لە هەولێر یادی شەهیدانی یەکی شوبات کرایەوە؛ داوای یەکڕیزی دەکرێت

01-02-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن یەکی شوبات
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەمەبەستی بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی یەکی شوبات، ئەمڕۆ لە هەولێر رێوڕەسمێک سازکرا و تێیدا تاجەگوڵینە لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدەکان دانرا. هەریەک لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیش لە پەیامیاندا بەو بۆنەیەوە، داوای یەکڕیزی دەکەن.
 
لە 1ـی شوباتی ساڵی 2004 کە هاوکات بوو لەگەڵ یەکەم رۆژی جەژنی قوربان، لە هەردوو بارەگای مەڵبەندی سێی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەولێر، دوو تەقینەوەی خۆکوژی روویاندا. بەهۆی تەقینەوەکانەوە 103 کەس لە هەردوو بارەگا شەهید بوون و 246 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
تەقینەوە خۆکوژییەکان لەلایەن لایەنگرانی رێکخراوی قاعیدەوە هاوکات ئەنجامدران، لەکاتێکدا کە هاونیشتمانییان سەرقاڵی جەژنەپیرۆزە و گەردەن ئازاییکردن بوون لە یەکتر، لەئەنجامیشیاندا جگە لە هاونیشتمانییان کە بۆ پیرۆزبایی جەژن لەو دوو بارەگایە بوون "پۆلێک سەرکردە و کادری هەردوو حیزب" شەهید بوون.
 
 
رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆ بۆ یادکردنەوەی شەهیدەکان لەبەردەم مۆنیومێنتی شەهیدانی یەکی شوبات لە پارکی سامی عەبدولرەحمان لە هەولێر سازکرا، سەرەتا بە خولەکێک وەستان بۆ رێزلێنان لە گیانی شەهیدەکان، دەستیپێکرد، دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "تاجەگوڵینەی رێز و وەفای" لەسەر مۆنیومینتی شەهیدانی یەکی شوبات دانا، دواتر دڵشاد شەهاب بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاجەگوڵینەی لەسەر مۆنیومینتەکە دانا.

 

 
یەکێتی و پارتی بە هاوبەشی تاجەگوڵینەیان دانا
 
تەقینەوە خۆکوژییەکانی یەکی شوباتی 2004 جیاوازییان لەنێوان یەکێتی و پارتیدا نەکرد و هەردوولایان لە هەمان کاتدا کردە ئامانج، ئەمڕۆش لە رێوڕەسمەکەدا هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە هاوبەشی تاجەگوڵینەیان بۆ یادی شەهیدەکان دانا.  

 

 
نێچیرڤان بارزانی: با یادی شەهیدانی یەکی شوبات بکەینە هەوێنی یەکڕیزی
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 1-2-2024) رایگەیاند "به‌ شكۆوه‌ يادى هه‌ڤاڵان و هاوكارانمان، شه‌هيدانى نه‌مرى يه‌كى شوبات ده‌كه‌ينه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازشيان بۆ داده‌نوێنين." 
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها دەڵێ "با يادى شه‌هيدان كه‌ پۆلێك سه‌ركرده‌ و كاديرى ديار و به‌تواناى پارتى و يه‌كێتى و لايه‌نه‌كانى ديكه‌ و خه‌ڵكى كوردستان بوون و كرانه‌ ئامانجى تاوانێكى ڕه‌شى تيرۆرستى، بكه‌ينه‌ هه‌وێنى يه‌كڕيزى و ته‌بايى و يه‌كترقبووڵكردن و كارى پێكه‌وه‌يى بۆ خزمه‌تكردنى باشترى ئێستا و داهاتووى گه‌ل و نيشتمان." 
 
یەکێتی نیشتمانی کوردستان: بۆ بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتێكی وەها پێویستمان بە یەكڕیزییە
 
مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەیامێکدا بەو بۆنەیەوە، ئەمڕۆ رایگەیاند "كارەساتی 1ـی شوبات كۆستێكی گەورە بوو بۆ میللەتەكەمان، هاوكات پەیام و راچڵەكینێكی مێژووییش بوو بۆ بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان كە تیرۆرستان و دوژمنانی گەلەكەمان بێ جیاكاری نێوان رەنگەكانمان، وەك یەك نەتەوە دەمانكەنە ئامانجی لەنێوبردن و كوشتن و جینۆساید."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، کارەساتی یەکی شوبات "زیان و كۆستێكی گەورە بوو لە میللەتەكەمان لە عێراقی پاش كەوتنی دیكتاتۆری كە رووی لە داڕشتنی پڕۆسەیەكی سیاسی نوێ، دیموكراسیی و فیدراڵی بوو، لە هەمان كاتدا پەیام و راچڵەكینێكی مێژووییش بوو بۆ بزووتنەوەی سیاسیی كوردستان و هێزە سیاسییەكانی كە تیرۆرستان و دوژمنانی گەلەكەمان، بێ جیاوازی بارەگای مەڵبەند و لق، بێ جیاكاری لەنێوان یەكێتی و پارتی و رەنگەكانمان، وەك یەك نەتەوە و یەك چارەنووس دەمانكەنە ئامانجی لەنێوبردن و كوشتن و جینۆساید، بۆیە بەرگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتێكی وەها، جگە لە ئاگایی و چاوكراوەیی زیاتری ئەمنی، پێویستی بە یەكڕیزی و یەك ھەڵوێستیی بەردەوامی هەموو لایەكمانە، بەتایبەتی لەمڕۆدا كە هەڕەشەی هەمەجۆری سەر ئەزموونەكەمان لێمان دەخوازێ پێكەوە تەگبیری هاوبەش و دەستپێشخەری بنیاتنەرانە بگرینەبەر و هەڕەشەكان بكەینە دەرفەتێكی گونجاوتر بۆ داهاتوومان."
 
هەر لە رێوڕەسمەکەدا کەسوکاری شەهیدانی یەکی شوبات تاجەگوڵینەیان لەسەر مۆنیومێنتی شەهیدەکانیان دانا.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.