رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێرەوە دەڵێت، "وێنە فراوانەکەی ئەو هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق میوانی هەڤپەیڤینێکی تایبەتیی شاهۆ ئەمینە، تێیدا باس لە تێڕوانینی وڵاتەکەی لەبارەی بارودۆخە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات.
باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق لەبارەی هێرشەکانی سەر هەولێر دەڵێت، "خەڵکی هەرێمی کوردستان لە شۆکی هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندان. هێرشەکە قورس بوو، بێباکانە و تەواو نادادپەروەرانە بوو. هێرشەکانی سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر هەوڵی کوشتنن و پەیام نین، وێنە فراوانەکەی ئەو هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە".
ئەو باڵیۆزە هەبوونی پلانێک دەخاتەڕوو بۆ تێکدانی ئارامیی هەرێمی کوردستان، "هەولێر بەشێکە لە پلانێک بۆ ئەوەی سەقامگیریی ئەو هەرێمە تێک بدرێت".
شەوی 15-1-2024 سوپای پاسدارانی ئێران بە 11 مووشەک هێرشی کردە سەر شاری هەولێر و زیاتر لە نیوەیان بە ماڵی سەرمایەداری کورد پێشڕەو دزەیی کەوتن، بەهۆیانەوە پشڕەو دزەیی، منداڵێکی و هاوڕێیەکی گیانیان لەدەستدا، بەپێی لێدوانی بەرگریی شارستانیی هەولێریش، چارەنووسی دایەنەکەی ژینە نادیارە تاوەکو پشتڕاست دەکرێتەوە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، هەروەها 17 کەسیش بریندار بوون.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق
بینەری رووداو، لە هەولێرەوە هاتوومەتە باڵیۆزخانەی بەریتانیا لە بەغدا، مەبەستمە دوای گەرماوگەرمی ئەو رووداوانەی بۆردوومانی هەولێر لەلایەن ئێرانەوە، لەگەڵ باڵیۆزی بەریتانیا ئەم گفتوگۆیە بکەم.
رووداو: ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا، خۆشحاڵم بە بینینت.
ستیڤن هیچن: منیش خۆشحاڵم.
رووداو: سوپاس.
ستیڤن هیچن: لە کاتێکدا من لێرەم، هێشتا خەڵکی هەرێمی کوردستان لە شۆکی هێرشە مووشەکییەکانی ئێراندان و، بە درێژایی رێگەکە لە هەولێرەوە بۆ ئێرە من و تیمەکەم باسی ئەم شۆکەمان دەکرد.
رووداو: دەمەوێت لێت بپرسم کە تەنیا دوای رۆژێک لە هێرشەکە، چی تۆی بردە هەولێر؟
ستیڤن هیچن: دوێنێ سەردانی هەولێرم کرد، لایەنێکی لەبەر ئەوە بوو ویستم لە مزگەوت سەرەخۆشیی خۆم دەرببڕم و کردم. لایەنێکیشی ئەوە بوو ویستم سەرکردایەتیی کوردستان ببینم تا لەم ساتە زۆر سەختەدا هاوسۆزیی خۆمان بۆ گەلی کورد دەرببڕین. هێرشەکە قورس بوو. بێباکانە و تەواو نادادپەروەرانە بوو. بۆیە هەستم کرد گرنگە کە لە ٢٤ کاژێری یەکەمدا بێمە هەولێر تا هاوسۆزی و هاوەڵێتیی بەریتانیا بۆ حکومەت و گەلی کورد دەرببڕم.
رووداو: تەنیا بۆ دەربڕینی هاوسۆزی بوو، یان زیاتر لەوە بوو؟
ستیڤن هیچن: لە سەردانێکی سەرەتاییدا لە 24 کاژێری یەکەمدا هەر ئەوە دەکەین. بە دڵنیاییەوە من وەک باڵیۆز هاتبووم کە ئەوەیش هێمای ئەو هاوسۆزییەیە. بە دڵنیاییەوە کە من وەک باڵیۆزێک دێمە ئەوێ، ئەوە هێمای ئەو هاوسۆزییەیە. بەڵام پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستاندا دوور و درێژ و قووڵن. گەلێک لایەنی هەیە، لە نێویاندا سەربازی و هاوکاریی تەناهی. بەڵام ئێمە لە 24 کاژێری یەکەمدا بە شتێکی نوێ وەڵام نادەینەوە، بەڵام ئەوەی ویستمان بیکەین ئەوە بوو بچینە ئەوێ و خەڵک ببینین و قسەیان لەگەڵ بکەین و سەرەخۆشیی خۆمان بۆ خێزانەکە دەرببڕین.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، تۆ چاوت بە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەوت. دەمەوێت لەبارەی گفتوگۆکەتانەوە بزانم. بە لاتەوە چۆن بوو؟
ستیڤن هیچن: من زۆر بەختەوەر بووم کە لەم چەند رۆژەدا دوو جار ئەوم بینیوە. لە بەغدا بینم، وا بزانم شەوی دووشەممە بوو. دوێنێیش جارێکی دیکە لە هەولێر بینیم. هەمیشە لە گفتوگۆ لەگەڵ سەرۆک نێچیرڤان بارزانیدا سوود وەردەگرم، هەر وەک چۆن سوودم لە گفتوگۆی سەرکردەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان وەرگرت کە دوێنێ بینیمن. دیارە ئێستا سەرۆکوەزیران لێرە نییە، بەڵام سەرۆک نێچیرڤان لەم هەرێمەدا ئەزموونێکی جوانی هەیە و هەر کاتێک دەیبینم، شتی زیاتر لەبارەی دۆخی کورد یان عێراق یان ناوچەکەوە دەزانم. بۆیە من سوود لەوە وەردەگرم.
رووداو: رۆڵی ئەو لە چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ململانێکانی نێوانیان هەولێر و بەغدادا چۆن دەبینیت.
ستیڤن هیچن: بە دڵنیاییەوە ئەو زۆر لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو سەرکردەکانی دیکەدا کار دەکات. پێموایە بەهرەیەکی زۆر باشی بۆ کردنی ئەو کارە هەیە. لەگەڵ مەسروور بارزانیی سەرۆکوەزیراندا پەیوەندی و ئەزموونێکی زۆر قووڵیان هەیە. دڵنیام پێکەوە بەهرەیان هەیە کە لە ناوخۆی کوردستان و لەگەڵ بەغدایش بگەنە چارەسەری دروست.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، حکومەتی بەریتانیا ساڵی 1991 رۆڵێکی گرنگ و گەورەی لە دروستکردنی هێڵی دژەفڕیندا گێڕاوە و هەروەها لە ململانێکانی ساڵانی نەوەدەکاندا نێوەندگیریی کردووە. پێشتر رۆڵی حکومەتی بەریتانیا زۆر لە ئێستا زیاتر بوو. بۆچی ئێستا حکومەتی بەریتانیا لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا وەک جاران نییە لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان رووبەڕووی گەلێک کێشە دەبێتەوە؟
ستیڤن هیچن: خۆی سرووشتی پەیوەندییەکانمان دەگۆڕێت، بەڵام هاوڕێیەتییەکەمان بە جێگیری دەمێنێتەوە. جا من لە شەش مانگی سەرەتامدا 11 بۆ 12 جار هاتووم بۆ هەرێمی کوردستان، کەواتە زۆر زووزوو دێم. ئێمە ئەو پەیوەندییە زۆر بە جددی وەردەگرین و، لە گفتوگۆکانمدا لە لەندەن لەگەڵ سیاسەتمەداران و بەرپرسانی باڵادا کورد زۆر لە نزیکەوە رەچاوی کورد دەکەین. هەروەها دەڵێم کە باشترە زۆر کاری دیپلۆماسی بە نهێنی بکرێت تا بە ئاشکرا. بۆیە ئێوە هەموو ئەو شتانە نابینن کە دەیانکەین، چونکە ئەوە سرووشتی پەیوەندییەکانی حکومەتە. پێموایە سرووشتی پەیوەندییەکە دەگۆڕێت. بۆیە وەک گوتت، ئەگەر بگەڕێیتەوە بۆ 1990 و 1991، بەریتانیا لەگەڵ ئەمریکادا پشکی گەورەی لە دروستکردنی هێڵی دژەفڕیندا هەبوو. ئێوە لەو کاتەدا لەلایەن حکومەتەکەتانەوە رووبەڕووی جینۆساید دەبوونەوە. جا پێموایە هەموو شتەکانی دواتر بە راستی لەو ساتە بە دواوە دەستیان پێکرد.
ئاشکرایە کە هێرشی 2003 پێگەی ئێوەی بەهێز کرد تا بتوانن خۆتان بپارێزن و لەناو کوردستانی عێراقدا گەشە بە حکومەت بدەن کە بەرژەوەندییەکانی گەلی کورد رەچاو بکات. ئینجا 2014یش لە سەردەمی داعشدا گەڕاینەوە.
پێموایە ئێستا گژنێیەکان جودان و دۆخی ئێوەیش جودایە. لەگەڵ ئەوەیشدا هاوڕێیەتییەکەمان وەک خۆیەتی، بەڵام بە شێوەیەکی جودا پیشانی دەدەین. ئێمە هاوکاریی تەکنیکی پێشکەشی حکومەتەکەتان و هاوڕێکانمان لە هەولێر دەکەین، هەر بەو جۆرەی لە بەغدا دەیکەین. بەڵام ئەوەی هەوڵی بۆ دەدەین ئەوەیە وا لە گەلی کورد بکەین لەسەر پێی خۆی رابوەستێت و ئیتر ئێمە وەک 1990 و 2003 و 2014 نەگەڕێینەوە. دەمانەوێت گەلی کورد و خەڵكی عێراق بە گشتی بتوانن لەو رێیەدا بەبێ یارمەتیی رۆژئاوا بدرەوشێنەوە. کەواتە ئەوەی دەیکەین هاوکارییەکی زۆر زۆرە بە شێوەی تەکنیکی لە پشتی پەردەوە نەک دەستتێوەردانی گەورەی سەربازی.
رووداو: بەپێی روونکردنەوەکانت یان وەڵامەکانت، ئێوە یارمەتیی گەلی کوردتان داوە کە لەسەر پێی خۆی بوەستێت، بەڵام پێت وایە ئێستا ئەوان لە دۆخێکی باشدان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەهێزی لەسەر پێیەکانی دەوەستێت؟
ستیڤن هیچن: پێموایە هێشتا رووبەڕووی زۆر گرفت دەبنەوە. ئەوە ئاشکرایە و من بەو گرفتانە رازی و بێهەڵوێست نیم. بەڵام ئەگەر دۆخی 1990 بەوەی ئێستا بەراورد بکەیت ... بە دڵنیاییەوە ئێستا بێکەموکوڕی نییە و گەلێک گرفتتان هەیە ... بەڵام لە چاو ئەوانەی لەو سەردەمەدا رووبەڕووتان دەبوونەوە، ئێستا زیاتر گرفتی سیاسی و ئابوورین. خۆی من نامەوێت لە گرفتەکانی ئێستا کەم بکەمەوە، بەڵام پێموایە رێڕەوێکی ئەرێنی بۆ هەرێمی کوردستان و بە دڵنییایەوە تەوای عێراقیش هەیە.
رووداو: فڕۆکەخانەی هەولێر بەردەوام لەلایەن میلیشیاکانی ناو عێراقەوە، کە خۆیانیان ناو ناوە بەرگریی ئیسلامی یان مقاوەمەی ئیسلامی، دەکرێتە ئامانج. ئەمە چۆن دەبینیت؟
ستیڤن هیچن: ئەو هێرشانە بێپاساون. ئینجا ئێوە لە هەرێمی کوردستان رووبەڕووی هێرشی جۆراوجۆر بوونەتەوە و پێموایە سێ جۆری جیاوازن. هێرشی مووشەکی ئەوەی دوو شەو لەمەو بەر، هێرشی بەردەوام بۆ سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر کە هاوپەیمانانی لێیە و هەروەها هێرشیش کراوەتە سەر پێشمەرگە. ئاشکرایە هەڕەشەیەکی هاوبەش لە پشتی ئەو هێرشانەوەن. هێرشەکانی سەر بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر بە تەواوەتی بێپاساون. ئێمە وەک میوانی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی کورد بۆ شەڕی داعش لێرەین. دەتوانین بێین و لە کاتێکدا باسی کۆتاییهێنان بەو ئەرکە بکەین، بەڵام ئێمە میوانی حکومەتی عێراق و دەسەڵاتدارانی کوردین و 10 ساڵە یارمەتیتان دەدەین. بۆیە ئەو هێرشانە بێپاساون. خۆشبەختانە لە بنکەی سەربازیی هاوپەیمانان لە هەولێر نەبوونەتە مایەی کوژرانی هیچ کەسێک، بەڵام دەبێت بە جددی وەریانبگرین؛ ئەوانە هەوڵی جددیی کوشتنن. پەیام نین. بێزارکردن نین. تۆ بە 25 کیلۆگرام تەقەمەنیی بەهێزەوە پەیام نانێریت. ئەوە هەوڵی جددیی کوشتنی خەڵکە و دەبێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین. جا پێیشم وایە وێنە فراوانەکەی ئەو هێرشانە بۆ تێکدانی سەقامگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. هەولێریش بەشێکە لە پلانێک بۆ ئەوەی سەقامگیریی ئەو هەرێمە تێک بدرێت و بۆ ئەوەی گژنێی ئێمەیش بکرێت وەک هاوڕێی ئێوە.
رووداو: باشە. ئایا پێت وایە رێکار هەبن کە بتوانرێت بۆ سنووردارکردنی هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بگیردرێنە بەر؟ چین؟
ستیڤن هیچن: پێموایە شتێکی ستراتیجی و شتێکی تەکتیکی هەن. ئاستە تەکتیکییەکە ئەوەیە کە ئاشکرایە هاوپەیمانان بۆ پاراستنی خۆیان رێکار دەگرنە بەر. دەکرێت بە مەتەرێزی بەرزی فەردە خۆڵ بێت، دەکرێت بە تەگبیری تەکنیکیی دژ بەم هێرشانە بێت. هەروەها لەم ناوچەیەدا وێنەیەکی فراوانتر هەیە کە هەوڵ دەدات ئەم گرژییانە نەهێڵێت. ئێمەیش وەک دیپلۆمات ئامانجی سەرەکیمان خاوکردنەوەی گرژییەکانە لە ناوچەکەدا، ئەمەیش یەکێکە لەوانە.
رووداو: ئەم هێرشانە بۆ سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر چ مەترسییەک بۆ سەر هێزەکانتان دروست دەکەن؟
ستیڤن هیچن: مەترسیی راستەقینە. ئەمانە بۆمبی راستەقینەنە کە دەتەقێنرێن. لە شەوێکەوە بۆ شەوێکی دیکە دەگۆڕدرێن، بەڵام ئەو مووشەکانە و ئەو درۆنانە بڕێکی زۆر تەقەمەنیی بەهێزیان هەڵگرتووە. بۆیە هەموو شەوێک مەترسیی راستەقینە لەسەر سەربازەکانمان لەوێ و هاوڕێیانمان لە هاوپەیمان دروست دەکەن.
رووداو: دەکرێت پێم بڵێت ئێستا چەند سەربازتان لە هەولێرن؟
ستیڤن هیچن: ئەو ژمارەیە رۆژانە دەگۆڕێت، ئەگەر ئەمڕۆ ژمارەیەکت بدەمێ، رەنگە سبەینێ جودا بێت ...
رووداو: ژمارەی ئەمڕۆم بەرێ.
ستیڤن هیچن: ... چەند سەدێکن.
رووداو: ئەیە رۆڵیان لەوێ چییە؟
ستیڤن هیچن: گەلێک ئەرکیان هەیە کە دەیکەن. ئەوان بەشێکن لە ئەرکی دژ بە داعش کە هۆکاری لەوێبوونیان ئەوەیە. لەوێن بۆ ئەوەی مەشق بدەنەوە و هاوکاری بکەن. گەلێک رۆڵیان هەیە. باشترە کە لەسەر تەلەڤزیۆن نەچمە وردەکاریی هەموو ئەو شتانەوەی ئەوان دەیکەن. بەڵام هەمووی بە هاوئاهەنگییە لەگەڵ هاوپەیمانان و دەسەڵاتی کوردی و حکومەتی عێراقدا.
رووداو: جارێکی دیکە دەچمەوە سەر هێرشەکانی سەر فڕۆکەخانەی هەولێر یان شوێنەکانی دیکەی کوردستان، مەبەستم ئەو هێرشانەیە کە هاوپەیمانان دەکەن ئامانج. ئایا پێت وایە کە ئەم هێرشانە مەترسیی راستەقینە بۆ هێزە جیهانییە تەناهییەکان دروست بکەن یان وایان لێ بکەن کە هەست بە ئاسوودەیی نەکەن کە بێن بۆ هەرێمی کوردستان؟
ستیڤن هیچن: نا، من ئەوەندە دوور ناڕۆم. ئەوە 10 ساڵە لەم ئەرکەداین. دژ بە داعش زۆر باش بەرەو پێش چووین. نامانەوێت هەڵەکانی 10 ساڵ لەمەو پێش بکەین کە عێراقمان جێ هێشت کە کێشەی داعش سەری هەڵدا. دەمانەوێت ئەرکەکەمان تەواو بکەین و دوای هاوپەیمانییش لە داهاتوودا پەیوەندی هەبێت. هیچ کاممان نامانەوێت کە هاوپەیمانی ببێتە سیمایەکی هەمیشەیی، بەڵام دەمانەوێت لە هەندێک خاڵدا بیگۆڕین بۆ پەیوەندیی بەهێزی هاوبەشی تەناهی لەناو عێراقدا، چونکە کێشەی داعش ناڕەوێتەوە و ئێوە بۆ ماوەیەکی درێژ لە ناوچەکەدا بە سەختی دەژین. بۆیە کۆتاییهاتنی هاوپەیمانان مانای کۆتاییهاتنی پەیوەندییە تەناهییەکانمان نییە. زیرەکییەکە ئەوەیە کە چۆن لە شتێکەوە بیگۆڕین بۆ شتێکی دیکە.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، لەو کاتەوەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستی پێ کردووە، ئەم هێرشانە بۆ سەر هەرێمی کوردستان زیاد بوون. ئایا پێت وایە گرووپە میلیشیاییەکان هەوڵ بدەن عێراق رابکێشنە نێو ململانێی حەماس و ئیسرائیل؟
ستیڤن هیچن: نازانم ئەگەر ئامانجیان ئەوە بێت. بەڵام رەنگە ئەوە ئەنجامەکەی بێت کە بکەونە ناو ململانێیەکی نێودەوڵەتی و پڕکێشییەکی راستەقینەیە ئەگەر هەر کارێک دژی ئیسرائیل بکەن، چونکە ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە. ئەو کاتە ئێوە لە دۆخێکی سەختدا دەبن. جا ئەگەر ئەوە پلانیان بێت یان نا، نازانم، بەڵام ئمە یەکێک لە پڕکێشییەکانی ئەوەی ئەوان میلیشیان و لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراقدان ئەوەیە حکومەت ئەو بڕیارە لە دەست دەدات کە ئاخۆ ئێوە لە شەڕدان یان نا.
رووداو: باشە. دەمەوێت لەبارەی داعش و عێراق و هەرێمی کوردستانەوە قسە بکەین. ئایا هێشتا داعش لە رووی کردەییەوە لە عێراق و کوردستان چالاکە؟ لە کاتێکدا حکومەتی عێراق دەڵێت: "نەخێر، تەواو لاوازن و بە پێچەوانەوە وەک پێشتر مەترسی نین." ئایا پێت وایە هێشتا داعش هەڕەشەیەکی گەورە بێت لەسەر عیراق و هەرێمی کوردستان؟
ستیڤن هیچن: پێموایە هەڕەشەی راستەقینەیە. وا نازانم هەڕەشەیەکی وجوودی بێت. 10 ساڵ لەمەو پێش هەڕەشە بوو لەسەر حکومەت و دەیتوانی لە بەغدا حکومەت لەناو ببات، دەیتوانی لە هەولێر حکومەت لەناو ببات، کە ئەوە هۆکاری خۆهەڵقورتاندنمان بوو. ئێستا دۆخەکە وا نییە. خەڵکی عێراق و پێشمەرگە بۆ ئەوەی لە رووی سەربازییەەوە داعش بشکێنن قوربانیی گەورەیان دا، بەڵام ئەوان هێشتا سەرچاوەی هێزیان هەیە لە دوو شوێن: یەکەمیان لەناو سووریایە کە لەسەر سنووری ئێوەیە. حکومەتی سووریا دەسەڵاتی بەسەر هەموودا سووریادا ناشکێت. بە شێوەیەکی سەربازی لەگەڵ هێزی ئاسمانیی رووسیادا کۆنترۆڵی دەکات، بەڵام لە ناوەوە بەڕێوەی نابات. ئەوەیش خزمەت ناکات، هەر بۆیە شوێن هەیە کە داعش دەتوانێت تێیدا بۆ هێرشکردنە سەرتان خۆی رێک بخات. ئێستا ئەوان قووڵایی ستراتیجییانەیان هەیە. گرفتی دووەم لەناو عێراقدایە. هێشتا شوێن هەن کە لە ناوچە کێشەلەسەرەکاندان کە دەتوانن خۆیانیان تێدا رێک بخەن. پێموایە گژنێیە درێژخایەنەکە ئابوورییانە و گەشەی کۆمەڵایەتییە، چونکە داعش لەو شوێنانەدا گەشە دەکات کە خەڵک پەراوێز دەخرێن و دەرفەتیان نییە. بۆیە بەهێزترین ئامڕازی بەرەنگاربوونەوەی داعش سەربازییانە یان تەناهییانە نییە، بەڵکو ئابووری و کۆمەڵایەتییە.
رووداو: دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت کە فەرمانبەران مووچەیان نادرێتێ و هەناردەکردنی نەوت راگیراوە و هێشتا گەلێک قوتابخانە لە سلێمانی و هەڵەبجە و چەند شوێنێکی کوردستان داخراون و، حکومەتی عێراقیش بەشە بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان نادات؟ جا ئەمانە هەموویان گەلێک گرفتی ئابوورییان بە دوای خۆیاندا هێناوە.
ستیڤن هیچن: دۆخی ئێوە زۆر سەختە و هاوسۆزی خەڵکی کوردم. دۆخەکە قورسە و بە کەمی نازانم. چوارپێنج مانگ لەمەو پێش لە بارەی مووچەوە راگەیێندراوێکم بۆ رای گشتی بڵاو کردەوە و گوتم هیوادارین ئەمە خێرا چارەسەر بکرێت و هەر فەرمانبەرێک بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەی لە چ شوێنێکی عێراقە، لە کۆتایی مانگدا شایانی وەرگرتنی مووچەیە. من خۆم لە کۆتایی مانگدا چاوەڕێی مووچەکەم دەکەم و هەر کەسێکیش کە کار بۆ حکومەت دەکات وایە. لەسەر ئەوە گەلێک رەخنەم لێ گیردرا، پێیان وا بوو خۆهەڵقورتاندنە. من ئەو قسەیەم بۆیە کرد، چونکە فەرمانبەرانی حکومەت مووچەیان نەدرێتێ، ئەوا دواجار مەترسیی لەسەر سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت. بە لای منەوە ئەوە گرفتێکی جددییە. جا کاتێک پرسیار دێتە سەر سەقامگیری، پێموایە لە دوای مێژوویەکی نزیکەوە ئێمە لەم وڵاتەدا بەرژەوەندیمان هەیە، هەر بۆیە ئەو راگەیێنراوەم بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە. پێموایە لەم چەند رۆژەی دواییدا هەنگاوی بۆ نراوە. هیوادارم بتوانین بۆ ئەو ژێشەیە بگەینە چارەسەرێکی هەمیشەیی.
رووداو: تا ئێستا دوو جار هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دوو جار دوا خراوە، بڕیار بوو 25ی شوبات بکرێت، بەڵام جارێکی دیکە دوا خرا. پرسیارەکەم ئەوەیە، هەڵسەنگاندنی ئێوە بۆ دیموکراسیی دەوڵەت و لایەنی دامەزراوەیی هەرێمی کوردستان چییە؟
ستیڤن هیچن: ئێمە دەمانەوێت هەرچی زووترە ئەو هەڵبژاردنە بکرێت. ئێمە دەزانین کە دۆخی بەریتانیا و هەریمی کوردستان جودان. ئێوە دیموکراسییەکی تازەتان هەیە و ئێمە دیموکراسییەکی زۆر دێرینمان هەیە. بۆیە ئێوە رووبەڕووی زۆر قەیران بوونەتەوە کە هاتوونەتە رێی هەڵبژاردنەکان و ئاڵۆزیی جۆراوجۆر لەسەر هەڵبژاردن هەبووە. بەڵام دیموکراسییەکی تازە دەبێت لەسەر ئەو رێی هەڵبژاردنە بەردەوام بێت. ناکرێت شتێکی ئاوارتە بێت، دەبێت شتێکی هەمیشەیی رۆتینی بێت. بۆیە هیوادارین هەرچی زووترە ببینین ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت.
ئێمە لە ئاڵۆزییەکان دەگەین. پێموایە بەبێ هەڵبژاردن هەمیشە گومان لەسەر رەوایەتیی حکومەت دەبێت. ئێستا دڵنیام خەڵکی کورد هێشتا حکومەت بە رەوا دەزانن، بەڵام بە هەڵبژاردن ئەوە بۆ هەمووان تازە دەبێتەوە.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، لە بارەی هێزەکانی پێشمەرگەوە، حکومەتی بەریتانیا چالاکانە خەریکی رێکخستنەوەیانە تا یەکیان بخات. پرۆسەکە چۆن دەبینیت؟ ئایا بە پرۆسەکە دڵخۆشیت یان نا؟
ستیڤن هیچن: دەڵێم ئەوە وێنەیەکی تێکەڵە. بەرنامەیەکی چوار ساڵە هەبوو، پرۆسەکە لە یەکەم ساڵەوە تێکەڵ بووە. ئێمە خۆشحاڵ بووین کە شۆڕش ئیسماعیلی وەزیر گەڕایەوە بۆ وەزارەت. دیارە ئەوە پێشکەوتنێکە. وا هەست دەکەم پێشمەرگە گرنگتر لە هێزێکی سەربازییە. پێشمەرگە هێمای گەلی کوردە. دەکرێت ببێتە هێمای یەکگرتوویی گەلی کورد. ئێمە زۆر پشتیوانیی یەکگرتنەوەی هێزەکانی 70 و 80 دەکەین و دەمانەوێت لە داهاتوودا ئەوە ببینین. پرۆسەکە خاو بووەتەوە. پێموایە ئێستا لە شوێنێکی باشترداین. هەموومان هیوادارین لە ساڵانی دواتردا خێرا ببێت، رێک بەو جۆرەی کە هیوادارین پلەیەکی بەرزتری یەکگرتوویی لەنێوان حیزبەکانی هەرێمی کوردستاندا ببینین.
رووداو: دوای سەردانی وەزیری ئاسایشی بەریتانیا بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ گفتوگۆی کێشەکانی قاچاخچێتیی ماددە هۆشبەرەکان و قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە بۆ بەریتانیا، ئێستا ئەنجامەکانی ئەو سەردانە چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ستیڤن هیچن: زۆر باشە. وەزیر تووگنهات کە هات لەگەڵ بەڕێز رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆدا لێکتێگەیشتنێکیان واژۆ کرد، ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو بۆ ئێمە. ئێمە دەمانەوێت بە هاوکاریی راستەقینە و بەهێز بەردەوام بین. لێکتێگەیشتن بەس نییە. ئەمە پەیوەندیی بە کاری راستەقینەوە هەیە. ئێوە رووبەڕووی کێشەی تازە دەبنەوە کە ماددەی هۆشبەرە لە کۆمەڵگەکەتاندا، بەڵام ئەوە بۆ ئێمە کێشەیەکی کۆنە. جا هیوادارم ئێوە لە ئەزم و هەڵەکانی ئێمەوە فێر ببن. ئاشکرایە بە درێژایی ساڵان لە چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکاندا هەڵەمان کردووە و، هیوادارم دەسەڵاتدارانی کورد لە ئەزموونەکانمانەوە فێر ببن، بە ئەرێنی و نەرێنییانەوە.
هەروەها لە بارەی قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە، ئەوە شتێکە کە بە وردی کاری لەسەر دەکەین. ئەوە شتێکی ناخۆشە کە وا لە خەڵک بکەیت پارەت بدەنێ و لە بەرامەبەردا بەڵێنی ژیانێکی باشتریان بدەیتێ، بەڵام لەو رێگەیەدا ناپاکییان لێ بکەیت. ئەوە شتێکە کا ری لەسەر دەکەین.
رووداو: بەڕیز باڵیۆز، ژمارەیەکی بەرچاو گەنجی عێراقی و کورد ساڵانە و مانگانە یان هەفتانە بە قاچاخ دەچنە بەریتانیا. داهاتووی ئەم خەڵکانە لە بەریتانیا چی دەبێت؟
ستیڤن هیچن: سوپاس کە ئەم پرسیارەت لێ کردم. حەز دەکەم بە هەموو ئەو کەسانە بڵێم کە سەیری ئەم هەڤپەیڤینە دەکەن و دەیانەوێت پارە بە قاچاخچی بدەن، نابێت باوەڕ بەوە بکەن کە پێیان دەگوترێت. پارەیەکی زۆر دەدەن لە پێناو ئەوەی بە قاچاخ ببرێنە شوێنێک و، زۆر کەسیش دەرناچن. زۆر کەس ناگەنە جێ. لەلایەن قاچاخچییەکانەوە ناپاکییان لێ دەکرێت. رێگەیەکی مەترسیدارە. زۆر کەس لەو رێیەدا دەمرن. زۆر کەس خنکاون. ئەو قاچاخچییانە خەڵک دەقۆزنەوە و بەڵێنی درۆیان دەدەنێ و، ئەو گەنجانەی خەون بە شتێکی باشترەوە دەبینن پێی ناگەن. بەو کەسانەی بیر لەوە دەکەنەوە دەڵێم: ئەوە نەکەن. لە ماوەی جیاوازدا خەڵکێکی زۆر کورد هاتوون و ئێستا کۆمەڵگەیەکی گەورەی کورد لە بەریتانیا هەیە کە زۆربەیان هیی ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکانن و مافی پەنابەرێتییان وەرگرتووە، چونکە لەلایەن سەدامەوە جینۆسایدیان بەرامبەر کراوە و بە شێوەی باوەڕپێنەکراو چەوسێنراونەتەوە. من ناڵێم ئێستا لە هەرێمی کوردستان یان عێراق هەموو شتێک بێکەموکوڕییە، بەڵام زۆر لە هەشتاکان و نەوەدەکان جیاوازە کە خەڵک جینۆساید دەکران.
رووداو: ئەی پلانەکە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پەناخوازانەوە چییە؟ ئایا داواتان لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کە کە بیانگەڕێننەوە؟
ستیڤن هیچن: ناچمە وردەکاریی ئەمەیانەوە، چونکە ئێمە لەسەر ئەم بابەتە لە نزیکەوە هاوکاری دەکەین و لەگەڵ هەولێر و بەغدادا لە گفتوگۆی بەردەوامداین.
رووداو: ئەی وەڵامەکەی؟
ستیڤن هیچن: پێموایە دەبێت لەوان بپرسیت. ئێمە لەگەڵ ئەواندا لە گفتوگۆداین. ئەرێنییە، بەڵام نامەوێت نامەوێت بچمە وردەکارییەوە.
رووداو: هەر زۆر باشە. ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، زۆر سوپاس.
ستیڤن هیچن: سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ