رووداو دیجیتاڵ
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سیاسەتی "فراوانخوازیی ئیسرائیل" لە ناوچەکەدا وەک کێشەیەکی سەرەکی بۆ سەقامگیری و ئاسایش دەمێنێتەوە.
فیدان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ شێخ محەممەد عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، تیشکی خستە سەر چەند پرسێکی هەستیاری ناوچەکە.
لەبارەی تەنگەی هورمز، فیدان هۆشداری دا کە داخستنی تەنگەکە گوشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئاسایشی وزە و ئابووریی جیهان. گوتیشی "ئەولەویەتی ئەنقەرە دەستەبەرکردنی ئاسایشی دەریاوانی و رێگریکردنە لە گەڕانەوە بۆ شەڕ."
لەبارەی دۆخی سووریا و غەززەشەوە ئاماژەی بەوە کرد، هەڵوێستی ئیسرائیل لە سووریا و غەززە گیانی زۆرێک لە مرۆڤەکانی کردووەتە قوربانی و پێشێلکارییەکانی ئاگربەست لە غەززە گەیشتوونەتە لوتکە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ هێنانەدی ئاشتی لە نێوان ئەمریکا وئێران و گوتی:" قەتەر و تورکیا پشتگیری لە هەوڵە نێوەندگیرییەکانی پاکستان دەکەن بۆ کۆتایهێنان بە شەڕ و کردنەوەی تەنگەی هورمز."
وەزیری دەرەوەی قەتەر رەخنەی لە تەلئەڤیڤ گرت و رایگەیاند، ئیسرائیل بەردەوامە لە پێشێلکردنی ئاگربەست و هاوکارییە مرۆییەکان وەک "چەکێک" بەکاردەهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ