سلێمانی.. ئەمڕۆ پرۆژەی شاری جوان دەكرێتەوە

02-03-2014
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
نیشانەکردن شاری جوان سلێمانی
A+ A-
رووداو - سلێمانی

ئەو پرۆژەیەی كە تاوەكو چەند مانگێك لەوەوبەریش بەشێك لە خەڵك نەیاندەزانی چییە، تەواو بوو. هەندێك پێی دەڵێن (بورجە بەرزەكە) و هەندێكیش هەر بە (بیناكەی فار‌ووقی مەلا مستەفا) ناوی دەبەن. ناوی راستەقینەی ئەو پرۆژەیە شاری جوان و ئوتێل گراند ملنیۆمی سلێمانییە، كە بە گەورەترین پڕۆژەی وەبەرهێنانی ئەو پارێزگایە تۆماركراوە. 

وەرزێر سەرورەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی شاری جوان بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتی "پڕۆژەكەمان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی یەكێكە لە گەورەترین ئەو پڕۆژانەی كە بەدیزاینی گراندی جیهانی و بە نەخشەی بەریتانی دروستكراوە".

لەقۆناخی یەكەمدا تەنیا هۆتێلەكە دەكرێتەوە، چونكە هەندێك لە بەشەكانی شاری جوان هێشتا كاری تێدادەكرێت. هۆتێلەكە یەكەمین پرۆژەیە لە سلێمانی كە لەسەر نەخشەی تەواوەتی گراندی بەریتانی دروستكراوە و 5 ئەستێرەی پێدەدرێ.

فەرمان غەریب، بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی سلێمانی، بە رووداوی گوت "ئەو پڕۆژەیە سێیەم هۆتێلی كۆمپانیاكانی فارووقە كە لەسلێمانی دەكرێتەوەو هەشتەم پڕۆژەی گراندە لەو شارە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردن و مۆڵەتپێدانەوە".

بڕیارە ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بچێتە سلێمانی و یەكێك لە ئەجێنداكانی سەردانەكەشی كردنەوەی پرۆژەی شاری جوانە.

 شاری جوان لە سلێمانی لەسەر پانتایی  248هەزار مەتر زەوی چوارگۆشە دروستكراوەو 260 ملیۆن دۆلاری تێچووە، پێكهاتووە لە 39 نهۆم و 253 ژووری نووستنی بچووك و مامناوەند و گەورە و شاهانە،4 بازاڕی گەورە و هۆڵی كۆبوونەوەو ئاهەنگگێڕان و سینەما و 2 چێشتخانە، كە یەكێكیان دەكەوێتە كۆتایی هۆتێلەكەو لەماوەی یەك كاژێردا جارێك بەدەوری خۆیدا دەخولێتەوە.نرخی یەك شەو نووستن 210 هەزار دینارە بەبێ خەرجییەكانی دیكەی مانەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە