رووداو - کەرکووک
چەند رۆژێک لەمەوبەر لە کەرکووک گەنجێکی تەمەن 24 ساڵی کورد لەلایەن کەسێکی عەرەبەوە بەچەقۆ کوژرا. لەدوای کوشتنیشی، بکوژەکە ویستبووی هەڵبێت، بەڵام هاوڕێکانی گەنجە کوژراوەکە بەدوای دەکەون و دەستگیریدەکەن.
گۆران لوقمان، شایەدحاڵ و هاوڕێی کوژراوەکەیە و دەڵێت: "کاژێر چواری ئێوارەی رۆژی هەینی ئێمە دانیشتبووین، ماتۆڕسوارێک هات و لەگەنجێکیدا، بووە دەمەقاڵێ و ئەم (زیاد) ویستی نێوبژی بکات، لەپشتەوە چەقۆیەکی لەپشتیدا، دواتر یەکێکی لەدەستیدا و رایکرد، زۆر رایکرد و گرتمان".
بکوژە عەرەبەکە پێش ئەم رووداوە بە دوو رۆژ لەسەر تاوانی دیکە لەزیندان بووە، دوای دەستگیرکردنی لەلایەن هاوڕێکانی زیادەوە رادەستی پۆلیس کراوە.
کەسوکاری قوربانییەکە دەیانەوێ لەڕێگەی دادگاوە بەسزای خۆی بگات، بەڵام راشیدەگەیەنن گوشار هەن تاوەکو بکوژەکە لەدەرەوەی رێکارەکانی یاسا و دادگا ئازادبکرێت.
محەممەد ئازاد، برای کوژراوەکە بە رووداوی راگەیاند "تاوانبارەکە گوتوویەتی من کێشەم نییە بە پێنج رۆژ ئازاد دەکرێم، دیارە هێزێک لەپشتییەتی، کورد دەسەڵاتی نییە و زوڵم لێکراوە لە کەرکووک".
لەماوەی 10 رۆژی رابردوو زیاد چوارەم کەسە بەهۆی رووداوی جۆراو جۆرەوە لە کەرکووک دەکوژرێت، پۆلیس رێکاری بۆ تەواوی ئەو رووداوانە گرتووەتەبەر و بەشێک لەتاوانبارەکانیش دەستگیرکراون.
بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی کەرکووک لەماوەی ساڵێکدا شەش هەزار و 616 رووداو تۆمارکراون، سێ هەزار و 394 حاڵەتییان ئاشکراکراون و رێکاری پێویست گیراونەتەبەر، 169 کەس کوژراون و 130 هەوڵیش هەبوون بۆ کوشتن، یان برینداربوون یان نەتواندراون ئەنجام بدرێت.
داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ