رووداو دیجیتاڵ
مەکتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی پارتی دەداتەوە و دەڵێت: "هەمیشە نەرمیمان نواندووە و زۆر لە مافی خۆمان خۆشبووین، بەڵام ناکرێت تاوەکو سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاكاری و ئابڵوقەی دووژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی ناوچەكانی ئەم دیو دێگەڵە (بگرە تەواوی دۆخی دژواری کوردستان) كە تائێستا سنوورێكی دروستكراوی هەڵبەستنی رق و كینەی ناختانە."
هەروەها بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دەڵێت، "شێخ جەعفەر و مێژووی خەباتی و سەرجەم فەرماندەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان نەک بەراورد ناکرێن، بەڵکو لای من هێڵی سوورن، قسەکردنتان لەسەر هێڵی سوورمان وەڵامێکی چاوەڕواننەکراوی دەبێت!"
لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئەندامی ئەنجوومەنی باڵا و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی گوتی: "حکومەت تاکڕەوانە بڕیار دەدات و ئەوەندەی من لەگەڵ مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی پارتیش قسەم کردووە، ئەوانیش ئەم بەڕێوەبردنەی حکومەتیان پێ راست نییە."
رۆژی چوارشەممە، 2-11-2022، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی جەعفەر شێخ مستەفای دایەوە و گوتی: "بێ ئومێدی لە ئاكامی سیاسەتی ناڕوون و دوور لە پرەنسیپەكانی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نەتەوەیی و نیشتمانیی حیزبەكەی كاك جەعفەر شێخ مستەفا، پشتگوێخستنی رێككەوتنەكان و قبووڵنەكردنی ئاكامی هەڵبژاردنەكانە، خەڵك بێئومێد بووە، چونكە یەكێتی باكی بە ئاییندەی ئەم هەرێمە نییە، چونكە كێشە و گرفتە ناوخۆییەكانی ناوخۆی حیزبەكەیان پێ چارەسەر ناكرێت، دەپرسین ئەی چۆن دەتوانن كێشەكانی كوردستان چارە بكەن؟"
مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "لە ترسی دۆڕاندنی هەڵبژاردنەكان [یەکێتی] کێشەی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دروستكردووە، بەم هۆیەوە هەڵبژاردن دواكەوت." یەکێتی لە وەڵامدا دەڵێت، "راستییەکەی ئەوەیە کە پارتی دەیویست بەو یاسا كۆنەی هەڵبژاردن و تۆمارە پڕ خەوشەی دەنگدەران، بەبێ هەمواركردنەوەیەکی گونجاو، بچینە ناو پڕۆسەیەکی شێواوی هەڵبژاردنەوە كە تەنها و تەنها لە بەرژەوەندیی پارتی و ساختەیە ئاشکرا و چەندبارە بووەکانیدایە."
مەکتەبی سیاسیی پارتی لە جەعفەر شێخ مستەفا دەپرسێت: "تۆ و هەندێك لە هەڤاڵەكانت بۆ ئەوەندە لە داواكردنی دادگە بۆ رادەستکردنی چەند كەسێك كە داواكراون بۆ لێكۆڵینەوە لە بابەتی تیرۆری هاووڵاتییەكی ئەم هەرێمی کوردستانە تەنگاو بوون و لە هەموو ئاستەكاندا دەستتان كردووە بە هێرش و تێكدانی بارودۆخەكە؟ ئێمە لە مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی پارتی پشوودرێژ بووین لە وەڵامنەدانەوەی كۆمەڵێك چەواشەكاری و قسەی هەڵبەستراو، بەڵام پشوودرێژیش سنووری خۆی هەیە."
زۆری نەبرد مەکتەبی سیاسیی یەكێتی، وەڵامی پارتی دایەوە، لە راگەیێندراوەکەدا کە لە راگەیاندنەکانی یەكێتیدا بڵاوکراوەتەوە هاتووە: "قەراربوو لیژنەی هاوبەشی لێکۆڵینەوە لە هەر کەیسێکی گوماناوی بکەن نەک هەر خۆیان ئیستفراد بە دادگە و لێکۆڵینەوە بکەن و سیناریۆ دابتاشن و مۆری دادگەی لێبدەن."
هەروەها پارتی، حیزبە هاوپەیمانەکەی خۆی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە لە خەمی ئایندەی کوردستاندا نییە، بەڵام یەکێتی دەڵێت: "ئەوە پارتییە هەمیشە ئامادەبووە و ئامادەیە هەموو هەرێم و ئەزموونەكەمان بكاتە قوربانی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و ئیمارەتێكی بەرتەسک بۆ مانەوەیان تا شتێك نەمێنێ بە ناوی هەرێم و حكومەت و ئیدارەی کوردستانییەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ