چالاکڤانێکی مافی مرۆڤ لە تەرتووس: لە ڤیدیۆکاندا بە ئاشکرا دیارە تەقە لە عەلەوییەکان دەکرێت

20 خولەک له‌مه‌وپێش
حەسان ئەحمەد، میوانی بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو
حەسان ئەحمەد، میوانی بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چالاکڤانێکی مافی مرۆڤ لە تەرتووس دەڵێت: "خۆپیشاندانەکانی رۆژی یەکشەممەی بەشێک لە شارەکانی سووریا، وەڵامی بانگەوازەکەی سەماحەتی شێخ غەزال غەزال بووە" و گوتیشی: "لە ڤیدیۆکاندا بە ئاشکرا دیارە کە چەکدارانی سەر بە دەسەڵاتی سووریا تەقە لە خۆپیشاندەران دەکەن."
 
حەسان ئەحمەد، میوانی بووڵتەنی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، لەبارەی رووداوەکانی سووریاوە قسەی کرد و گوتی: " تائێستا کوژرانی دوو کەس لە لازقیە پشتڕاست کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا لەبارە خراپیی رەوشەکە نەمانتوانیوە هەموو هەواڵەکان لەوبارەوە پشتڕاست بکەینەوە."
 
حەسان ئەحمەد گوتی: "هەواڵی بەپەلە لە هەموو شارەکانەوە دێن، پێویستمان بە کاتە بۆ ئەوەی لێیان دڵنیابینەوە و بە وردی ژمارەی قوربانییان بزانین. زیانێکی زۆری مادی هەبوون، زۆر هێرش لەلایەن دەسەڵاتەوە کراونەتە سەر خەڵکی سڤیل."
 
ئەو چالاکڤانە رەتیکردەوە خەڵک هێرشیان کردبێتە سەر هێزە ئەمنیەکان و گوتی: "ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونتەوە گوایە خەڵک هێرشیان کردبێتە سەر هێزە ئەمنیەکان، راست نین و ڤیدیۆکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو دەنگۆیانە راست نین."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە
 
رووداو: دوایین زانیارییەکان چین و ژمارەی قوربانییان چەندە؟
 
حەسان ئەحمەد: ئێوارەی ئێوە و بینەرانتان باش، ئەمڕۆ عەلەوییەکان وەڵامی بانگەوازی سەماحەتی شێخ غەزال غەزالیان دایەوە، سەرەتا ئەوان هاوهەڵوێستی شێخ غەزال نەبوون، بەڵام بەپیرەوەچوونی ئەو بانگەوازە لە ئەنجامی ئەو ستەم و زۆردارییە بوو کە لە 8ی دیسەمبەری 2024ەوە دژی عەلەوییەکان دەکرێت. ئەمڕۆ رەوشی شاری کەناراوەکان باش نەبوو، هەروەکو چۆن لە 25ی نۆڤێمبەری پێشووش باش نەبوو، ئەوکاتیش سەماحەتی شێخ غەزال بانگەوازی بۆ مانگرتن کردبوو، بەڵام ئەمڕۆ دۆخەکە ئاڵۆزتر بوو، خوێناویتر بوو، تائێستا کوژرانی دوو کەس لە لازقیە پشتڕاست کراوەتەوە و تاوەکو ئێستا لەبارە خراپیی رەوشەکە نەمانتوانیوە هەموو هەواڵەکان لەوبارەوە پشتڕاست بکەینەوە. هەواڵی بەپەلە لە هەموو شارەکانەوە دێن، پێویستمان بە کاتە بۆ ئەوەی لێیان دڵنیابینەوە و بە وردی ژمارەی قوربانییان بزانین. زیانێکی زۆری مادی هەبوون، زۆر هێرش لەلایەن دەسەڵاتەوە کراونەتە سەر خەڵکی سڤیل، ئەو دەنگۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونتەوە گوایە خەڵک هێرشیان کردبێتە سەر هێزە ئەمنیەکان، راست نین و ڤیدیۆکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆیان ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو دەنگۆیانە راست نین.
 
رووداو: دەگوترێ لایەنگرانی رژێمی پێشووی سووریا گولـلەیان بە خۆپیشاندەرانەوە ناوە، ئەمە راستە؟

 

حەسان ئەحمەد:  بەڕاستی ئەم دەنگۆیانە بۆ چەواشەکردن و خۆڵکردنە چاوی خەڵکە، ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە روونی دەکەنەوە کە چەکدارانی بیانی بن یان نا، ئەگەر باش سەرنجیان بدەیت، دەتوانیت بە باشی ناسنامەی ئەو چەکدارانە ئاشکرا بکەیت کە هاوشانی هێزە ئەمنیەکان دەڕۆیشتن، ئەو چەکدارانەی سەر بە حکومەتن گولـلەیان باراند و هیچ گولـلەیەک لەلایەن عەلەوییەکانەوە نەتەقێنراوە.
 
رووداو: شێخ غەزال غەزال باسی مافی چارەنووسی کرد، مەبەستی جیابوونەوەیە یان خۆسەری؟ 
 
حەسان ئەحمەد: بەڕێز شێخ داوای سەربەخۆیی و جیابوونەوە ناکات لە سووریا، بەڵکو داواکانی لە چوارچێوەی فیدراڵییەتە، لەگەڵ چوونەدەرەوەی ئەندامانی سەربازی و ئەمنییە لە کەناراوەکانی سووریا، ئەو کەسانەی کە رەشەکوژییان بەرامبەر خەڵک کردووە لەو ناوچانە و بەرامبەر عەلەوییەکان، ئەوانەی رۆژ نییە پێشێلکاری نەکەن بەرامبەر عەلەوییەکان ، شێخ لە هیچ بەیاننمایەکی داوای جیابوونەوەی نەکردووە لە سووریا، بەڵکو داوا دەکات گۆڕینی شێوەی دەسەڵات دەکات لە سووریا، داوا دەکات سیاسەت لە سووریا ناوەندی نەبێ.
 
رووداو: کوردیش چەندین ساڵە هەمان داوای هەیە، ئایا هیچ پەیوەندییەکتان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر هەیە لەوبارەوە؟

 

حەسان ئەحمەد: سەبارەت بەو پرسەی باست کرد، من وەکو کەسێکی سەربەخۆ ناتوانم ئەوە پشتڕاست بکەمەوە کە پەیوەندی هەیە، بەڵام دەکرێ ئەو جۆرە پەیوەندییانە هەبن، بەڵام ئایا پەیوەندییەک کراوە، من نازانم رەنگە هەبێ .
 
رووداو: دوای ئەو ئاڵۆزییانەی ئەمڕۆ روویاندا، داوای عەلەوییەکان چییە؟ ئەو عەلەوییانەی لەنێوەڕاستی سووریا دەژین ؟
 
حەسان ئەحمەد: داوای یەکەمی عەلەوییەکان لەو رۆژانەدا ئەوەیە لە ژیاندا بمێننەوە، ئەوەش بەراستی جێگەی نیگەرانییە کە لە سووریا بگەینە ئەو قۆناخە، بەجۆرێک ئێمە ئێستا لەبەرامبەر دەسەڵاتدا هیچ مافێک تەنانەت بۆ مانەوەش لە ژیان نابینین، لە ژیانی سیاسی و ژیانێکی ئاسایی خەڵک لە سووریا، عەلەوییەکان وەکو شێخ باسی کردووە جۆرێکی نوێی دەسەڵاتیان دەوێت لە سووریا، بەڵام وەرە لەسەر شەقام لە عەلەوییەکان بپرسە چیت دەوێ؟ وەڵامەکەیان ئەوەیە لە ئارامیدا بژیم، ئەمڕۆ عەلەوییەکان ئارامی و ئاسایشیان نییە، تەنانەت لەنێو ماڵەکانیشیان سەلامەت نین، بۆیە ئەوە داواکاری سەرەکییە عەلەوییەکانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە