لافاو لە تەقتەق 750 هەزار ماسیی بردووە و خاوەن حەوزەکان چاوەڕێی قەرەبوون

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئەبوبەکر ئیسماعیل
دیمەنی حەوزەکانی ماسی لە تەقتەق
دیمەنی حەوزەکانی ماسی لە تەقتەق
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای تێپەڕبوونی 17 رۆژ بەسەر لافاوەکەی ناحیەی تەقتەق، هێشتا شوێنەواری وێرانکاری بە حەوزەکانی ماسییەوە دیارن. بەپێی ئامارەکان، 250 حەوز زیانیان بەرکەوتووە و لافاوەکە زیاتر لە 750 هەزار ماسیی لەگەڵ خۆی بردووە.
 
دیمەنی حەوزە ماسییەکانی تەقتەق کە پێشتر سەرچاوەی بژێویی سەدان خێزان بوون، ئێستا گۆڕاوە؛ لە دوای لافاوەکەی 9ی کانوونی یەکەمەوە، جگە لە قوڕ و لیتە، هیچ نیشانەیەک لە ژیان و بەرهەمی ماسی تێیدا نەماوەتەوە.
 
خەلیل سەلیم، یەکێکە لەو خاوەن حەوزانەی لافاوەکە زیانێکی کەمەرشکێنی پێگەیاندووە. حەوزەکەی ئەو دەکەوێتە کەناری زێی بچووک و لافاوەکە نۆ حەوزی پڕ لە ماسیی بردووە.
 
خەلیل بە رووداوی گوت: "زیاتر لە 100 ملیۆن دینار زیانم بەرکەوتووە، هەموو ماسییەکان رۆیشتوون و حەوزەکان پڕبوونەتەوە لە قوڕ."
 
دوای رووداوەکە، قایمقامیەتی کۆیە و بەڕێوەبەرایەتیی ناحیەی تەقتەق لیژنەیەکیان بۆ خەمڵاندنی زیانەکان پێکهێنا، بەڵام خاوەن حەوزەکان گلەیی دەکەن تاوەکو ئێستا قەرەبووکردنەوە تەنیا لەسەر کاخەز ماوەتەوە و یەک دیناریان بۆ خەرج نەکراوە.
 
سەباح عوسمان، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی تەقتەق سەبارەت بە قەبارەی زیانەکان بە رووداوی راگەیاند: "بەگوێرەی ئامارەکانی لیژنەی خەمڵاندن، 250 حەوزی ماسی زیانیان بەرکەوتووە و لافاو زیاتر لە 750 هەزار ماسیی بردوون، کە بەشێکیان کێشیان لە سەرووی سێ کیلۆوە بووە و ئامادە بوون بۆ بازاڕ."
 
پەیامنێری رووداو لە شوێنی حەوزەکانەوە دەڵێت: "ئەم قوڕ و لیتەیە شوێنی هەزاران ماسیی گرتووەتەوە کە بڕیار بوو ئێستا لە بازاڕەکاندا بن. بۆ خاوەن حەوزەکان، زیانەکە دوو هێندەیە؛ هەم بەرهەمەکەیان رۆیشتووە، هەم ژێرخانی حەوزەکانیشیان وێران بووە."
 
خاوەن حەوزەکان دەڵێن، ئەگەر حکومەت بەدەممانەوە نەیەت و قەرەبوومان نەکاتەوە، توانای دارایی ئەوەیان نییە جارێکی دیکە حەوزەکانیان پڕ بکەنەوە لە ماسی و دەست بە کار بکەنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چیرۆکی پەیام و باوکی، لەگەڵ ئەوانەی بەخشینی ئەندامانی جەستە ژیانی بۆ گەڕاندوونەتەوە

بەڵگەفیلمی ژیان بەخشین؛ ئەندامێکی جەستە دەبێتە چرایەک بۆ ژیانێکی دیکە

چیرۆکێکی دیکەی بەڵگەفیلمەکە باسی بەرهەم محەممەد دەکات، کە یەکێکە لە وەرگرانی گورچیلە. دوای ئەوەی لە بەخشەرە دەرەکییەکان نائومێد دەبێت و چەند کەسێک لە بڕیاری بەخشینی گورچیلە پەشیمان دەبنەوە، براکەی دێتە پێش و بێبەرامبەر گورچیلەیەکی خۆی پێدەبەخشێت. بەرهەم دەڵێت، "ئەم ژیانەی ئێستا هەمە، قەرزاری ئازایەتی و دڵسۆزیی براکەمم".