بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر دوو کۆگای رۆنی ئۆتۆمبێل لە هەولێر

30 خولەک له‌مه‌وپێش
دڵنیا رەحمان
دڵنیا رەحمان @dilnyarahman
دیمەنی کۆگاکە
دیمەنی کۆگاکە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

بەرەبەیانی رۆژی 1ی نیسان، بە پێنج درۆن هێرش کرایە سەر دوو کۆگای رۆنی ئۆتۆمبێل لە شاری هەولێر؛ چوار لە درۆنەکان ئامانجەکەیان پێکا و بەهۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتەوە و دووکەڵێکی رەش ئاسمانی شارەکەی داپۆشی، بەڵام رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێنەکەوتووەتەوە.
 
هێرشەکان لە کاژێر 07:20 خولەکی بەیانی دەستیان پێکرد، کاتێک یەکەم درۆن کۆگاکانی کردە ئامانج. لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە بوون، کاژێر 08:30 خولەک درۆنی دووەم لە هەمان شوێنی دا. دواتر لە کاژێر 10:20 خولەک درۆنی سێیەمیش شوێنەکەی کردە ئامانج.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیای رووداو، درۆنی چوارەم لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی هاوپەیمانانەوە خراوەتە خوارەوە. بە گشتی پێنج درۆن ئاراستەی کۆگاکان کران لە شاری هەولێر.
 
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 کاژێر بەسەر یەکەم هێرشدا، بەهۆی مەترسیی دووبارەبوونەوەی بۆردوومانەکانەوە، هیچ لایەنێک نەیتوانیوە بەتەواوی لە شوێنی رووداوەکە نزیک ببێتەوە و دووکەڵێکی رەش بەردەوام ئاسمانی هەولێری داپۆشیوە.
 
شەماڵ بیبانی، ئەندامی ئەنجوومەنی ئیدارەی سەردار، لەبارەی زیانەکانی ئەو هێرشانەوە گوتی: "دوو کۆگای گەورەن، تەنیا بۆ رۆنی ئۆتۆمبێل بەکار دەهێنرێن و لەوێوە دابەش دەکرێن بۆ هەموو بازاڕەکانی عێراق. هەردوو کۆگاکە بە تەواوی سووتان، بەداخەوە چوار جار کرانە ئامانج. دەوام لە کاژێر 08:00ـەوە دەستپێدەکات و شوکر بۆ خوا لەو کاتەدا کەس لەوێ نەبووە و زیانی گیانی نەبووە."
 
سەرەڕای بەردەوامیی هێرشەکان و زۆربوونی چواردەوری ناوچەکە بە دووکەڵ، ژیانی ئاسایی و کاروکەسابەت لە بەشێک لە دەوروبەری رووداوەکە نەوەستاوە.
 
هۆگر ئەبووبەکر کە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی نزیک لە شوێنی بۆردوومانەکەیە، بە ورەیەکی بەرزەوە لە کارەکەی بەردەوام بوو و گوتی: "ئەبەد هەستمان بە ترس نەکردووە، لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین؛ کورد لەوەتەی هەبووە زوڵمی لێ دەکرێت، هیچ کاتێکیش نەترساوە. ئەوەی کورد بێت نابێت بترسێت. ئێمە زۆر شتی دیکەمان بینیوە، شەڕی داعشمان بینیوە، لەبەر ئەوە ترس لای ئێمە شتێکی مەحاڵە. مرۆڤ هەر دەمرێت، بۆ بە ترسەوە بمرێت؟ خوا ئەوانەش رسوا بکات کە ئەم کارە دەکەن."
 
28ـی ئاداری 2026 جەنگ لەنێوان ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە و لەگەڵ دەستپێکی جەنگەکەشدا، هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیان پێکردووە.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی کۆمەڵایەتی: ناتوانین خوێندنی نابینایان و نابیستان بکەینە ئۆنلاین

بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی هەولێر ڕایدەگەیێنێت، بەهۆی تایبەتمەندیی وانەکان و پێویستیی قوتابیان بە ڕاهێنانی دەستی، پڕۆسەی خوێندن لە پەیمانگەکانی نابینایان و نابیستان بە شێوەی ئامادەبوون بەردەوامە و دەشڵێت: "خوێندنی ئەو توێژانە وەک خوێندنی ئاسایی نییە و بە ئۆنلاین بەڕێوە ناچێت".