوە بۆ کەرکووک."
 
لێکۆڵینڤانەکە جەختدەکاتەوە کە پێش ئەو قۆناخە، ژمارەی عەرەب لە شارەکەدا ئەوەندە کەمبووە کە بە پەنجەکانی دەست دەژمێردران، بەڵام بەهۆی سیاسەتی نەوت و بۆ دروستکردنی هاوسەنگی لە دژی کورد، دیموگرافیای شارەکەیان گۆڕی.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەمین شوان، نووسەر و لێکۆڵینڤان:
 
رووداو: کەرکووک شارێکی جودا و هەڵگری مێژوویەکی دێرین و دەوڵەمەندە، کەرکووکی کوردستانی، شوێنی ئایینە جوداکان، کولتوور و زمانە جودا و دێرینەکانی ناوچەکەیە، بەڵام کەرکووک هاوکات هەڵگری چەندین چیرۆکی خەمگین، بەسەرهاتی شێواندن و هەروەها گۆڕینی دیموگرافیاکەیەتی، بەتایبەتی لە سەردەمی بەعسییەکان بەدواوە تاوەکو ئێستا هیچ سیاسییەکی عێراق نییە، راشکاوانە دان بەو راستییەدا بنێت کە شارەکە کوردستانییە، شارێکی کوردستانی کە دەتوانێت رەنگ و دەنگە جوداکان، زمان و ئایینە جیاوازەکان پێکەوە تێیدا بژین، مانگی گوڵانی 2024، لەگەڵ ئەمین شوان، ئەو نووسەر و لێکۆڵەرە کەرکووکناسەدا هەڤپەیڤینێکی فراوانمان سازدا، لەم هەڤپەیڤینەدا هەوڵمان داوە لە رێگەی پرسیارەکانمانەوە هەندێک وەڵاممان دەست بکەوێت؛ وەڵام دەربارەی شارێک کە هەوڵی داگیرکاری، گۆڕینی سیمای رەسەنی بە پیلان، هێنانی خەڵکی دیکە و دەرنانی کورد تێیدا، بوون بە چیرۆکە بەردەوامەکان، لەگەڵ نووسەری بەڕێز ئەمین شواندا باسی کەرکووک دەکەین، باسی مێژوو و راستییەکان، لێبوردەیی و پێکەوە هەڵکردن دەکەین.
کەرکووک یان فەرامۆش دەکرێ، یان وێڵ دەکرێ، یان خراپ باس دەکرێ و تێکەڵ و پێکەڵ باس دەکرێ، ئەمڕۆ لەگەڵ مامۆستا ئەمین شوان حەز دەکەم و بە پێویستی دەزانم کە باسی کەرکووک بکەیت، ئەوەندەی توانیمان، باسی کتێبەکەی دەکەین کە چۆن بەشیوەیەکی ئەکادیمیی زانستی نووسیوە، دەمەوێ بە دەروازەیەک دەست پێبکەین، ئایە کەرکووک لە کەیەوە خراوەتە سەر قەڵەمڕەوی عوسمانی؟
 
ئەمین شوان: بێگومان ئێمە دەزانین کەرکووک شارێکی دێرینە، ئەوەی کە من لە سەرچاوەکاندا خوێندوومەتەوە، چەند جارێک بەتایبەتی نووسینی ئەو فەقێیانەی کە لە مزگەوتەکانی قەڵادا وانەیان خوێندووە، زۆر پێم سەیر بوو کە دەمخوێندەوە لە پەراوێزی کتێبێکدا کە نووسیوویەتەوە دەڵێن "ئەمەم لە دێی کەرکووک نووسییەوە"، دوای ماوەیەک، با بڵێین دوای حەفتا، هەشتا ساڵێک یەکێکی دیکە هەمان کاریکردووە و دەڵێت "ئەمەم لە شارۆچکەی کەرکووک نووسییەوە"، واتە لە دێوە بۆ شارۆچکە، دوای ماوەیەکی زۆر، یەکێکی دیکە دەڵێ "ئەمەم لە شاری کەرکووک نووسییەوە"، ئەمە چیمان پێ دەڵێت؟ ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێت کە کەرکووک لە سەرەتادا هەر قەڵا بووە، قەڵاش لە شێوەی دێیەکی بچووکدا بووە، بۆیە ئێمە لە زانستی کۆمەڵایەتی و دروستبوونی شاردا دەزانین، ئەوە بابەتێکی زانستیی باوەڕپێکراو و لێبڕاوەیە، کە هەموو شارێک بە دێ دەستیپێکردووە، دوایی بووەتە شارۆچکە، دوایی بووەتە شار، گەورەیی هیچ شارێک لە خۆیەوە و لەناکاو نییە کە بووبێت بە شار، کەرکووکیشمان بەهەمان شێوەیە، هەر بۆ نموونە پێت دەڵێم، ماوەیەک داقوق (تاوخ) لە کەرکووک گرنگتر بووە، هەولێر لە کەرکووک گرنگتر بووە، ئەم کەرکووکە لەسەر خۆڵ دروستکراوە، ئەوەی من سەیری دەکەم و بە سەرنجی خۆم کە منداڵی قەڵاشم، کەرکووک لەسەر گردێک دروستکراوە، کە سێ گردی گەورە کە لەو دەشتەیە هەیە؛ ئەو گردەی کە قەڵای لەسەر دروستکراوە، ئەو گردەی کە ئێستا پێی دەڵێن ناوچەی مزگەوتی ئیخوان و بەرزاییەکانی گەڕەکی تەپە، ئەو گردەی کە لە ناو عەرەفەدایە و پێی دەڵێن ناوچەی موسەیەجە (شوورەبەنی کراو) کە کاتی خۆی ماڵی ستافە ئینگلیزییەکانی لەسەر بووە، بەڵام بۆچی ئەو کەسەی کە قەڵای دروستکردووە، یان کەرکووکی دروستکردووە، لەم سێیە ئەمەیانی هەڵبژاردووە و ئەوانەی دیکەی هەڵنەبژاردووە؟ لەبەر ئەوەی کە ئەمە راستەوخۆ دەڕوانێتە سەر خاسە، هیچ لە گردەکانی دیکە کە دەیانبینیت و سەیریان دەکەیت ئەوەندە لە ئاوەوە نزیک نین، ئاو شتێکی زۆر گرنگ بووە بۆ دروستبوونی ژیان، لەبەرئەوە ئەو کەسە هاتووە دروستیکردووە، ئەوەی من بە تێڕوانینی خۆم دەیبینم ئەوەیە کە قەڵا لە پێشدا لە بەشی خوارەوە دروست بووە، خەڵکەکەی لای ماڵی تۆما گاور و ئەو ناوچانە، ئەمە دەمباتەوە بۆ ئەوەی کە هەر نەبێ، لە دەورانێکی دووردا گاورەکان (مەسیحییەکان) لە پێشدا لەوێ بوونە.
 
رووداو: بۆ ئەوەی وێنەیەکی روونی گشتی هەبێت بۆ نەوەی ئێستا، ماڵی تۆما لە کوێدا بووە؟ جەنابت دەڵێی لە بەشی خوارەوە، با ئێمە بۆ نەوەی ئێستا سینەماکاریی بکەین بە نیشانە، لە کوێدا بووە؟
 
ئەمین شوان: ماڵی تۆما ئێستاش ماوە، ئەگەر بچیتە ناوی، کۆشکێکی زۆر گەورەیە، چونکە تۆما گەورەترین خانەدانی گاورەکان بووە بەو کاتە، ماڵەکەی خودا دەڕوانێتە سەر ئەوەی کە پێی دەڵێن قەراخی بازاڕ، یاخود سەرەتای پردی دووەم، لە دەستی ئەم بەرەوە ئەگەر تۆ لێیەوە سەیر بکەی ماڵەکەی دیارە و من چوومەتە ناو ماڵەکەی، ماڵەکەی کۆشکێکی زۆر گەورە و شوێنێکی زۆر گەورە بوو لە تەنیشتیەوە کەنیسەیەکی گەورەی گاورەکان هەیە کە خۆیان پێی دەڵێن کەنیسەی ئوم ئەلحەزان، دوایی لەولاترەوە کەنیسەیەکی دیکە هەبووە کە دانیال پێغەمبەرە، لەولاترەوە کەنیسەیەک کە پێی دەڵێن گومبەزی شین، ئەوەی کە پێی دەڵێن گومبەزی شین و ئەنەمرێم یشی پێ دەڵێن، واتە بۆ ئەم قسەیە دەکەم؟ ئەو گەڕەکە گاور بوون، ئەم گاورانە کێن؟ دەبێ بزانین ئەم گاورانە ئەوانەن کە کاتی خۆی لە ئورفەوە، لەسەر ناکۆکی ئایینی و مەزهەبی لە نێوان گاورەکان، لەوێ دەرکراون و رۆمەکان راویانیان ناوە و هاتوونەتە ئەوێ بوونە، بەڵگەش ئەوەیە ئەوان گۆڕستانیان هەیە، گۆڕستانەکەیان لە دەستی ئەوبەرەوە، لەناو قەڵادا نییە، لە رێگەی ئەوەی کە پێی دەڵێن قورمزی کلیسە (کەنیسەی سوور)، ئەوە گۆڕستانی گاورەکان بووە، لەو کاتەوە خۆیان وەکو بڵێین لەناو خۆیاندا بابەتی ئایینیان هەیە کە ئەمڕۆ کاتی خۆی پاشایەکی عەجەم هاتووە لەوێ و چل منداڵی گاوری سەربڕیوە و دوایی سەیری کردووە منداڵەکان بوونە بە کۆتر و فڕیون بۆ ئاسمان و رۆیشتوون، ئەویش یەکسەر بووە بە مەسیحی، ئەوێ بووەتە جێگەی گۆڕستانیان.
 
رووداو: ئەم بەسەرهاتە یان ئەم ئەفسانەیە، سەرزەمینەکەی قەڵای کەرکووکە؟
 
ئەمین شوان: بەڵێ، سەرزەمینەکە ئەوەیە و گاورەکانی کەرکووک لەناو خۆیاندا وەکو بابەتێکی مێژوویی ئەفسانەیی دەیگێڕنەوە، خۆت دەزانی هەموو ئایینێک بابەتی ئەفسانەی خۆی هەیە، ئەفسانەواری خۆی هەیە، ئەمانیش ئەمە دەگێڕنەوە، و بۆیە ناویان ناوە کەنیسەی سوور، چونکە خوێنی لێ رژاوە، گوایە خوێنی ئەو چل منداڵەی لێ رژاوە، دوای هێواش هێواش کە هاتۆتە سەردەمی ئیسلام، ئەم خەڵکە زۆر هاتوونەتە ناو قەڵاوە، ئێستاش لەو شوێنەی ئەو سووچەی کە بەسەر چایخانە حەسیرەکەیە دەڕوانێت، پێیان دەگوت تەپەباشی، یانی ئەوە مانای ئەوەیە گردێک بووە و گردەکە شۆڕ بووەتەوە، لە رووی ئەو رێگەیەوە کە دێتە خوارەوە دەچێتە بازاڕی حەلواچییەکان، ئاوی قەڵا بەوێدا رۆیشتووەتە خوارەوە، ئەم لایە بەرزایی بووە، لەسەر دەمی عوسمانییەکاندا، ئێمە دێینە ئەو کاتەی کە عوسمانییەکان هاتن و لە 1514 بە دواوە.
 
رووداو: خاڵێکی وەرچەرخانمان هەیە 1514 یە، خاڵێکی وەرچەرخانی مێژوویی گرنگە، بۆ؟ 
 
ئەمین شوان: 1514 دوای ئەوەی کە ئێرانییەکان هاتن بەغدایان گرت، عوسمانییەکان زۆریان پێ ناخۆش بوو، ئەوە بوو کە شەڕی نێوان شا ئیسماعیلی سەفەوی کە لە ساڵی 1500دا دەوڵەتی سەفەوی راگەیاند بە دەوڵەتێکی شیعەی زۆر تووندڕەو و دەوڵەتی عوسمانیش دەوڵەتی سوننی بوو، دەتوانم بڵێم لە سوننەتیشدا دەوڵەتێکی تووندڕەوی سوننی بوو کە هیچ شیعەی قبووڵ نەدەکرد، بوو بە ناکۆکییەکی زۆر گەورە، عوسمانییەکان 40 هەزار شیعەیان لە ئەنادۆڵ سەربڕی، ئەوە بوو لە 1514 دا شەڕی چاڵدێران روویدا، شەڕی چاڵدێران بۆ روویدا؟ لەسەر ئەوە بوو کە عوسمانییەکان لە ئەورووپا شکابوون و هیچ دەرفەتیان نەبوو، روویانکردەوە رۆژهەڵات و ملیان نا بۆ ئەو وڵاتانەی خواروو کە بەشێکیشی بە دەستی ئێرانەوە بوو، شەڕەکە لە نێواناندا لەسەر ئەوە روویدا، لەو شەڕەدا کوردەکان هۆکاری سەرەکی بوون، ئەگەر کورد لایەنگری هیچ لایەکیان نەکردبایە ئەوا هیچیان سەرکەوتوو نەدەبوون، ئەوە بوو مەلا ئیدریسی بەدلیسی، خودا لێی خۆش بێ، لەو کاتەدا توانی یەکێتی و بوونی خێڵە کوردییەکان بپارێزێت بەو رژێمە خێڵەکییەی کە هەبوو، سیستەمی میرایەتی، چووە لای سوڵتان سەلیم ،سوڵتان سەلیم گوتی "بەڕای تۆ چی بکەم باشە؟ مەلا ئیدریس " گوتی "ئەگەر کوردەکانت لەگەڵ بن لەم شەڕەدا سەردەکەویت، ئەگەر کوردت لەگەڵ نەبن هیچت بۆ ناکرێ،" گوتی: "باشە، چی بکەم؟" گوتی "نامەم بدەرێ بۆیان دەبەم، بەڵێنامەیان بۆ بنووسە کە بەڵێ من ئەگەر سەرکەوم لەم شەڕەدا چیتان هەیە وەکو خۆی دەمێنێتەوە، دەستی لێ نادرێت لە هەموو دەسەڵاتتان و دەسەڵاتی پشتاوپشتان  باوک بۆ کوڕ بۆتان دەمێنێتەوە،" ئەمە زۆر گرنگ بوو، گوتیشی "چونکە کوردەکان سوننین، بەلای تۆدا دەشکێنەوە، بەلای شیعەکان ناشکێنەوە"، لێرەدا شا ئیسماعیل هەڵەیەکی زۆر گەورەی کرد، ئەوەیە کە چوو گوشاری خستە سەر ئەو خێڵە گەورە کوردانە کە هەموویان لەسەر زەمانی "ملوک و تەوایفیان" (میرنشینەکان) کە پێی دەوترا، ئەمانە هەموو لە شوێنی خۆیان میر بوون، ئەوانی لادان، لەجیاتی ئەوان فەرمانداری شیعەی خستە شوێنیان، هەندێکیان رایانکرد، هەموو ئەو راکردووانەی کە دەیانبینین و هاتوونەتە پێدەشتەکانی کوردستان لەوێوە و بە ئەسڵ خەڵکی ئەوێن؛ بۆ نموونە شوان، هەمووی لەوێوە هاتوون لەو ماوەیەدا، لەژێر گوشاردا توانیویانە بچن، رایانکردووە، هاتوون بەرە بەرە لەناو شوان جێگیر بوونە لەو رووبەرە، هەر نموونەی شوان بەسە، یاخود هاتوونەتە ناوچەی خانەقین، تەکیە گەڕووس، خۆیان لە گەڕووسستانەوە هاتوون، بە ناوی ئەو شوێنەی کە ناوی گەڕووس بووە، لەوێ گەڕووسێکیان دامەزراندووە، هەروەها هاتوونەتە کەرکووک، ئەمە زۆر گرنگە، لە کەرکووک کۆشکلی هەیە، نەک ئەو کۆشکەکەی لەسەر تەپەی هیدایەتە، ئەوێ ماڵی قازی عەلیە، ئەو کۆشکەیان کۆشکلییە، چوێشکلییە، چونکە ئەمان خەڵکی کۆشک بوون لەوێ، کاتێک هاتبوون لە دارەمانەوە، دارەمانیان دروست کرد بە ناوی دارەمانەکەی ئەوێوە ناویان ناوە، ئینجا لەوێوە هاتوونەتە ناوچەی شوان و لەوێ بڵاو بوونەتەوە، ئەمە نموونەیە کە بۆ هەموو ئەو خێڵانەی کە کاتی خۆی هاتوون.
 
رووداو: ئێمە لە ساڵی 1514 دا کەرکووک دەچێتە ناو سنووری دەسەڵاتی عوسمانییەوە، من دەمەوێت باسی ئەوە بکەین وەکو باگڕاوندێک (پاشخانێک)، وەکو پێشخانێک بۆ باسەکەی ئێستا.
 
ئەمین شوان: بەڵێ، جا ئەوە لە یەکێک لەو دۆکیمێنتانەیە کە بۆتم باس کرد، یەکێک کە گەواهیدەری ئەو کاتە بووە، وێنەیەکی ئەو شەڕەی گرتووە، یەکێکیان خۆشبەختانە شارەزوورە، شارەزوور ئەو کاتە ناوی کەرکووک بووە، مەحموود بەگ ناوێک ئەو کاتە میری شارەزوور بووە، ئازایەتییەکی زۆر گەورەی کردووە لەوێ، ئەوە کراوەتە وێنەیەکی گەورە و بە دوور و درێژی باسی کراوە، لەو بیست و شەش میرنشینە یەکێکیان کەرکووکە، عوسمانی هاتوونەتە کەرکووک، بەڵام کە هاتوون نەک وەک داگیرکەرێکی راستەوخۆ، بەڵکو سەرەتا حکومڕانی کەرکووکی بۆ خەڵکی کەرکووک  و میرنشینەکەی جێشتووە، ئەمە تاوەکو ماوەیەکی زۆر زۆر بەردەوام بووە، دوای ئەوەی عوسمانییەکان لە شەڕی چاڵدێراندا سەرکەوتن و شا ئیسماعیلیان تاوەکو تەورێز راونا و ماڵ و منداڵەکەی داگیرکرد، ئینجا هاتنە سەر ئەوەی کە سنوور دانێن، بەداخەوە لەو سنووردانانەدا کوردستان کرایە دوو بەش، بەشی عوسمانلی و بەشی سەفەوی، کەرکووک لەو کاتەدا هەر بە شێوەی خۆی بە پایتەختی شارەزوور مایەوە، شاری کەرکووک کەمتر تاوەکو لە چەندین شیعر و چەندین نووسراودا کەم جار دەگوترێ کەرکووک، هەر دەگوترێ شارەزوور، شێخ رەزا بە دوو سەر، دوو جار بە شیعر ئەوەی داناوە و دەریخستووە، تاوەکو ئەو کاتەی کە دەوڵەتی عوسمانی کەوتووەتە دروستکردنی جۆرێک لە ئیدارەی سوپا، ئەویش بۆچی؟ لە ترسی ئێران، سەفەوییەکان لە سەردەمی نادر شادا کە تەماحێکی زۆری هەبوو، بەتایبەت بۆ ئەو سەرزەمینانەی عوسمانلی لە ئێران داگیری کردبوو بیگەڕێنێتەوە، یەکێک لەوانەکەرکووک بوو، کەرکووک ئەو کاتە قەڵا هەر قەڵا بووە، قەڵا یەک دەرگای هەبووە، چواردەورەکەی دیکەی گیراوە بە شوورە، دەرگایەکە کە دوایی تۆپێکیان لەسەر داناوە و بەو ناوە تورکیە ناویان ناوە تۆپ قاپی.
 
رووداو: ئەو هەمان ئەو دەرگایەی ئێستایە کە دەڕوانێتە سەر خاسە؟
 
ئەمین شوان: ئەو دەرگایەیە کە دەڕوانێتە سەر خاسە، بەملاو بەولادا شوێنی مەتەرێز و کەلی لێبووە بۆ ئەوەی ئەگەر دوژمن هێرشی بۆ هێنا بتوانن پارێزگاری لێبکەن، لەوەوە کە دەسووڕێیتەوە دەگەیتە گەڕەکی جەبارییەکان، لەوێوە دەچیتە سەروو و حەلواچییەکان، دەسووڕێیتەوە بۆ گەڕەکی زیندان، دەسووڕێیتەوە بۆ گەڕەکی حەمامی گاور و حەمامی موسڵمانان، یەکێک لە گەڕەکەکان گەڕەکی حەمامی گاور و حەمامی موسڵمانانە، دێتەوە مەیدان، ئەڵقەکە تەواو دەبێ لە تۆپ قاپدا، دوایی لە ماوەیەکی دیکەدا سێ دەرگای دیکەیان دروستکردووە.
 
رووداو: ئێمە لەم مێژووەدا، 1514 کەرکووک وەکو میرنشینێک، وەکو هەرێمێک دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکانەوە تاوەکو مێژوویەکی درێژە، 1921 یان 1918-1921، کە دەوڵەتی عوسمانی هەڵدەوەرێ و دەڕووخێ، گۆڕینێکی سەیری دیموگرافی هەیە، نیشتەجێکردنی ئەوانی دیکە هەیە جگە لە کورد، دەمەوێت باسی ئەوە بکەیت لەو چەند سەد ساڵەدا چ گۆڕانکارییەک بەسەر کەرکووکدا هەبوو؟
 
ئەمین شوان: من پێش ئەوە دەمەوێ شتێک بڵێم؛ ساڵی 1650 ئەولیا چەلەبی، کەسێکی زانا، مەلایەکی گەورە و لە هەمان کاتدا وەک گەڕیدەیەک هاتووەتە کەرکووک، باسی کەرکووک دەکات، باسی کوردستان دەکات، باسی ئەوە دەکات کە زمان چی بووە لەوێ؟ وا دەچێتە ناو ئەوە و دەڵێت "زمانی کوردی ئەوەیە، فڵان وەرە و فیسارە وایە،" باسی هیچ زمانێکی دیکە ناکات، ئەوە تێبگەن کەرکووک لە 1650 کەسی لێ نەبووە جگە لە کورد، کوردی لێ بووە بە شایەتیی گەڕیدە ئەولیا چەلەبی نووسینەکەشی ئێستا دیارە، باسی زمانی کوردی دەکات کە لێرە باسی ئەم ناوچەیە دەکات، ئەمە بەڵگەیەکی گەورەیە، ئەمە بەو شێوەیە هات، دێمە سەر شتێکی کە زۆر گرنگە کە نادر شا لە ساڵی 1735، یان دوایی ناوەڕاستی چلەکانی ئەو کاتە، هێرشێکی هێنا بۆ موسڵ  کەرکووکی گرت، دوای سێ رۆژ شتێکی زۆر گرنگ هەیە خەڵک نایزانێ، بۆ گرتنی کەرکووک بە ئاشتی و بە رێککەوتن، شێخ رەزا داوای لە شێخێکی گەورەی تەریقەتی قادری کردووە، شێخێکی بەرزنجی، داوای لێ دەکەم بە خەڵکەکە بڵێ کە بەرگری نەکەن، بەڵام شێخەکە رەتیکردووەتەوە، ئەویش قەڵای داوەتە بەر تۆپ، قەڵای وێران کردووە، هەر هەمووی وێران کردووە، کوشت و کوشتارێکی زۆریشی کردووە، ئەمە قۆناخێکی زۆر گرنگە و بەڵگەکەش ئەوەیە کە ئەو نامەی بۆ ئەو شێخە نووسیوە، ئەو شێخە ئێستاکە شێخ محێدینی کەڵەزەردەیە کە گۆرەکەی لە گۆڕستانی گردەکەی شێخ محێدینە لە قەڵا، بەهەر حاڵ لەکاتی شەڕەکدا هەمووی خەڵکی ئەوێ رایانکردووە، ئینجا کە هاتووەتە ئەوێ شەڕێکی گەورە لەناو قەڵا روویداوە و کوشتارێکی زۆری کردووە، جگە لە کەرکووک تەنانەت لە قەڵای هەولێریش هەمان شتی کردووە، هەردوو وەڵاکەی وێران کردووە، لەو کاتەدا حکومەتی عوسمانلی بۆ کوژاندنەوەی ئەو فیتنە گەورەیەی کە لە قەڵای کەرکووک و هەولێرروویدا، بۆ یەکەم جار سوپای یەنیچەری رەوانەکردووە،بۆ ئەوەی کۆنترۆڵی کەرکووک وهەولێر بکەنەوە، با من باسی کەرکووک بکەم  لە قەڵای کەرکووک دانراون لە گەڕەکی ئاغاڵخ، بۆ پێی دەڵێن ئاغاڵخ؟ ئەفسەرەکانی ئەو سوپایە یەنیچەرییە پێیان دەوترا ئاغا، ئەو گەڕەکی ئاغاڵخە جێی دانیشتنی ئەوان بووە، لە تەک ماڵی ئێمەوە بووە، ئێمە لەو گەڕەکە نیشتەجێ بووین، تاوەکو پێش رووخانی قەڵا، تەویلەی وڵاخەکانیان مابوو، ئەوە بە دەم تۆپ قاپییەوە کە شوێنی هێزی سەربازی عوسمانی بوو، ئەمە قۆناخێکی دیکەیە لە هاتنی غەیرە کورد بۆ ناو قەڵای کەرکووک، یان هاتنی خەڵکی غەوارەیە کە رەسەنی قەڵا نین بۆ ناو قەڵا.
 
رووداو: سەرچاوەیەکی تریشمان هەیە کە "قاموس الأعلام"ی "شەمسەدین سامی"یە، سەبارەت بە کەرکووک؟
 
ئەمین شوان: بەڵێ، ئەوە من بۆیە هاتم بە قۆناخ بۆت باس بکەم، ئیتر هیچ جێگەی ئەوە نییە کە رەتبکرێتەوە.
 
رووداو: یانی گومان نامێنێتەوە؟
 
ئەمین شوان: بەڵێ، ئەوە بە شەمسەدین سامی دەگوترا "العالم الوزیر"، کە ئەوەندەی مرۆڤێکی زانا بوو لە جوگرافیا، لە مێژوو، لە زانست و لە هەموو شتێکدا، یانی ئەوەندە گەورە بوو دەوڵەتی عوسمانلی پوولی بە ناوییەوە دەرکردبوو، کە باوەڕ ناکەم پوولی مەگەر بە ناوی سوڵتانەوە دەرکردبێت، بەڵێ سەرچاوەیەکی زانستییە.
 
رووداو:  سەرچاوەکەی سامی سەرچاوەیەکە کۆدەنگی لەسەرە و گومان ناهێڵێتەوە؟
 
ئەمین شوان: بەڵی کۆدەنگی لەسەرە بە هیچ جۆرێک رەتناکرێتەوە، چونکە ئەو شتەکانی بە شێوەیەکی زانستی نووسیوە، ئەو دەڵێت "کەرکووک لە موسڵی ویلایەتی کوردستاندایە"، ئینجا ئەمە زۆر مانای هەیە، موسڵیشی کردووە بە کوردستان، "لە ویلایەتی موسڵی کوردستاندایە"، ئیتر باسی خەڵکەکەی دەکات، باسی هەموو شتێک دەکات.
 
رووداو: با ئەو رستەیە بکەین بە کوردی مامۆستا: "کەرکووک لە کوردستاندایە و سەر بە هەرێم یان ویلایەتی موسڵە" ئاوایە؟
 
ئەمین شوان: نەخێر، کەرکووک لە موسڵی ویلایەتی کوردستاندایە، ئەمە جیاوازیی زۆرە "کەرکووک لە مووسڵی ویلایەتی کوردستاندایە"، واتە، موسڵ بەشێکە لە کوردستان و هەر واش بوو ئەو کاتە، کەرکووکیش بەشێکە، چونکە کەرکووک سەنجاق بوو، موسڵ ویلایەت بوو، تاوەکو ساڵی 1876 کەرکووک هەر سەنجاق بوو، لەو ساڵەدا موسڵ ئیتر بایەخێکی وای نەما، چۆن نەما؟ کەرکووک بووە بە ویلایەت، دوای سێ ساڵ، چوار ساڵ هەڵسان کەرکووکیان دیسانەوە دایەوە بە موسڵ، شێخ رەزا زۆری پێ ناخۆش بوو، دەڵێ:"شەهرەزووری موسڵی حەدبایە ئیلحاق ئیتیلەر، باق ناسڵ قەمبووری براقتلەر قەمبووری ئۆستونە" واتە بەداخەوە کەرکووکیان نارد بۆ موسڵی چەوت (مووسڵی حەدبا)، کە نەدەبوو وا بێ، ئەوە مایەوە تاوەکو سەردەمی عوسمانی، دوایی لە 1898 دا شارەزوورەکەیان لادا، کەی لایاندا؟ دوای ئەوەی کە نەفەسی ئیتیحاد و تەرەقی و "تورکیای فەتات" (تورکە گەنجەکان) دروست بوو، نەفەسی نەتەوەپەرستی لە تورکیای عوسمانیدا دروست بوو، هەستان بۆ ئەوەی کە ئەو شارەزوورە لەسەر کەرکووک نەمێنێت، و بیانوویەکیان دۆزییەوە و گوتیان: ئێمە کە پۆستە لە ئیستەنبووڵەوە دەنێرین بۆ شارەزوور، لەگەڵ دێرەزوور دا تێکەڵاو دەبێت، ئەوە دەبێتە هۆکاری کێشە، ئەو شارەزوورییەشیان لادایەوە، ئەمە دوا قۆناخی دەتوانم بڵێم گۆڕینی دیموگرافییە لە سەردەمی عوسمانلیدا هی کەرکووک، ئیتر دوای ئەوە دێینە قۆناخی ئینگلیز.
 
رووداو: کێشەیەک هەیە، کێشەی زمان، راستە هەر زمانی دەوڵەتەکە زمانی عوسمانییە، زمانی تورکییە، بەڵام زمانی بازاڕیش زمانی تورکییە، لە شارێکی کوردیدا، لە شارێکی کوردستانیدا کە سنوورەکە ئەو کاتە فراوانتر بووە؟ جەنابت زۆر باش ئاماژەت پێکرد، نەک کەرکووک سەر بە موسڵێکە، کە موسڵیش لە کوردستاندایە، ئێستا بەداخەوە موسڵ لە کوردستاندا نییە، ئەو ناوچانەی دیکە تاوەکو نزیکی کەرکووک هاتووین، کەرکووک خۆشی بوو بە شوێنێکی ناکۆکی لەسەر، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا تراژیدیایەکی گەورەیە بەڵام باسێکی دیکەیە، ئەو کاتە زمانی بازاڕ زمانی تورکمانییە، روونکردنەوەتان بۆ ئەمە چییە؟ یانی پێش ئەوەی بچینە قۆناخی ئینگلیزەوە.
 
ئەمین شوان: دەمەوێت هەر بە کورتی پێت بڵێم ئەو کاتەی کە عومەری کوڕی خەتاب موسڵی گرت، سێ جۆر نەتەوەی تێدا بووە: ئێزدی کە پێیان گوتوون (جەرامیقەت فورس، کە یەزید بوو گوایە زەردەشتین)، جوو، گاور، بەڵام لەناو موسڵدا پەرستگەی ئێزدی هەبوو، کە عوسمانلییەکان هاتنە ناوچەی کوردستان و موسڵیان داگیرکرد، تاوەکو چەند ساڵ هەموو والی و موتەسەریفی موسڵ ئێزدی بوون، یەکێ لەوانە ئێستا لەبیرمە داسنی میرزا پاشا بوو، ئەگەر بچم ساڵنامەکەم بێنم، ساڵنامەی عوسمانلی ئەو کاتانە، ئەو ئێزدییانە هەموو دیارن، چونکە ناوچەکە کوردی بوو، بەڵام هێواش هێواش ئەو عەرەبانە کە هاتنە ئەو ناوچەیە لەژێر کاریگەریی ئاینی ئیسلامدا بوون بە عەرەب، واز لەوە بێنە، دێینە سەر مەسەلەی زمان، بە شێوەیەکی زانستی هەمیشە زمانی دەوڵەت زاڵ دەبێت بەسەر زمانەکانی دیکەدا، ئەوە قاعیدەیەکی زانستییە، چونکە زمانی سیستەمە، زمانی فەرمییە، زمانی بەڕێوەبردنە، بۆ نموونە، موسڵ و بەغدا بۆ دێنمەوە؛ موسڵ و بەغدا زۆربەی خەڵک بە تورکی قسەیان دەکرد، ئەوەی خۆی بە دەستەبژێری ناو کۆمەڵ دەزانی، دەبوو بە تورکی قسە بکا، چونکە زمانی ئایین بوو، زمانی قورئان بوو، عەرەبی لادرابوو، زمانی تورکی هاتبووە جێگەی، نموونە هەیە لەو  رۆشەنبیرانە، ئەو رۆژنامەڤانەی بەغدا نووسیویەتی، دەڵێت "زمانی عەرەبی نەما، زمانی تورکی زاڵ بوو"، لە موسڵیش هەر هەمان شت بوو، کەرکووک بەتایبەتی لەم دوادوایەدا کە جۆرێک لە هەستی نەتەوایەتیی تورکی و فەرزکردنی تورکی هەبوو، دوو شت هەبوو: یەکەم، تۆ لە هەر ئیشێکی حکومەتدا، لە وەزیفەیەکی حکومەتدا نەتدەتوانی پلەیەک وەربگریت، شوێنێک وەربگریت ئەگەر سێ مەرجت تێدا نەبوایە: تورکی بە نووسین، تورکی بە خوێندنەوە، تورکی بە قسەکردن، ئەمە زۆر گرنگە، کابرای دیکە کە ئەوەی بەسەردا هات، هیچ بایەخێکی نەبوو زمانەکەی خوازیار بێت، دوو، ناونرابوو زمانی تورکی پێی دەوترا ئەفەندی، سێ، ئەو کاتە راستە خوێندنگا بەو شێوەی کە دوایی دانرا، رووشدییەکان دروست کران، بەڵام ئەو کاتەش هەر بە تورکی قسە دەکرا، ئەمە کاریگەرییەکی زۆری کرد، لە پاڵ ئەمەدا، هەستی نەتەوایەتی نەبوو، ئەو رۆژە شتێک نەبوو [بەناوی نەتەوایەتی]، دەتوانم بڵێم هەستی نەتەوایەتی شتێکی نامۆ بوو، دەتوانم بڵێم عەیب بوو، دەتوانم بڵێم تاوەکو مامۆستا ئایینییەکان بە دژی ئایینی ئیسلامیان دەزانی، چونکە "ئێمە هەموومان ئوممەی ئیسلامین"، ئوممەی ئیسلامیش بە کێوە پەیوەندارە؟ بە خەلیفەی ئیسلامەوە، پەیوەندارە لە ئیستەنبووڵەوە، تورکیا، بۆیە زمانی تورکی زاڵ بوو لە بازاڕیشدا و لەناو خەڵکیشدا، لەو کاتەدا من زۆر باش لەبیرمە، لە قەڵا بووینە تاوەکو پەنجاکان، ئەوە هیچ، نەوەی پێشتر لە قەڵا، لە پەنجاکان لە چلەکان، ئێمە چاکمان دەزانی فڵانە کەس کوردە، بەڵام بە تورکمانی قسەیان دەکرد.
 
رووداو: قۆناخێکمان هەیە، قۆناخی کۆتایی هێنانی شەڕە، شەڕی یەکەم، قۆناخی نەمانی دەوڵەتی عوسمانی، قۆناخی هاتنی ئینگلیز و دۆزینەوەی نەوت لە کەرکووک، هەموو ئەمانە ئەم وەرچەرخانە، ئەم قۆناخە نوێیە چۆن روون دەکەنەوە؟
 
ئەمین شوان: بەڵێ، بە کورتی دەمەوێت شتێک تۆزێک بچمە دواوە، ئەو کاتەی کە لە کۆتایی سەردەمی عوسمانیدایە، لەو سەردەمە لە کەرکووک میرایەتی نەمابوو، میر ئیسماعیل بەگ نەمابوو، ئەوە لە "عەسری تەنزیمات" کە دروستیان کرد، ئیتر ئەو میرایەتییانەی کوردیان هەموو لابرد، مەبەستم سەردەمی تەنزیماتی دەوڵەتی عوسمانییە، سەردەمێکی کورتە، بە نزیکەیی 50 بۆ 60 ساڵێک، تاوەکو دێیتە هاتنی ئینگلیزەکان، کە لایان برد، بەڵام تەنزیماتیان دروست کرد، دەمەوێت پێت بڵێم ئەو کاتەی کە ئینگلیزەکان هاتن، دامەزراوەی دەوڵەتی عوسمانی تاوەکو رادەیک بووبوو بە دەوڵەتێکی دامەزراوەیی، ئەو شێوازە کۆنەکەی میرایەتی و باڵادەستی خێڵایەتیی گەورە نەمابوو، دامەزراوە دروست کرابوو، لەو دامەزراوانە قوتابخانە دروست کرابوو، سەرەتا قوتابخانەی رووشدییەی مولکییە و رووشدییەی عەسکەری کە لە ئاستی ئەو قوتابخانەی ئامادەیی ئێستایە، وانەی چاک چاکیان دەخوێند، شتی چاک چاکیان هەبوو، فەرمانبەر هەبوو، دامودەزگای دەوڵەت هەبوو، کە هەر لە 1906-1914 دەستیپێکرد، ئیتر ئەو دامودەزگایە مایەوە، بەڵام شیرازە تێکچوو، ئینگلیزەکان هاتن بۆ کەرکووک لە حوزەیرانی 1918 دا، یەکسەر  چوون بە دەوری ئیمام قاسم و ئەوێ، کە هاتن هێشتا سوپای عوسمانلی لە موسڵ بوو، لە شەرگات، نەکشابوونەوە بەگوێرەی رێککەوتنێک کە عوسمانییەکان ئەو ناوچەیە چۆڵ بکەن، لەوێ سوپایەک هەبوو، ئینگلیزەکان ترسان لەوەی کە مەسەلەی کوت کە لەوێ ئەو کارەساتە گەورەیان بەسەر هات لە کەرکووکیش بەسەریان بێت، ئەوەبوو کشانەوە و چوونەوە بۆ بەغدا، دوای ئەوە لە پایزدا هاتنەوە، ئەو هاتنەوەو جێگیر بوون، بەڵێ هاتنە قشڵەوەو داگیریان کرد، شاریان داگیرکرد، ئیتر ئەوان بوون بە بەرپرسیاری کەرکووک، ئەنجوومەنێکی کارگێڕییان بۆ کەرکووک دروستکرد لە دوانزە کەس، لەو دوازدە کەسە شەشیان کورد بوون، دوانیان یەکێ جوو یەکێ گاور، چوارەکەی دیکە هەر بە رەسەن دوور نەبوون لە کوردبوون، تۆزێک ئەگەر دەستەکەیانت خوراندبایە دەگەیشتنەوە سەر کورد، بەڵام بەهەرحاڵ، بەو جۆرە پێکیانهێنا، بۆ نموونە لە کوردەکان: مەجید پاشا بابان، رەزا بەگی جاف، شێخ حەمیدی تاڵەبانی، ئەمانە کە هەر پشیان بەستووە بە سەرۆک خێڵە گەورەکان و ئەوانەی کە دەسەڵاتیان هەبوو، ئینگلیزەکان سیاسەتیان وا بوو تاوەکو ئەو کاتە، هێشتا مەسەلەی نەوت گرنگی پێنەدرابوو لای ئینگلیزەکان، ترسیشیان زۆر هەبوو لەوەی عوسمانلی بگەڕێتەوە، دەترسان زۆر، لەبەر ئەوە چەرچڵ زۆر هەوڵی دەدا کە مستەفا کەمال رازی بکات، هەر ئێمەش بووین بە قوربانی ئەو کینەیەی چەرچڵ، بە پێچەوانەی ئەوە لۆید جۆرج کە سەرۆکوەزیران بوو، لەگەڵ یۆنانییەکاندا بوو، چەرچڵ تاوەکو ئەوکاتەش نەیدەزانی بە تەواوی مەسەلەی نەوت چییە، تاوەکو ئەو کاتەش بڕیتانیا پلانەکەی وا بوو کە کوردستان بکرێ بە حکومەتێکی تایبەت، هەرچەند پەیمانی سیڤەر بەسترابوو و لە پەیمانی سێڤردا لە سێ ماددەدا باسی دەوڵەتی کوردی کرابوو، بەڵام چونکە پەیماننامەکان واژۆ نەکران، دوایی فەرەنسا و ئیتاڵیا خۆیان لێکشانەوە، ئینگلیز بەتەنیا مایەوە، نەبوو بە هیچ، ئەوە بوو مستەفا کەمال توانی ئەو ترسەی چەرچڵ ئیستیغلال بکات، لۆزانی فەرزکرد و ئیتر لەدەستچوو، ئێمە لە کەرکووک ئینگلیزەکان هێشتا بەتەمان نەبوون کە حکومەتی عێراق بەو شێوەیە بێت، بەتەمان نەبوون فەیسەڵ بێت بە مەلیک، ئەوان بەتەمان بوون فەیسەڵ ببێ بە "مەهاراجا"یەک، وەکو راجایەکی هیندی، کە پێی دەڵێن حوکمدار، کەسێک بێ مەئموری ئەوان بێت، لە پەیرەوی حکومەتی بەریتانیا بێت، هەر پەیڕەوی لەندەن بێت، ئیتر ئەمە تاوەکو ئەو کاتە کەرکووک هێشتا ئەو نرخەی نەبوو، ئەوان داگیریان کرد بۆ شوێنێکی ستراتیجی، چونکە سەنتەری کوردستانی باشوور بوو، ئەو کاتەی کە هات و هەستیان کرد بە مەسەلەی بوونی نەوت، بەریتانیا پێویستی بە نەوت بوو، چونکە تاکە سەرچاوەی نەوتی هێزی دەریایی بریتانی لە هیندستان بوو، لە عەبادان بوو، تێگەیشتی؟ چونکە لەوێ نەبوو، ئیتر لەو شوێنەدا ئەمان گوتیان، سەیریان کرد لە بەسراش هەیە، لە کەرکووکیش هەیە، بۆیە چوون هی بەسراشیان داگیر کرد لەوێ، ئەگەر بزانین نهێنییەک، بۆ لە پێشدا ئینگلیزەکان هاتنە بەسرە؟ ئەوە بوو کە بێن ئەو نەوتە بەرامبەر نەوتی عەبادان داگیرکەن، نەوتی کەرکووک ئینجا نرخی پەیدا کرد، کە نرخی پەیدا کرد، ئەوە بوو لە ساڵی 1927 دا یەکەم بیری نەوتیان لێدا، کە بیری نەوتەکەیان لێدا، سەیریان کرد ئەمە پۆتێنشەڵێکی زۆر بەهێزە و نەوتێکی زۆر زۆری تیایە و ئەمە دەریایەکە لە نەوت، ئیتر دەستیان بەسەر نەوتی کەرکووکدا گرت، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە حکومەتی بەریتانیا ئەو کاتەش زیاتر هەر لە رێگەی کوردەکانەوە حوکمداری خۆی بەسەر [ناوچەکەدا] دەکرد، و هێواش هێواش ئەو هەستەش نەما کە کوردستانی باشوور بکەن بە حکومەتێک، و لەگەڵ کوردەکانی تورکیادا لێکیان ببڕن، چونکە گۆڕانکاریی گەورە گەورە لە نێوان فەرەنسا و ئیتاڵیا و ئەواندا بوو، شۆڕشی بەلشەفیش بوو لە رووسیا، و ئەمە زیانێکی زۆر گەورەی لە کورد دا بەڕاستی بەداخەوە، ئیتر مەسەلەکە وای لێهات، نەوت بوو بە خوێنی کەرکووک.
 
رووداو: ئینگلیزەکان دێنە کەرکووک، ئەوانەی کە هاوکارییان دەکەن کوردن، بەڵام لەو ساتەوە تاوەکو ئێستا بەردەوام ئینگلیزەکان لە دژی تائێستا کە ساڵی 1924-ە، لە دژی هەموو خواستێکی کوردە.
 
ئەمین شوان: بەڵێ، ئەو کاتە کاکە بە دەستێوەردانی گێرترود بێڵ و پێرسی کۆکس، دوو پڕۆژە هەبوو؛ پڕۆژەیەکی چەرچڵ بوو، ئەوانەی کە پێیان دەگوت "مەکتەبی لەندەن"، پڕۆژەیەکی هی پێرسی کۆکس و "مەکتەبی قاهیرە"، مەکتەبی قاهیرە و مەکتەبی هیندستان، پڕۆژەیەکیش هی گێرترود و پێرسی کۆکس بوو کە بە مەکتەبی هیندستان ناسراوبوو، مەکتەبی هیندستان سەرکەوت، کە مەکتەبی هیندستان سەرکەوت، ئیتر خەت بەسەر دەوڵەتی کوردستان و حوکمی کوردستان و کوردستانیبووندا هێنرا.
 
رووداو: بەڵام بۆ ئەم نەفرەتە تاوەکو ئێستا بە دوای کوردە؟ 
 
ئەمین شوان: بەڵێ، شتێکی کە روویدا لەو کاتەیە، ئەوە روویدا کە هاتنە سەر ئەوەی فەیسەڵ بکەنە مەلیکی عێراق و لەسەر تەخت داینێن، عەبدوڵڵا بکەنە مەلیکی ئوردن، ئیتر پێویستیان بەوە بوو دەوڵەتێکی عێراقی دروست بکەن، ئەو دەوڵەتە عێراقییە، چی پێ دەڵێن لۆرانس و گێرترود و پرسی کۆکس رایان، وا بوو کە شتێک بکەن کە هاوسەنگی تێدابێت، زۆربەی عێراقییەکان شیعە بوون، سوننی کەم بوون، هاتن کوردیان وەکو پارسەنگ، ئۆخەیان هەڵبەست، بە نووسراو هەیە ئەوە، من کتێبێکم وەرگێراوە و چاپی دەکەین، ئەو کاتە تەنیا بۆ ئەوەی کە تەرازووی جێگیربوونی دەوڵەتی عێراق راگرن لە نێوان سوننی و شیعەدا، کوردیان هێنا کردیانە پارسەنگ لەگەڵ سوننییەکاندا و حوکمیان دایە سوننییەکان.
 
رووداو: کە تێبینی دەکرێت، تێبینییەکی خەمگینە؛ لە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە، با بڵێین چەقی کێشەکەی ئێمە، چەقی کێشەی کورد لە کەرکووکە، ئینگلیزەکان لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا بەرژەوەندییان با نەڵێم لە دژی بەرژەوەندیی کوردە، بەرژەوەندییان لەگەڵ بەرژەوەندیی کوردایەتی دا یەکناگرێتەوە.
 
ئەمین شوان: هاتن، ئەوان نەوتی کەرکووک بوو بە بابەتێکی زۆر گرنگ بۆیان، چونکە لە پێش ئەوەدا دەبوو نەوتیان لە ئەمریکاوە بهێنایە، بە ئەفریقادا بیسوڕێننەوە ئینجا بیگەیەنن، ئێستا لە کەرکووک نەوت پەیدا بوو، لە بەسرەش پەیا بوو، کە بۆ ئەوان ئەساسی مەسەلەکەیان ئەوە بوو کە رێگەیان بۆ هیندستان، ئەوە گرنگ بوو، چونکە هیندستان ئەو کاتە هەمووی  کە دەکاتە پاکستان و بەنگلادیش و هیندستانی ئێستا هەمووی بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی بریتانیا، ئەوان ئەوەندەی کە بایەخیان بەو ناوانە دەدا، بە هیندستانیان دەدا، بایەخیان بە شوێنی دیکە نەدەدا، ئێرەیان پێویست بوو بۆ ئەوێ، بۆ ئەوەی کە یەکەم بۆ پاپۆڕەکانیان، کە ئیتر پێویستی نەدەکرد بچن بە دەوری ئەفریقادا بسوڕێنەوە، یەکسەر دەهاتن لە جەبەل تاریقەوە بۆ دەریای سپی و قەنال سوێسەوە چوون خوارەوە بۆ دەریای سوور بۆ هیندستان، نەوتەکەیان لە بەسرە وەردەگرت، لە کەرکووک وەردەگرت، لە عەبادان وەردەگرت، جگە لەوەی کە ئەو کاتە هێشتا بۆ دەرکردنی بۆ دەرەوە و فرۆشتنی ئەوەندە بایەخیان نەبوو بۆ ئەوان، بۆ مەبەستی سەربازی بوون، بۆ هێزی ئاسمانیی شاهانە، فرۆکە تازە پەیدا بووبوو، ئینگلیز هێزێکی ئاسمانیی دروست کردبوو، لەبەر ئەوە ئەمە بایەخێکی زۆر گەورەی لای ئینگلیزەکان دروست کرد، من دۆکیمێنتێکم لایە، ئەو کاتە ئینگلیزەکان هەوڵیان دەدا دیموگرافیای کەرکووک بگۆڕن، هەوڵەکە ئەوە بوو کەرکووک تەنیا کورد و تورکمانی تێدا بوو، بە هیچ نرخێک عەرەبی تیدا نەبوو، وا دەتوانم بڵێم، بە راشکاوی بڵێم لەوانەیە سێ ماڵی عەرەبی تێدا نەبووبێت، ئەوان دەستیان کرد بە هێنانی عەرەب لە حەدیسە و لە راوە و لە عانەوە و لە شەرگاتەوە، لەو رێگەیەوە، چونکە خەتەکەی خەتی "پیاوەڕۆ"ی لەوێوە بوو، کرێکاریان هێنا، نەیاندەویست کەرکووک زۆرینەی هەر کوردی تێدا بێت، ئەگەر نەتەوەیەکی تێدا بێت دەستڕۆیشتوو بێت، لەبەرئەوە لەو کاتەوە دەتوانم بڵێم ئینگلیزەکان دیموگرافیای کەرکووکیان گۆڕی بەوەی کە کارمەندیان هێنا.
 
رووداو: ئامانجێکیش ئەوە نەبوو بۆ ئەوەی هەمیشە ململانێ هەبێت؟
 
ئەمین شوان: بەڵی بۆ ئەوەی کەس نەتوانێت بڵێت من خاوەنی کەرکووکم بەرامبەر بەوە، چونکە ئێمە دەزانین تورک، ئیتر تورکمانیش دەسەڵاتی نەما، پشتی نەما بەوەی کە دەوڵەتی عوسمانلی نەما، تورکیاش ئەو کاتە تازە لەسەر دەستی مستەفا کەمال، زۆر بە لاوازی هێواش هێواش دەڕۆیشت، نەیاندەتوانی هیچ شتێک بۆ خۆیان بکەن، ئەو کاتە نەیاندەویست کورد ئەو کاتە پێکهاتەی سەرەکی و زاڵ بێت و دەترسان لەوەی کورد کە هەر ئەو ئاواتەی کە هەیبوو بۆ سەربەخۆیی و شێخ مەحموود بە هەر جۆرێک بێت ئەو کاتە سەرداریەتی و سەرکردایەتی ئەوەی دەکرد، زۆر دەترسان، چونکە شێخ مەحموود لە ناوچەی کەرکووکیش لایەنگرێکی زۆری هەبوو، گرانییەکی زۆری هەبوو، لەبەر ئەوە نەیاندەویست کورد لە کەرکووکدا باڵادەست بێت، تورکمانیشیان دەویست، دەیانویست جۆرێک هەبێت کە سێ نەتەوە هەبێت، وە زۆریشیان پێ ناخۆش بوو کە بوترێ، بۆ نموونە لە کارمەندەکانی کۆمپانیای نەوت کە دروستیان کرد، دوایی ئەو شتەیان زۆر دەپاراست، ئێمە لە پەنجا و نۆدا، لە قوتابخانەیەک هەبوو خوێندکاری هەبوو لەوێ لە کۆمپانیای نەوت، لەیەم قوتابی بووم، دەمخوێند، سەیرم دەکرد زۆربەی کرێکارەکان کوردی تێدایە، بەڵێ، بەڵام زۆری عەرەبە، تورکمانیشی تێدایە، ئەوەیان زۆر بەلاوە گرنگ بوو کە بیپارێزن، ئەوەی کە سەرکەوت ئەو هێڵە باڵایەی گێرترود بێڵ و پێرسی کۆکس بوو کە دژی ئەوە بوون کە کورد باڵادەست بێت یاخود جۆرێک بێت، ئەوە رۆڵێکی زۆر گرنگی هەبوو.
 
رووداو: زۆر سوپاس.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە