عەلی شەتڕی: رێککەوتنی نەوتیی هەولێر و بەغدا دڵخۆشکەرە و مانگانە نزیکەی 400 ملیۆن دۆلار دەخاتە گەنجینەی دەوڵەت

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
هەڤپەیڤینی عەلی شەتڕی، بەڕێوەبەری سۆمۆ لەگەڵ رووداو
هەڤپەیڤینی عەلی شەتڕی، بەڕێوەبەری سۆمۆ لەگەڵ رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری سۆمۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، رێککەوتنی سێقۆڵیی نێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان، "سەرکەوتوو" بووە و "دڵخۆشکەرە." ئاماژەی بەوەش دا، ئەم رێککەوتنە مانگانە نزیکەی 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلار دەخاتە گەنجینەی دەوڵەتی عێراقەوە.
 
لە هەڤپەیڤینەکەدا عەلی شەتڕی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) باسی لەوە کرد، تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیایەکی سێیەمەوە (وود مەکێنزی) هەڵدەسەنگێندرێت و بڕی 16 دۆلار وەک نرخی سەرەتایی بۆ هەر بەرمیلێک دیاریکراوە.
 
بەڕێوەبەری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گوتیشی، "پاشکۆی دووەم، گرێبەستێکە کە لەگەڵ لایەنی سێیەم واژۆ دەکرێت، کە کۆمپانیای وود مەکێنزی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵبژێردراوە، بۆئەوەی پرۆسەی دووبارە هەڵسەنگاندنەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بکات... بۆئەوەی هەڵسەنگاندنەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەلایەن لایەنێکی سەربەخۆوە بکرێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی عەلی شەتڕی، بەڕێوەبەری سۆمۆ لەگەڵ رووداو:
 
رووداو: بەڕێز عەلی شەتڕی، بەخێربێیت بۆ رووداو.
 
عەلی شەتڕی: زۆر بەخێربێن.
 
رووداو: جارێکی دیکە قسە دەکەینەوە. سوپاست دەکەم بۆ ئەم دەرفەتە. ئەم قسەکردنەت لەگەڵم زۆر گرنگە.
 
عەلی شەتڕی: خوا سەلامەتت بکات، سوپاس.
 
رووداو: سوپاس بەڕێز عەلی. بینەرانی من خەڵکی عێراق و کوردستانیشن. حەز دەکەم لە بابەتی رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکەم. پێموایە رێککەوتنەکە تاوەکو ئێستا بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام سەبارەت بە قۆناخی هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی هەر بەرمیلێکی نەوت لە هەرێمی کوردستان، پێموایە لایەنێکی سێیەم هەیە، ئەگەر هەڵە نەبم، کۆمپانیای وود مەکێنزییە. کارکردن لەم بابەتەدا بە کوێ گەیشتووە سەبارەت بە هەڵسەنگاندنی تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت؟
 
عەلی شەتڕی: لە راستیدا لە چوارچێوەی رێککەوتنی سێقۆڵیدا دوو پاشکۆی سەرەکی هەن. پاشکۆی یەکەم، رێککەوتنی بارکردنە و ئەمەش بۆ پێدانی بڕی 16 دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک بە نەوتی خاو لە هەمان ئەو نەوتە خاوەی لە هەرێمی کوردستان بەرهەمدەهێندرێت. بەشی دووەم یان پاشکۆی دووەم، رێککەوتنێکە یان گرێبەستێکە کە لەگەڵ لایەنی سێیەم واژۆ دەکرێت، کە کۆمپانیای وود مەکێنزی لەسەر ئەو بنەمایە هەڵبژێردراوە، بۆئەوەی پرۆسەی دووبارە هەڵسەنگاندنەوە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بکات، نەک تەنیا بەرهەمهێنان، بەڵکو بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەموو بیرێک یان کێڵگەیەکی نەوتیی نێو هەرێمی کوردستان؛ بۆئەوەی هەڵسەنگاندنەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەلایەن لایەنێکی سەربەخۆوە بکرێت و هەڵسەنگاندنەکە لەسەر بنەمای تەواوی مێژووی بەرهەمهێنان و ئەو خەرجییانە بێت کە کۆمپانیاکان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت کردوویانە، واتە بە شێوەیەکی سەرەکی ئەوەی پەیوەندیی بە بەرهەمهێنانی نەوت و گازەوە هەیە، بۆئەوەی دواتر بڕیاری کۆتایی بدرێت یان راپۆرتی کۆتایی لەلایەن ئەم لایەنە سێیەمەوە بە تێچووی هەر کێڵگەیەک دەربچێت و پارەکەیان پێبدرێتەوە ئەگەر لە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک زیاتر بوو، ئەوا بە کاریگەریی پێشووتر (باثر رجعی) دەدرێتەوە بەو کۆمپانیایانە، لەو رۆژەوەی دەستمان بە هەناردەکردن کردووە، واتە لە 27-09-2025، یان ئەگەر لە 16 دۆلار کەمتر بوو، ئەوا کۆمپانیاکان قەرەبوومان دەکەنەوە بۆ ئەو جیاوازییەی تێچووەکە بە کاریگەریی پێشووتریشەوە، ئەمەش بەگوێرەی یاسای بودجە.
 
رووداو: بەڵام بۆ هەموو کێڵگەیەک بە جیا؟
 
عەلی شەتڕی: بەڵێ، هەموو کێڵگەیەک بە جیا، چونکە کێڵگەکان لە پێکهاتەیاندا وەک یەک نین. هەموو کێڵگەیەک تێچووی خۆی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا هەیە. هەندێک کێڵگە هەن بەرهەمهێنانیان ئاسانە و رەنگە تێچووی هەر بەرمیلێکی 6 دۆلاریش نەبێت، هەندێک کێڵگەی دیکەش هەن کە تێچوویان بەرزە و رەنگە بگاتە سەرووی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. لەسەر ئەم بنەمایە، سیستمی راوێژکاری یان لایەنی سێیەم دۆزرایەوە و لە بنەڕەتی یاسای بودجەی ساڵی 2025دا دانرا.
 
رووداو: بەڕێز عەلی، دەست بە کارکردن کراوە لەم بابەتەدا، بەڵام ماوەی پێویست...
 
عەلی شەتڕی: وا دانراوە دوای واژۆکردنی گرێبەستەکە لەگەڵ وەزارەت، ماوەکە نزیکەی 90 رۆژ بێت، واتە سێ مانگ بۆ تەواوکردنی هەڵسەنگاندنەکە و دەتوانێت داوای درێژکردنەوەی بکات، بەڵام هیوادارین بە هاوئاهەنگیی هەموو لایەک و هاوئاهەنگیی ئەو کۆمپانیا بیانییانەی رێککەوتنی سێقۆڵییان لەگەڵ واژۆ کردووین، هەموو زانیارییەکان بخرێنە بەردەست ئەم لایەنە سێیەمە، ئەم شارەزایە، بۆئەوەی بتوانێت لەو ماوەیەدا کە بەپێی رێککەوتن و یاسا بۆی دیاریکراوە، راپۆرتەکەی دەربکات.
 
رووداو: بەپێی زانیارییەکانی ئێوە، هەستتان بە هاوکاریی کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان کردووە؟
 
عەلی شەتڕی: بەڵێ، لە راستیدا هاوکارییەکی زۆر باش لەلایەن کۆمپانیاکانەوە هەیە و لە راستیدا ئەم رێککەوتنە واژۆ نەدەکرا ئەگەر هاوکاریی کۆمپانیاکان نەبووایە و گفتوگۆکان بە شێوەیەکی پیشەییانە، شەفاف و دادپەروەرانە بۆ هەموو لایەک نەبووایە، بە جۆرێک کە ئێستا شایستەکانیان بە شێوەیەکی خولی وەردەگرن، هەروەک چۆن بە شێوەیەکی فەرمی رێککەوتنی لەسەر کراوە. تەنانەت لە کاتی کێشەکانیشدا، هیچ کارێک بێ کێشە نییە. ئەمڕۆ رەنگە کۆگاکانمان پڕ بووبن، رەنگە کەشتییەکمان دواکەوتبێت، رەنگە جۆری نەوتەکە گۆڕابێت، خراپتر بووبێت یان باشتر بووبێت، هەموو ئەمانە بە کێشەی کرداری دادەندرێن. ئەگەر هەموولایەک سوور نەبوونایە لەسەر سەرخستنی رێککەوتنەکە، کاتێک دەڵێم هەموولایەک، مەبەستم سێ لایەنەکەیە: حکومەتی فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە نوێنەرایەتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان. بەڵگەی ئەم سەرکەوتنەش ئەوەیە کە ئەمڕۆ کۆمپانیای نوێ هەن دێنە بواری بەرهەمهێنان لە کێڵگەکانی کوردستان و داوای چوونە نێو ئەم رێککەوتنە دەکەن. بۆ نموونە، کۆمپانیای ئاداکس کە لە کێڵگەی تەق تەق بەرهەمهێنان دەکات، خراوەتە نێو رێککەوتنەکەوە و ئەم کێڵگەیە بەرهەمەکەی گرنگە لە راستیدا بۆ ئەم پڕۆژەیەی کاری لەسەر دەکەین، چونکە مواسەفاتی نەوتەکەی سووکە و مواسەفاتی نەوتی هەناردەکراو باشتر دەکات و بەمەش ئەو داهاتە داراییانە زیاد دەکات کە لێیەوە بەدەستدێن.
 
رووداو: بەڕێز عەلی، پرۆسەی دووبارە هەناردەکردنەوە لە 27ی ئەیلوول، پێموایە 27-9ی ساڵی رابردوو دەستیپێکرد، دەکرێت وێنەکەم بۆ روونبکەیتەوە، واتە لە سەرەتای هەناردەکردنەوە تاوەکو ئێستا، سەبارەت بە پرۆسەی تەکنیکی، پرۆسەی هاوئاهەنگی و هەروەها پرۆسەی دارایی. ئێمە لە کوێین و چی روویداوە؟ واتە چۆن ئەم ئەزموونەی ماوەی نزیکەی چوار مانگە هەڵدەسەنگێنیت؟
 
عەلی شەتڕی: ئەوەی ئەمڕۆ شانازیی پێوە دەکەین ئەوەیە کە رێککەوتنەکە لەسەر بنەمای پیشەییانە داڕێژراوە، بۆیە کاتێک رێککەوتنەکە داڕێژرا و بڕگەکانی یەک بە یەک و وشە بە وشە پێداچوونەوەی بۆ کرا، ئەوە لە جێبەجێکردندا رەنگیدایەوە. کاتێک هاتین بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە، بینیمان لەبەردەم بڕگەی تەواوکاردان کە دۆخی راستەقینە دەردەخەن، بۆیە هەموو ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەناردەکردن دابینکرابوو، هەناردە کرا و داهاتە داراییەکانیش راستەوخۆ دەچنە سەر هەژماری بانکی ناوەندیی عێراق لە بانکی فیدراڵیی ئەمریکا، هەروەک هەموو هەناردەکانی دیکەی نەوتی عێراق لە هەموو دەروازەکانەوە. پێدان و دابینکردنی شایستەکانی کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوە، واتە مەبەستم 16 دۆلارەکەیە بۆ هەر بەرمیلێک، بەشێوەیەکی زۆر رەوان بەڕێوەچوو. هەر کە بڕی نەوتی هەناردەکراو دیاریکرا و لە 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک درا، کۆی پارەکە دەردەکەوێت. ئەم پارەیە دابەشی نرخی خەمڵێندراوی هەر بەرمیلێکی نەوتی خاوی هەناردەکراو دەکرێت و دەکرێت بە بەرمیل. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیایەکی بیانیی راسپاردووە بۆ هەڵگرتنی ئەم بڕە نەوتە و فرۆشتنی و خستنە سەر هەژمارێک کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان شایستەی خۆی لێ وەردەگرێت، کە شایستەی گواستنەوەیە و هەروەها شایستەی بەرهەمهێنان دەدات بە کۆمپانیا بیانییەکان. بە ئاسانی و بەشێوەیەکی تەواوکار بەڕێوەچوو. لە راستیدا پێش دوو بار دەستمان بە پێدانی شایستەکان کرد و ئەمڕۆ خەریکی پێدانی شایستەی باری سێیەمین. بۆیە کۆمپانیاکان دڵنیابوونەوە و بۆیان دەرکەوت کە رێککەوتنێکی سەرکەوتووە کە خواستەکانیان جێبەجێ دەکات، بەپێچەوانەی قۆناخی پێشوو کە هەمیشە قەرزیان لەسەر حکومەتی هەرێم و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرد.
 
رووداو: ئاستی هەناردەکردن لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە مانگانە بە نزیکەیی چەندە؟
 
عەلی شەتڕی: ئەمڕۆ گەیشتووینەتە تێکڕای 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا و هیوادارین زیاد بکات، چونکە وەبەرهێنان دەستی بە گەشەکردن کردووەتەوە. یەکێک لە گرنگترین دەرەنجامە ئەرێنییەکانی ئەم رێککەوتنە ئەوەیە کە دڵنیایی و سەقامگیریی بە کۆمپانیا بیانییەکان بەخشیوە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دەست بە وەبەرهێنانەکانیان بکەنەوە بۆ زیادکردنی بەرهەم، چونکە زیادکردنی بەرهەم ئەمڕۆ توانای پێدانی شایستەکانیان زیاد دەکات و توانای بەردەوامبوونی ئەم پڕۆژەیە زیاد دەکات. ئەم سەقامگیرییە لە راستیدا هاندەرە بۆ درێژکردنەوەی زیاتر و هاندەرە بۆ ئەوەی ئەم رێککەوتنە ببێتە بنەمایەک بۆ هەر رێککەوتنێکی وزە و نەوت لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم لەنێو عێراقدا. هەروەها ئەم رێککەوتنە وایکردووە تەنانەت دانوستاندنکاری عێراقیش کە ئەمڕۆ لەگەڵ لایەنی تورکی دانوستاندن دەکات. ئێمە هێشتا بە رێککەوتنی پێشووی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا کار دەکەین تاوەکو تەممووزی 2026، بەڵام دوای ئەوە پێویستمان بە رێککەوتنێکی نوێیە. ئەم رێککەوتنە ئێستا لە قۆناخی دانوستاندندایە. هێزی دانوستاندنی لایەنی عێراقی یەکگرتوو بووە، بووەتە هێزێکی باش و بەهێز، چونکە ئێستا ئێمە وەک یەک لایەن دانوستاندن دەکەین، نەک وەک چەند لایەنێک.
 
رووداو: سەبارەت بە داهاتی گەنجینەی دەوڵەت، داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان ئێستا مانگانە بە نزیکەیی چەندە بۆ گەنجینەی دەوڵەت؟
 
عەلی شەتڕی: واتە ئێستا من ژمارەی وردم بۆ ئەم دیدارە ئامادە نەکردووە، بەڵام لەنێوان 350 بۆ 400 ملیۆن دۆلارە لە مانگێکدا، ئەگەر کەمێک لەوە زیاتر نەبێت. ئەمەش راستەوخۆ دەچێتە گەنجینەی دەوڵەت. نزیکەی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە لە ژمارەی بەرمیلەکان دەدرێت، لێی دەردەکرێت. واتە نزیکەی 12-14%ی ئەم داهاتە وەک تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بە نەوتی خاو دەدرێتەوە.
 
رووداو: ئەم رێککەوتنە، دەبینم تۆ زۆر گەشبینیت، بەڵام لە کۆتایی مانگی ئادار کۆتایی دێت، راستە؟ لە 1ی نیسان هیچ رێککەوتنێک نییە.
 
عەلی شەتڕی: نەخێر، خوا یار بێت رێککەوتن دەبێت.
 
رووداو: بەڵام پرسیارەکەم ئەمەیە، بە گەشبینییەکەت، دەبینم کە لانی کەم لایەنی حکومەتی عێراق زۆر گەشبینە، واتە بە نوێنەرایەتیی بەڕێزتان، هەروەها کۆمپانیاکانیش وەک باستکرد، ئەوانیش گەشبینن. ئایا رێککەوتنەکە درێژدەکرێتەوە، بەتایبەتی کە لەبەردەم دوو حاڵەتداین. ئایا بۆ نموونە، وود مەکێنزی کارەکانی تاوەکو کۆتایی مانگی سێ تەواو دەکات یان تەواوی ناکات، چارەنووسی رێککەوتنەکە چی دەبێت؟
 
عەلی شەتڕی: نەخێر، وود مەکێنزی دەبێت کارەکانی تەواو بکات. لە ئەنجامدا، من وتەبێژی جێگرەوە یان بڕیاردەری جێگرەوەی حکومەتی عێراق نیم. بڕیارێکی لەم شێوەیە لەلایەن سەرۆکایەتیی حکومەتی عێراقەوە دەدرێت. بەڵام من ئەو وردەکارییانە باس دەکەم کە ئەمڕۆ لە ئارادان و بە ژمارە سەرکەوتن نیشان دەدەن و ئەم سەرکەوتنەش بنەمایە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی نەوتی و هەروەها ئاسایش و سەقامگیریی دارایی لە هەناردەی نەوتەوە. هەروەها ئاسایش و سەقامگیرییە لەبەردەم گەلان و وڵاتانی دیکە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە عێراق تێیاندا بەشدارە. بۆیە لە راستیدا هیچ هۆکارێک نییە کە ببێتە هۆی درێژنەکردنەوەی ئەم رێککەوتنە. ئەم رێککەوتنە درێژدەکرێتەوە، دەبێت درێژبکرێتەوە. بەڵام بۆچی تاوەکو کۆتایی مانگی سێ درێژکرایەوە، بە دڵنیاییەوە حکومەتی ئێستا دوای هەڵبژاردنەکان و بە بڕیاری دادگای فیدراڵی وەک حکومەتێکی کاربەڕێکەر دەستبەکاربوو و مافی حکومەتی داهاتووە بە کەسایەتییە نوێیەکانی و وەزیرەکانیەوە پێداچوونەوە بە بابەتەکەدا بکات و لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانی بزانێت و هەڵیبسەنگێنێت و بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدات. بۆیە دەبینیت من جەخت لەسەر ئەم لایەنە ئەرێنی و نەرێنییانە دەکەمەوە و دەبینم لایەنە ئەرێنییەکان زۆر لە نەرێنییەکان زیاترن. بۆیە شتێکی ئاساییە کە بەرەو رێککەوتن بڕۆین، نەک بەرەو نەبوونی رێککەوتن.
 
رووداو: بەڵام لایەنەکان، بەتایبەتی لایەنی عێراقی و کوردستانی، پێشوەختە رێککەوتوون.
 
عەلی شەتڕی: لایەنی عێراقی کوردستانی و عەرەبییە، بۆیە هەموومان لایەنی عێراقین.
 
رووداو: لایەنی فیدراڵی و لایەنی هەرێم. ئایا رێککەوتنی پێشوەختە هەیە بۆ قبووڵکردنی راسپاردەکانی کۆمپانیای وود مەکێنزی؟
 
عەلی شەتڕی: بەڵێ، ئەمە رێککەوتن نییە، بەڵکو دەقە لە یاسای بودجەدا. بەڵێ، بودجەکە ئێستا تەواو بووە و یاساکە لە کۆتایی ساڵی 2025 تەواو بووە. بەڵام بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران کە لەسەر بنەمای یاسای بودجە دەرچوون، ماون و کاریان پێدەکرێت، کە بڕیاریاندا وود مەکێنزی بێت و دەست بە کار بکات و داتا و راپۆرتەکانی پابەندکەرن لە راستیدا بۆ هەردوو لا یان لە راستیدا بۆ سێ لایەنەکە: بۆ کۆمپانیاکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بە نوێنەرایەتیی ئەو کۆمپانیایەی ئەم رێککەوتنە واژۆ دەکات.
 
رووداو: ئایا کۆمپانیای دی ئێن ئۆ رەزامەندیی دەربڕیوە بۆ چوونە نێو رێککەوتنەکە؟
 
عەلی شەتڕی: ئێستا کۆمپانیای دی ئێن ئۆ و کۆمپانیاکانی دیکەی هاوپەیمانی واژۆیان کردووە. بۆیە رەنگە کۆمپانیای دی ئێن ئۆ بەشێک لە بەرهەمەکەی بداتە بەکاربردنی ناوخۆیی و رەنگە بەشێکی دیکەی لە رێگەی ئەم کۆمپانیایەوە بداتە هەناردە. ئەوەی ئەمڕۆ بۆ ئێمە گرنگە، ناوی کۆمپانیاکان نییە، بەڵکو ئەوەیە کە بەرهەمی نەوتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دابەشبووە بۆ دوو بەش: بەشێکی بۆ بەکاربردنی ناوخۆییە کە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەی دەبات و بەشێکی بۆ هەناردەیە کە کۆمپانیای سۆمۆ بەڕێوەی دەبات، هەروەک چۆن باقیی هەناردەی نەوتی عێراق بە گشتی بەڕێوەدەبات. پرسی دابەشکردنی تێچووی بەرهەمهێنان بەسەر کۆمپانیاکاندا، ئەمە پەیوەندیی بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمەوە هەیە، چونکە ئەو باشتر دەزانێت کامیان پابەند بووە و کامیان پابەند نەبووە و هەر یەکێک لەم کۆمپانیایانە چەندی داوە بۆ ئەوەی قەرەبووی تێچووی بەرهەمهێنانەکەی بکرێتەوە.
 
رووداو: کەواتە ناکۆکییەکانی کۆمپانیای دی ئێن ئۆ تا رادەیەک پەیوەندیی بە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە هەیە، نەک حکومەتی فیدراڵی.
 
عەلی شەتڕی: من بە ناکۆکی ناویان نابەم، چونکە هیچ ناکۆکییەکم لە بابەتەکەدا نەبینیوە. لە راستیدا کۆمپانیای دی ئێن ئۆ چەند رۆژێک لەمەوبەر بانگهێشتی ئێمەی کرد وەک کۆمپانیای سۆمۆ بۆ ئامادەبوون لە یەکێک لە بۆنەیەکیان سەبارەت بە پەرەپێدانی بەرهەم. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر بوونی لێکتێگەیشتن، بەڵکو بوونی بەدەنگەوەهاتن لەلایەن ئەم کۆمپانیا و کۆمپانیاکانی دیکەوە. وەک باسمکرد، سەرکەوتنی رێککەوتنەکە لە راستیدا کۆمپانیای زیاتر رادەکێشێت بۆ چوونە نێو ئەم سیستەمە بۆ مسۆگەرکردنی داهاتە داراییەکانیان، لانی کەم.
 
رووداو: بەڕێز عەلی، حکومەتی داهاتووی عێراق، پێموایە یەکێک لە گرنگترین کارەکانی بودجەیە، بودجەی نوێ. رەنگە ساڵێک بەبێ بودجە بەڕێبکەین، رەنگە، لە راستیدا نازانین، بەڵام دڵنیام کاتێک حکومەت کار لەسەر ئامادەکردنی بودجە و ناردنی بۆ پەرلەمان دەکات، راوێژ دەکرێت. سەبارەت بە نەوت، راوێژ بە وەزارەتی نەوت و هەروەها کۆمپانیای سۆمۆش دەکرێت بۆ ئەوەی راسپاردەکانتان سەبارەت بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان، ئەم رێککەوتنە، بەرزبکەنەوە. راسپاردەکانتان چی دەبن؟ یان ئەو شێوازە چییە کە دەتانەوێت لەنێو بودجەدا جێگیر بکرێت؟
 
عەلی شەتڕی: لە هەموو ئەوانەی پێشتر باسمکردن، روونە کە من گەشبینم بەم رێککەوتنە. لە ئەنجامدا، ئەم گەشبینییە لە هەر راسپاردەیەکدا رەنگدەداتەوە کە داوا لە کۆمپانیای سۆمۆ بکرێت بۆ درێژکردنەوەی ئەم رێککەوتنە. بەڵام زۆر گرنگیشە کە کار بۆ سەرکەوتنی زیاتری ئەم رێککەوتنە بکەین، کە کۆمپانیا بیانییەکان و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی زیاتر و وەبەرهێنانێکی گەورەتر بکەن بۆ زیادکردنی بەرهەم بۆ ئاستێک کە لە راستیدا بمانخاتە دۆخێکی ئاسوودەوە بۆ پێدانی شایستەکان و هەروەها دابینکردنی داهاتی گەورەتر بۆ وڵات، داهاتی دارایی گەورەتر بۆ وڵات بۆ پڕکردنەوەی هەموو پابەندییەکان. ئەمڕۆ حکومەتی ناوەندی، کە پێی دەڵێین حکومەتی فیدراڵی، و حکومەتی هەرێم رێککەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئەم هەناردەیە لە بەرامبەر پێدانی مووچە و زۆرێک لە پابەندییەکاندایە. ئەم پابەندییانە دارایین. چەند هەموو لایەنەکانمان هەوڵ بۆ زیادکردنی.....
 
رووداو: ... لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن بۆ زیادکردنی بەرهەم و هەروەها لێدانی بیری نوێ بەپێی ئەوەی بیستوومە.
 
عەلی شەتڕی: ئێمە هانی ئەوە دەدەین.
 
رووداو: با شتێکی زۆر گرنگ رووندەکەمەوە، رەنگە ئەمە بۆ تۆش گرنگ بێت. دڵنیام بینەرانم ئێستا لانی کەم لە کۆمێنتەکاندا پرسیار لەبارەی مووچەوە دەکەن. بەڕێز عەلی شەتڕی بەرپرس نییە لەم بەشە، ئەو تەنیا بەرپرسە لە بەبازاڕکردنی نەوت. بابەتی دارایی و شایستەکان و ئەمانە پەیوەندیی بە کەسانی دیکە یان لایەنی دیکەوە هەیە کە وەزارەتی داراییە، بۆ ئەوەی ئەمە روون بێت و ئەو بەرپرسیارێتییەت نەکەوێتە ئەستۆ.
 
عەلی شەتڕی: بەڵام ئێمە زەمینە و بنەمای دروست بۆ دەرکردنی ئەو بڕیارە ئامادە دەکەین.
 
رووداو: گەشبینییەکەت بەدڵمە بەڕێز عەلی، بەڵام دوو بابەتی دیکە هەن حەزدەکەم باسیان بکەم. یەکەم، بابەتی رێککەوتنی تورکیا و بۆریی نەوت. ئەم رێککەوتنە زۆر کۆنە، دەیان ساڵە، بەڵام لە ساڵی 2010 دووبارە داڕشتنەوەیەک بۆ ئەم رێککەوتنە کرا، بەڵام لە مانگی حەوت ئەم رێککەوتنە بوونی نامێنێت. مانگی حەوتی 2026، واتە چەند مانگێکی کەم ماوە. بەڵام ئایا لایەنی تورکی داواکاریی نوێی هەیە بۆ درێژکردنەوەی ئەم رێککەوتنە یان بۆ نموونە، بەستنەوەی بابەتی نەوت بە دۆسیەی دیکەوە؟ یان ئایا بۆ نموونە، داواکاری لە لایەنی تورکییەوە هەیە بۆ فراوانکردنی ئەم رێککەوتنە تا رادەیەک بۆ ئەوەی وزە بگرێتەوە، نەک تەنیا نەوت؟ من ئەمە لە خۆمەوە ناڵێم، بەڵکو راگەیاندنی تورکی دەخوێنمەوە و لێرە و لەوێ شیکاری دەبیستم.
 
عەلی شەتڕی: ئەو بژاردە کۆتاییەی کە بەڕێزتان باستکرد، تەوەری گفتوگۆکان بوو لەگەڵ لایەنی تورکی. لایەنی تورکی دژی نییە، بەڵکو بەهێزەوە هاندەرە بۆ گەڕانەوەی رێککەوتنەکە و بۆ دامەزراندنی رێککەوتنێکی نوێ کە لەسەر بنەمای فراوانکردنی بنکەی وزە بێت. بۆ ئەم رێککەوتنە، گازی خستە نێوی و کارەبا و پڕۆژە و دروستکردنی پاڵاوگە و دروستکردنی پترۆکیمیاییەکانی خستە نێوی. هەموو ئەمانەی خستە نێوی, چونکە باوەڕی بە هاوبەشیی نێوان خۆی و لایەنی عێراقی هەیە، چونکە باوەڕی وایە عێراق سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزەیە و لێرەدا ئێمە باسی هەموو عێراق دەکەین، نەک عێراق بە بەشە فیدراڵییەکەی بەبێ بەشەکەی لە هەرێمی کوردستان، بەڵکو هەموو عێراق بە گشتی. ئەمەمان هەستپێکرد و لە راستیدا هێزی دانوستاندنی پێداین. بەڵام سرووشتی رێککەوتنەکە بۆ ئەوەی ئاڵۆز نەبێت، زیاتر جەخت لەسەر رێککەوتنی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا کرایەوە، بەو مەرجەی ئەو پرسانە یان ئەو رێککەوتنانە لە چوارچێوەی رێککەوتنی جیاوازدا گفتوگۆیان لەسەر بکرێت کە دەکرێت وابێت. هەستمان بە ئەرێنییەکی زۆر لەلایەن تورکیاوە کرد و لەسەر ئەو بنەمایە رەشنووسی رێککەوتنێکیان بۆ ناردین و ئێمەش بە رەشنووسێکی بەرامبەر وەڵاممان دانەوە و ئەمڕۆ دانوستاندن لەم بوارەدا بەردەوامە و خوا یار بێت پێش مانگی حەوتی 2026، قسەیەکی دیکەمان دەبێت بە گەیشتنمان بە رێککەوتنێکی ئەرێنی لەم لایەنەوە، خوا یار بێت.
 
رووداو: ئایا عێراق کراوەیە بۆ فراوانکردنی ئەم رێککەوتنە؟
 
عەلی شەتڕی: نەخێر، باسمانکرد کە فراوانکردنەکە بە وردەکارییەوە رەنگە وەزارەتی دیکەشی تێبکەوێت وەک کارەبا، رەنگە سەرچاوەکانی ئاو لەم لایەنەوە نەکرێت. عادەتەن شتی لەم جۆرە بە یاداشتی لێکتێگەیشتن دەبێت، نەک بە گرێبەست یان رێککەوتن. گرێبەست و رێککەوتنەکان دەبێت دیاریبکرێن و جەختیان لەسەر بکرێتەوە، چونکە وردەکاریی زۆریان تێدایە لەسەر ئەم جۆرە کارە. ناتوانرێت هەموو وردەکارییەکان لە یەک رێککەوتندا جێبکرێنەوە و ئەمە شتێکە کە لایەنی تورکی لێی تێگەیشتووە. و ئێمە بەرەو رێککەوتنی بۆریی نەوتی عێراق-تورکیا رۆیشتین و دواتر باسی رێککەوتنی دیکەی لاوەکی دەکەین.
 
رووداو: کەواتە عێراق سوورە لەسەر جیاکردنەوەی ئەمە.
 
عەلی شەتڕی: ئەمە ئەوەیە کە لەگەڵ لایەنی تورکی لەسەری رێککەوتووین.
 
رووداو: بۆرییەکە لە رێککەوتنەکە جیاکراوەتەوە، بەڵام عێراق کراوەیە بۆ رێککەوتنێکی دیکە.
 
عەلی شەتڕی: بەڵێ، دڵنیابە، ئەمە وڵاتێکی دراوسێیە و وڵاتێکی سەرەکییە، بەڵکو بەکاربەری وزەیە و ئێمەش وزەمان هەیە، بۆچی لەم لایەنەوە هاوکاریی یەکدی نەکەین؟
 
رووداو: بەڕێز عەلی، تەوەری کۆتاییم دەربارەی ئەوە دەبێت کە لە راگەیاندنی عێراقیدا دەیبیستین و تۆش ئاماژەت پێدا، هەواڵ یان پڕوپاگەندە لێرە و لەوێ دەربارەی ئاماژەی لایەنی ئەمریکی بە سەپاندنی سزا بەسەر سۆمۆدا. تۆمەتەکان (لە کەوانەدا) لە راگەیاندنی عێراقیدا کە گوایە کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی وڵاتانی دیکە، لەوانە ئێران، بە قاچاخ دەبات. قسەیەکی زۆر لەسەر ئەمە هەیە. تۆ دڵنیام بیستووتە و تۆ گونجاوترین کەسیت بۆ وەڵامدانەوەی ئەم بابەتە. ئایا ئەمریکا هەڕەشەی لێکردوون یان لایەنی ئەمریکی ئاماژەی بە سەپاندنی سزا بەسەر سۆمۆدا کردووە؟
 
عەلی شەتڕی: نەخێر و هەزار جار نەخێر. لایەنی ئەمریکی هەرگیز ناوی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نەهێناوە و تۆمەتباری نەکردووە بە قاچاخچێتی یان بەشداریکردن لە قاچاخچێتی یان بەشداریکردن لە ئەنجامدانی کردەی تێکەڵکردن و شتی لەو جۆرە. ئێمە لەم دواییانەشدا سەردانێکی واشنتنمان کرد و لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرسی ئەمریکی لەم بوارەدا کۆبووینەوە و تەنانەت میکانیزمەکانی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت و شەفافییەتمان لە کارکردندا روونکردەوە. هەروەها کۆبوونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی و دەستپێشخەریی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە باڵەخانەی بانکی نێودەوڵەتیدا هەبوو و باسمان لەوە کرد کە چۆن کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت پەیڕەوی پرەنسیپێکی شەفافییەتی ئاستبڵند دەکات. بەڵکو عێراق لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتەوە وەک ئەزموونێک خرایەڕوو، ئەزموونێک کە دەبێت وڵاتانی بەرهەمهێنی ناوچەکەش چاوی لێبکەن، لە رووی شەفافیەت و خستنەڕووی داتا و بەراوردکردنی داتاکان و خستنەڕووی میکانیزمەکان بۆ بەراوردکردنی داتاکان. لێرەدا داتاکان هەموو هەناردەکانن وەک بڕ و هەموو ئەو داهاتانەی لەم هەناردانەوە بەدەستدێن. بۆیە ناکرێت دوای ئەم بەراوردکارییە، هیچ بڕە نەوتێک لە هیچ لایەنێکی بیانییەوە بێتە نێوی. کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت هەروەها رۆژانە راپۆرتێکی ورد دەربارەی هەموو ئەو کەشتییانە دەردەکات کە لە ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا کاردەکەن. ئەم راپۆرتە کەشتییەکان بە رەنگی سەوز پۆلێن دەکات، واتە ئەوانە کەشتییەکانی گرووپی یەکەمن، واتە ئەو کەشتییانەی کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت دوای ئەنجامدانی هەموو کردەکانی لێکۆڵینەوە و وردبوونەوە لە زانیارییەکانیان، قبووڵی کردوون. هەروەها کەشتیی بە رەنگی زەرد یان پڕتەقاڵی، ئەمانە ئەو کەشتییانەن کە مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت ناکەن، بەڵام رەنگە مامەڵەیان لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکەی دەوڵەتدا هەبێت بۆ کڕین یان فرۆشتنی ماددەی کیمیایی یان قیری ئۆکسیدکراو و شتی لەو جۆرە. بۆیە داوا لە لایەنە ئەمنییە دەریاییەکان دەکەین کە کۆنترۆڵی زەوییان کردووە، بڕۆن و لێکۆڵینەوە لەم کەشتییانە و بەڵگەنامەکانیان بکەن. بەشی کۆتایی، کەشتییە ئاماژەپێکراوەکانن بە رەنگی سوور، کە ئەو کەشتییانەن کە لەنێو سزا ئەمریکییەکاندان یان خاوەنەکانیان لەنێو سزا ئەمریکییەکاندان، نەک تەنیا ئەمریکی، بەڵکو یەکێتیی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەشێوەیەکی گشتگیر. هەروەها ئەو کەشتییانەی کە پۆلێنکراون وەک ئەوانەی کردەی چەواشەکاری بەکاردەهێنن، واتە کردەی گۆڕینی شوێنی جوگرافی بۆ دەرخستنی خۆیان لەنێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقدا، لە کاتێکدا ئەوان لە دەرەوەی ئاوە هەرێمییەکانی عێراقن، بۆ ئەوەی ئەو هەستە بدەن کە گوایە بەرهەمێکی عێراقییان بارکردووە یان بردووە و لەگەڵ بەرهەمێکی دیکەی سزادراودا تێکەڵیان کردووە. بەڵام ئێمە سەلماندوومانە کە ئەوانە کەشتیین کە چەواشەکاری بەکاردەهێنن. لە یەکێک لەو نموونانەی لە کۆنفرانسەکەدا باسمکرد، بینیمان یەکێک لە کەشتییەکان دێتە نێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق، وەک ئەوەی بێتە نێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراق، ئەمە چەواشەکارییە، و دەچێتە سەر کەشتییەکی دیکە، ئەمەش شتێکی مەحاڵە. هیچ کەشتییەک ناتوانێت بچێتە سەر کەشتییەکی دیکە، بەڵکو دەڕوات وەک ئەوەی بچێتە سەر وشکانی. چۆن کەشتییەک دەتوانێت بچێتە سەر وشکانی؟ لە راستیدا وەک خشۆکێکی ئاوی وایە. بۆیە ئەمە کاری کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتە. ئەمە کاری دەستەی بارکردن و بڕەکانە لە کۆمپانیاکە و بەشێکی تایبەتمەند لەم دەستەیەدا هەیە کە بەدواداچوون و وردبینی بۆ ئەم بابەتە دەکات بەپێی کاژێر، نەک تەنیا رۆژ. ئێمە بۆ هەموو جیهانمان سەلماندووە کە ئەمە چەواشەکارییە و راستی نییە و ناکرێت هیچ بڕە نەوتێکی ناعێراقی بێتە نێو ئاوە هەرێمییەکانی عێراقەوە، بەڵکو بڕە نەوتی عێراقی لێ دەردەچێت کە بە بەڵگەنامەی باوەڕپێکراو تۆمارکراوە و لە بەرامبەر هەر بەرمیلێک کە هەناردە دەکرێت، بڕە پارەیەک دەخرێتە سەر هەژماری عێراق.
 
رووداو: سەرچاوەی ئەم قسانە چییە؟
 
عەلی شەتڕی: لە راستیدا من ناتوانم ئەوانی دیکە تۆمەتبار بکەم وەک چۆن ئەوانی دیکە ئێمەیان تۆمەتبار کردووە و بۆ ئەو ئاستە دانابەزم. بەڵکو دەبێت سەرچاوەکە سەرچاوەیەک بێت کە لە راستیدا هیچ لە زانست تێنەگات، چونکە تەنیا بە زانینێکی سادەی ئەم بابەتە و زانینی چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەناردەکردن و شەفافییەتەکەی، بەڵکو بە چوونێکی سادە بۆ ماڵپەڕی شەفافیەت، ماڵپەڕی دەستپێشخەریی شەفافییەتی پیشەسازییە دەرهێنەرەکان لە عێراق، دەبینن هەموو ژمارەکان لەوێ بەردەستن و هەموو توێژەرێک مافی ئەوەی هەیە کە بەراورد و وردبینی بکات و ئەم ژمارە و داهاتانە لێکبداتەوە. دەبینێت کە مەحاڵە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت یان داهاتی نەوتی عێراق یان بەرهەمە نەوتییەکان بچنە نێو ئەم لایەنە تاریکەوە.
 
رووداو: ئایا قاچاخچێتیی نەوت لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە؟
 
عەلی شەتڕی: ئێستا ئەم رێککەوتنە نەوتییەی کە باسمانکرد، رێککەوتنێکە کە هەموو داتاکان دەربارەی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و بەکاربردنی ناوخۆیی کۆدەکاتەوە و تۆماریان دەکات. بۆیە ناکرێت هیچ بڕە نەوتێک بەشێوەیەکی نایاسایی دەربچێت، چونکە ئەمڕۆ ئێمە هەناردەکردنمان لە رێگەی بۆرییەوە دەستپێکردووەتەوە و کاتێک هەناردەکردن لە رێگەی بۆرییەوە دەستیپێکردەوە، شتێکی ئاساییە کە ئەم کۆمپانیایانە شایستەکانیان وەربگرن و لە بنەڕەتدا لە بەرژەوەندییاندا نییە ئەمڕۆ لە دەرەوەی ئەم وەرگرتنە و ئەم شایستانە قاچاخچێتی بکەن، چونکە هیچ شایستەیەک بۆ ئەو نەوتەی بەشێوەیەکی ناشەرعی دەردەچێت، وەرناگرن. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و بۆ کۆتاییهێنان بەم دەنگۆیانە لەم لایەنەوە، جوانە کە لە داهاتوودا وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی فیدراڵی، وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، بە کۆنترۆڵێکی گەورەتر و بەڵگەدار، بەڵکو شەفاف، وەک چۆن ئەمڕۆ لە کێڵگەکانی باشوور کاردەکەین، ببینین. هەموو کێڵگەیەک بەرهەمەکەی و ئەوەی ئەم بەرهەمە بۆ کوێ دەچێت، بە راپۆرتی خولی دەربچێت. ئەمە لە راستیدا ئامۆژگارییەکە و چوونە نێو دەستپێشخەریی شەفافییەتی عێراق، جوانە کە ببینین کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان و داتاکانیان لە دەستپێشخەریی شەفافییەتی عێراقیدا بن بۆ تەواوکردنی شەفافیەت بۆ وڵات بە گشتی و بۆ رێگریکردن لەم دەنگۆیانە.
 
رووداو: بەڕێز عەلی شەتڕی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و بەخێربێیت بۆ رووداو.
 
عەلی شەتڕی: زۆر سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە