چیرۆکی ئەو ژنەی هاوژین و کوڕەکەی لە تەقینەوەکانی یەکی شوبات لەدەستدا

01-02-2017
سیداد لەشكری @sidadlashkri
13 ساڵ بەسەر تەقینەوەکانی یەکی شوبات تێپەڕی
13 ساڵ بەسەر تەقینەوەکانی یەکی شوبات تێپەڕی
نیشانەکردن یەکی شوبات
A+ A-

رووداو - هەولێر

سێزدە ساڵ بەسەر تەقینەوەکانی هەردوو بارەگای لقی دووی پارتی و، مەڵبەندی سێی یەکێتی لە هەولێر تێدەپەرێت، کە تێیدا 101 کەس شەهید بوون. لە یادی ئەو رۆژەدا کەسوکاری قوربانیانی تەقینەوەکە، باسی رووداوەکە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو دەکەن. 

کافیە حەمید تاوەکو ئێستا باوەڕ بە شەهیدبوونی هاوژین و منداڵە 12 ساڵەکەی لەو تەقینەوەیە ناکات. بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە باسی ئەو رۆژە دەکات کە دوو لە خۆشەویستترین کەسەکانی تێیدا لەدەستدا.

کافیە، دوای شەهیدبوونی جگەرگۆشەکەی سەردانی قوتابخانەکەی کردووە و ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی بۆ وەرگرتووەتەوە، بە گریانەوە دەڵێ "ئەو رۆژە هەر کارتەکەیم ماچ کرد و بۆنم کرد".

کافیە حەمید، هەرگیز ئەو ساتەی بیرناچێتەوە کە تێیدا تەرمی کوڕەکەیان لەبەردەمی داناوە و دەڵێ "من، گوتم کوا هیوا؟ ئەوەندەم زانی تەرمەکەیان لەبەردەمم دانا، هەرچەندە ئەوان بە منیان گوتبووە زیندووە و بانگم دەکات".

هیوا، کاتێک لەگەڵ باوکی رۆیشتووە، هێشتا جەژنانەی لەگەڵ دایکی نەکردووە و گوتوویەتی "دایکە کە هاتمەوە جەژنانە دەکەین"، دایکەکەی دەڵێ کە تەرمەکەیم بینی "هەر ماچم دەکرد و، دەمگوت نەتگوت بێیەوە جەژنانە دەکەین، خۆ تۆ ئەمڕۆ جەژنانەت لەگەڵم نەکرد".

کاتێک خانەوادەکەی هیوا خەریکبوون بچنە گۆڕستان بۆ ناشتنی تەرمەکەی، وەکو دایکی دەڵێ "ئۆتۆمبێلێکی فریاکەوتن هات و گوتی بگەڕێنەوە، باوکیشی مردووە".

هەرچەندە لەدەستدانی ئەندامانی خێزان بەهیچ شێوەیەک قەرەبوو ناکرێتەوە، بەڵام وەکو بەرپرسێکی وەزارەتی شەهیدان دەڵێ، هەموو توانایەکیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هیچ نەبێت، ئازاری دڵی کەسوکاری قوربانییەکان کەمبکەنەوە.

1ـی شوباتی 2004، لە یەکەم رۆژی جەژنی قورباندا دوو تەقینەوە لە بارەگاکانی لقی دووی پارتی و مەڵبەندی سێی یەکێتی روویاندا ، لە ئەنجامدا 101 سەرکردە، کادیر و ئەندامانی ئەو دوو حیزبە شەهیدبوون، 246 کەسی دیکەش بریندار بوون.


داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە