رووداو- هەولێر
هونەرمەندێکی سووری دەستکردی سەرنجڕاکێش دروست دەکات و یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانیشی لەم کارەی ئەوەیە ، سوورییەکانی ناو ئەم کەمپەی ئوردن لە جیهانی هونەر و کولتوور دانەبڕدرێن.
خدێوی نابلوسی پیاوێکی تەمەن 63 ساڵەیە و خەڵکی پارێزگای دەرعای باشووری سووریایە. ئەو چوار ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ هاوژین و منداڵەکانی سووریای بەجێهێشت و روویکردە ئوردن و لەو کاتەوە لە کامپی زەعتەری دەژین.
نزیکەی 80 هەزار کەس لەم کامپەدا دەژین و ژمارەیەکی زۆریان هەوڵیانداوە لەگەڵ ئەم ژیانە نوێیەدا بەتەواوی خۆیان بگونجێنن.
خدێوی نابلوسی هونەرمەندە و ئێستا لە یەکێک لە قوتابخانەکانی زەعتەریدا وانەی هونەر دەڵێتەوە. ئەو هونەرمەندە سووریە دەڵێت، سەرەتا کە هاتنە ئوردن زۆر بێ ئومێد بوون، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە بۆیان گۆڕدراوە.
خدێوی نابلوسی، هونەرمەندی سووری دەڵێت: "کاتێک یەکەمجار هاتمە کەمپەکە زۆر بێتاقەت و بێزار بووم. من ژیانی رۆشنبیری و پەروەردەیی و تەنانەت ژیانێکی مۆدێڕنیشم نەبوو. خەڵکی بەو جۆرە دەردەکەوتن وەک ئەوەی لە گۆڕ هاتبنە دەرەوە و تەنیا شتە پێویستەکانیان بەلاوە باش بوون. بەڵام من زوو دەستم پێکردەوە و تیشکم خستەسەر ئەو سامانەی لە سووریا بەجێمان هێشتبوو".
نابلوسی بۆ ماوەی زیاتر لە 55 ساڵ لە سووریا ژیاوە و خاوەنی سەتان یادەوەرییە کە پێیوایە پاراستنیان گرنگە و هەربۆیەش هەوڵدەدات شتانێک دروست بکات کە پارێزەری ئەو یادەوەرییانە بن.
ئەو هونەرمەندە بە سوود وەرگرتن لە تەختە و بەرد چەندین شتی کۆنیش دروست دەکات، لەوانە ئاوەن و دەسکەوان.
خدێوی نابلوسی دەڵێت: "لە سووریادا گەنجینەیەکی گەورەی سامان هەن کە دەبێت بپارێزرێت. شەڕی سووریا شتی زۆری وێرانکرد. منیش دەمەوێت سامانی وڵاتەکەمان پیشانی نەوەی نوێی سووریا و نەوەی بەتەمەنیش بدەم کە لەم کەمپەدا دەژین".
پێداچوونەوە؛ عومەر شایان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ