رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە بۆ ماوەی یەک هەفتە وەکو تێست بەکارهێنانی ئینتەرنێتی حکومەت لە فەرمانگەکاندا بۆ کردنەوە و تەماشاکردنی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتییەکان رادەگرن و تەنیا بۆ ئیشوکارەکانی حکومەت دەبێت. دەشڵێت: "لەداهاتوودا پلانمان هەیە ئینتەرنێت لە فەرمانگەکانی حکومەت بۆ کاری کەسی بەتەواوەتی رابگرین."
رۆژی یەکشەممە 2-10-2022، د. جەمال ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان لەبارەی راگرتنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک ئەپڵیکەیشنی دیکە لە فەرمانگەکانی حکومەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لە ئەمڕۆوە دەستمانکردووە بە راگرتنی بەکارهێنانی ئینتەرنێتی میری و حکومەت بۆ کاروباری کەسی و بەتایبەت بۆ کردنەوە و تەماشاکردنی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و یوتیوب و شتی دیکە و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە وەکو تێست بەردەوام دەبێت و دواتر کار لەسەر لێکەوت و ئەنجامەکانی دەکەین."
د. جەمال ئەحمەد ئاماژەی بەوە دا گلەیی و گازندەیەکی زۆری خەڵکییان بۆ دێتەوە لەوەی زۆر جار لە فەرمانگەکانی حکومەت فەرمانبەران سەرقاڵی مۆبایل و بەکارهێنانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و یوتیوب و شتی دیکەن و کەمتر کاردەکەن، بۆیە دەیانەوێت ئەوە نەهێڵن. گوتیشی: "سەرەتا لە هەنگاوەکەی ئەمڕۆوە دەستمانپێکرد ئەویش ئەو ئینتەرنێتەی لە فەرمانگەکان هەیە و حکومەت پارەکەی دەدات تەنیا بۆ کاروباری فەرمانگە و راییکردنی کارەکانی هاووڵاتییان بەکاربهێنرێت."
بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن دەشڵێت، ئەو کارە لە رێگەی کۆمپانیاکانی گەیاندنەوە دەکەن ئەوانەی کە ئینتەرنێت دابەشدەکەن و حکومەت ئینتەرنێتی لێوە وەرگرتوون بۆ فەرمانگەکانی.
هەروەها ئاشکرای کرد لە داهاتوودا پلانیان هەیە بەتەواوەتی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی و هەندێک ئەپڵیکەیشن لە فەرمانگەکانی حکومەت رابگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ