دەیڤد ئەندەرسن: لەوانەیە کوردستان ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو جیهان لە پێکەوەژیاندا

28-04-2025
دەیڤد ئەندەرسن، قەشەی نێوداری ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو.
دەیڤد ئەندەرسن، قەشەی نێوداری ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەیڤد ئەندەرسن، قەشەی نێوداری ئەمریکا، لە یەکەم سەردانیدا بۆ هەرێمی کوردستان، سەرسامی خۆی بە ئاستی ئاسایش، میواندۆستی و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاوازەکان دەربڕی.
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، کە پێشکیشکار نوێنەر فاتیح لەگەڵی کردووە، ئەندەرسن ئاماژەی بەوەدا کە "ئاسایش، میواندۆستی و تەبایی" ئەو سێ وشەیەن، کە یەکسەر هاتوونەتە مێشکیەوە لە وەسفی کوردستاندا. گوتیشی، تێبینی کردووە کە کوردبوون و رێزگرتنی یەکتر لە سەرووی جیاوازییە ئایینییەکانەوەیە، بێ ئەوەی هیچ لایەنێک ناچار بێت واز لە باوەڕی خۆی بهێنێت.
 
ئەندەرسن، کە بۆ بەشداریکردن لە نوێژی نزای نیشتمانی هاتبوو، چەمکی "گرەیسیزم" (بەزەییبەخشینەوە)ی خۆی وەک چارەسەرێک بۆ دابەشبوونی جیهانی خستەڕوو، جەختیشی کردەوە کە کوردستان دەتوانێت ببێتە نموونەیەکی گرنگ بۆ جیهان لە پێکەوەژیاندا.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: ئەمە یەکەم جارتە لێرەیت و پێموایە ئەمڕۆ چاوت بە زۆر کەس کەوت، موسڵمان، مەسیحی، ئایینەکانی دیکە و سەرکردە سیاسییەکانیش. وەک یەکەم سەردانت بۆ هەرێمی کوردستان، پێش هاتنت چۆن بیرت دەکردەوە و ئێستا چۆن دەیبینیت؟
 
دەیڤد ئەندەرسن: پێشتر زانیاریم زۆر کەم بوو و نیگەران بووم لەوەی ئایا وەک ئەوەیە کە بیری لێدەکەمەوە، بەڵام زۆر دڵخۆشم بە یەکڕیزی، ئاسایش و ئارامی و میواندۆستیی خەڵکەکەی. ئەم سێ وشەیە یەکسەر دێنە مێشکمەوە: ئاسایش و ئارامی، میواندۆستی و تەباییی نێوان هەموو پێکهاتە جیاوازەکان.
 
رووداو: وەک قەشەیەک، پێموایە سەردانی شارەکەت کرد و چاوت بە قەشەکانی ئێرە کەوت. بارودۆخی کۆمەڵگەی کریستیانەکان لێرە چۆن دەبینیت؟
 
دەیڤد ئەندەرسن: حەز دەکەم زیاتر لەگەڵ کۆمەڵگەی کریستیان تێکەڵ بم. بەڵام ئەوەی تێیگەیشتووم، بیرۆکەیەک هەیە کە دەڵێت جا کریستیان بین یان موسڵمان یان هەر ئایینێکی دیکە، کوردبوون و یەکڕیزیی باوەڕ و رێزگرتنی یەکدی شتە باڵادەستەکەیە. هەروەها تێبینیم کرد کە بابەتەکە تێکەڵکردنی هەموو شتێک نییە و ناچار نییت واز لە باوەڕ و هەستی خۆت بهێنیت. وادیارە رێز لە گەشەکردنی باوەڕ و رێبازی تایبەتیی هەرکەس دەگیردرێت و هاوکات رێز لە ئەوانی دیکەیش دەگیردرێت و هەوڵ دەدرێت پردی پێکەوەژیان دروست بکرێت.
 
رووداو: ئێوە هەمووتان لەم رۆژانەدا شانبەشانی موسڵمانان، ئێزیدییەکان و کریستیانەکان نوێژ دەکەن. ئەم جۆرە رووداوانە چەند گرنگن بۆ پێکەوەژیان؟
 
دەیڤد ئەندەرسن: زۆر گرنگە خەڵکی باوەڕە جیاوازەکان و ئایینە جۆراوجۆرەکان پێکەوە بژین. هەر ئێستا خولەکێک بە بێدەنگی نزامان کرد بۆ پاپا کە کۆچی دوایی کردووە، کاردیناڵی کاسۆلیک پێشەنگی نزاکەی دەکرد لەکاتێکدا سەرۆکوەزیران، سەرۆک و سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان لەوێ دانیشتبوون. کاردیناڵێکی کاسۆلیک نوێژی دەکرد، ئەمەش نیشانی دەدات، کە یەکڕیزیی باوەڕ لە رێگەی پەیوەندیی ئاشتییەوە چەندە گرنگە.
 
رووداو: جیهان لە چەند ساڵی رابردوودا بەرەو دابەشبوونی زیاتر دەڕوات. دابەشبوون لە هەموو وڵاتان دەردەکەوێت. ئێستا پێویستمان بە چ دەنگێکە و خەڵک دەبێت سەرنج بخەنە سەر چی، بەتایبەت لە کۆمەڵگەیەکی وەک ئەوەی ئێمەدا؟
 
دەیڤد ئەندەرسن: زۆر گرنگە تێگەیشتن لە چەمکێک کە من پێی دەڵێم "گرەیسیزم" (بەزەییبەخشینەوە). بەزەییبەخشینەوە. نەژادپەرستی شتێکی خراپە کە خەڵک لەسەر بنەمای نەژاد، فەرهەنگ یان چینایەتی دابەش دەکات و بە شێوەیەکی نەرێنی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. بەڵام "بەزەیی" واتە بەخشینی چاکە بە خەڵک، جا شایەنی بن یان نا، بتوانن قەرەبووی بکەنەوە یان نا. چەمکی "بەزەییبەخشینەوە" کە من داومهێناوە، مانای بەخشینی چاکەیە بە خەڵکی دیکە، بەبێ گوێدانە رەنگ، پلەی کۆمەڵایەتی، بیروباوەڕ و ئایینیان. بۆیە من ئەم پێڵاوانە لە پێ دەکەم تا لە کاتی رۆیشتندا بیرم بخەنەوە، کە چاکە ببەخشم بە خەڵک تەنانەت ئەگەر لە من جیاواز بن.
 
کاتێک دابەشبوون و جیاوازی هەیە، دەبێت هەوڵ بدەین پردی تێگەیشتن و چاکە دروست بکەین، تەنانەت ئەگەر هاوڕاش نەبین. لە هەر شوێنێک دابەشبوون هەبێت، ئێمە حەز دەکەین مێزێک دابنێین و گفتوگۆ بکەین، چونکە باوەڕمان وایە تێگەیشتن لە گفتوگۆوە دەست پێدەکات.
 
رووداو: وا دیارە لەم رۆژانەدا گفتوگۆکردن بۆ هەندێک کەس قورسە. جاران خەڵک پێش ئەوەی ناکۆک بن قسەیان دەکرد، بەڵام ئێستا ناکۆکن و قسەش ناکەن. بۆچی پێتوایە ئەمە لە هەموو جیهاندا روودەدات؟ چیمان کەمە؟
 
دەیڤد ئەندەرسن: ئەم جۆرە گفتوگۆیانەمان کەمە لەبەر بەشەیتانیکردنی یەکدی. ئەگەر من تۆ بە شەیتان بزانم لەبەر ئەو دووریەی نێوانمان، ئەوا نامەوێت قسەت لەگەڵ بکەم. پەندێکی ئەفریقیی کۆن هەیە دەڵێت: "لە دوورەوە وام زانی دێوە، کە نزیکتر بوومەوە وام زانی ئاژەڵە، کە زیاتر نزیک بوومەوە تێگەیشتم مرۆڤە، کاتێک ڕووبەڕوو یەکمان بینی، زانیم براکەمە." دووری شەیتانمان لێ دروست دەکات. ئەو خەڵکەی دوورن دەبن بە دێو و دڕندە، بەڵام کاتێک رووبەڕوو یەک دەبینین و وەک ئێستای ئێمە گفتوگۆ دەکەین، ئیدی دێو نین، بەڵکو کوڕی کەسێکن، کە روانگەیەکی جیاوازیان هەیە. لەوانەیە هاوڕای ئەو روانگەیە نەبم، بەڵام هەر هیچ نەبێ دەتوانم مرۆڤایەتی لە تۆدا ببینم.
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەبارەی ئەوەی کە لێرەیت. چۆن بڕیارت دا بەشداری لەم نوێژە نیشتمانییەدا بکەیت؟
 
دەیڤد ئەندەرسن: دەبوو بیر لەوە بکەمەوە ئایا کات و پارە و وزەی خۆم تەرخان بکەم بۆ هاتن یان نا. بەڵام لەبەر ئەوەی دەمویست بەشێک بم لە چارەسەر، دەمویست پشتگیریی یەکڕیزی بکەم و دەمویست فێربم و گەشە بکەم و بەشداری بکەم، بڕیاری هاتنم دا. زۆر دڵخۆشم بەم بڕیارە لەبەر چەند هۆیەک: یەکەم، چونکە زۆر شت فێر دەبم و سوود وەردەگرم. دووەم، دەرفەتم پێدەدات بەشداری بکەم و پەیامی "بەزەییبەخشینەوە" بڵاو بکەمەوە. سێیەم، دەتوانم بۆ سەرتاسەری جیهان باسی بکەم کە کوردستان شوێنی ئاشتییە و خەڵکی جیاواز دەتوانن پێکەوە بژین، کاربکەن و بە تەبایی ژیان بەسەر ببەن. لەوانەیە ئەمە ببێتە نموونەیەک بۆ هەموو جیهان.
 
رووداو: دکتۆر دەیڤد ئەندەرسن، دیسان بەخێربێیت بۆ کوردستان. دڵخۆشین بە بوونت. هیوادارم لەم چەند رۆژەی داهاتوودا سەردانی شوێنە جیاوازەکان و شوێنە ئایینییەکان بکەیت. 
 
دەیڤد ئەندەرسن: نەمدەزانی قەڵا هەیە تا تۆ پێت نەگوتم. کۆنترین شاری جیهانە. 
 
رووداو: بەڵێ، چوویت بۆ ئەوێ. 
 
دەیڤد ئەندەرسن: بەڵێ، چووم. دەبینی، دڵخۆشم کە هاتم.
 
رووداو: تۆ لە میزۆپۆتامیایت. شارستانیەتی ئەمڕۆمان لێرەوە دەستی پێکردووە. هەموو چیرۆکەکان لێرەوە دەست پێدەکەن. دڵنیام زۆر شت دەبینیت و هیوادارم چێژی لێ ببینیت.
 
دەیڤد ئەندەرسن: ئەمە دوا جارم نابێت. 
 
رووداو: دیسان بەخێربێیت.
 
دەیڤد ئەندەرسن: زۆر سوپاس.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

مارڵ ستەتزمان، کۆنگرێسمانی ئەمریکا

کۆنگرێسمانێکی ئەمریکا:سەرۆک ترەمپ کوردی خۆش دەوێت و دەیەوێت بەردەوام بێت لە بایەخدان بەوان

لە کاتێکدا سووریا لە لووتکەی وەرچەرخانێکی مێژوویی و تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ بنیاتنانەوەی دواڕۆژی خۆی، تۆڕی میدیایی رووداو هەڤپەیڤینێکی تایبەت و هەمەلایەن لەگەڵ مارڵن ستەتزمان، ئەندامی کۆنگرێسی ئەمریکا ئەنجام دەدات، ئەم دیدارە لە کاتێکی زۆر هەستیاردا دێت، تێیدا ناوەندەکانی بڕیار لە واشنتن بە وردی چاودێریی جموجووڵەکانی دەسەڵاتی نوێ لە دیمەشق و چارەنووسی پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەکەن.