رووداو - کەرکووک
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور و کارمەندێکی ئەو کۆمپانیایە کوژران.
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە کەرکووک، رایگەیاند " کاژێر 8:30ـی خولەکی بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە 2-5-2017، محەممەد یونس ساڵح، جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور کە هاوکات سەرۆکی یانەی وەرزشی گازی باکوور بوو، لەگەڵ کارمەندێکی ئەو کۆمپانیایە بەناوی شاهۆ عەبدولسەلام، کوژران".
پەیامنێری رووداو گوتی "محەممەد یونس ساڵح و پاسەوانەکەی، لە نزیک بازگەی 1ـی حوزەیران لەلایەن ئۆتۆمبێلێكی جۆری بی ئێم (BMW) تەقەیان لێکراوە و کوژراون".
شایەتحاڵێک کە لە شوێنی رووداوەکە بووە و ئاگاداری چۆنییەتی تەقەکردنەکە بووە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "من ئاگاداری رووداوەکە بووم، کاتێک بینم دەستڕێژی گوللەی لە ئۆتۆمبێلەکە کرا، دواتر ئۆتۆمبێلەکە بەخێرای شوێنەکەی جێهێشت".
شوێنی رووداوەکە هیچ کامێرایەکی چاودێری لێنییە و بەگوتەی خەڵکی ناوچەکەش "ئەوان ئەوەیان بەدەرفەت زانیووە، کە ئەو رووداوە لەو شوێنە ئەنجامبدەن".
پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەشدا "جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور و کارمەندی ئەو کۆمپانیایە ویستوویانە بچنە کۆمپانیای گازی باکوور و لە رێگا کوشتوویانن".
ئەفسەرێکی ئاسایش، کە لە شوێنی رووداوەکە بوو، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو کەسانەی ئەوانیان کوشتوون دەمامکداربوون، بەڵام تاوەکو ئێستا نازانێت ئەوان کێن، گوللەیەکی زۆریشیان بەرکەوتووە".
محەممەد یونس ساڵح
لە ساڵی 1963 لەدایکبووە
خاوەنی دوو کوڕ و کچێکە
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە ئەندازەی میکانیکی بەدەستهێناوە
ساڵی 2004 بووەتە ئەندامی یانەی گازی باکوور
ساڵی 2008 بەفەرمی بووەتە سەرۆکی یانەکە
ساڵی 2013 کراوەتە یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی باکوور
لەسەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا تیپی تۆپی پێی گازی باکوور گەیشتووەتە خولی پلە نایابەکانی کوردستان
تیپی فوتساڵی کوڕانی یانەکە پلەی دووەمیان لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێناوە
تیپی مەلەوانی یانەکە پلەی یەکەمی عێراقیان بەدەستهێناوە
تیپی کچانی یانەکە لە تۆپی پێی ئافرەتاندا یەکەمی عێراق بوون
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ