کەشناسی: بارستە هەوایەکی سارد ناوچەکە دەگرێتەوە و لە چەند شوێنێک باران دەبارێ

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کەشناسی دەڵێ، سبەی بارستەهەوایەکی سارد و نیمچەسارد هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بۆ نموونە، سبەی بەراورد بە دوێنی پلەی گەرما لە هەولێر 12 پلەی سیلیزی دادەبەزێ؛ هەروەها پێشبینی بارانبارین لە چەند ناوچەیەک دەکرێ.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، کەشناسیی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە: "ئەمڕۆ ئاسمان نیمچەهەور دەبێت، بەراورد بە دوێنێ پلەی گەرما بەرزدەبێتەوە و خێرایی با زیاد دەکات؛ هەروەها پێشبینی بارانی بەهارە و کورتخایەن لە هەندێ ناوچەی شاخاوی هەیە. لە ناوچە سنوورییەکانی ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای دهۆک ئەگەری چەند تاوەبارانێکی کورتخایەن هەیە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی دووشەممە "بارستە هەوایەکی سارد بۆسەر ناوچە سنوورییەکان و ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات؛ هەروەها بارستەهەوایەکی نیمچەسارد و فێنک ناوچەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
 
کەشناسیی پێشبینی دەکات، سبەی لە ناوچە شاخاوییەکان لە دوای نیوەڕۆدا "گەواڵەباران"ـی بەهاری ببارێ؛ راشیگەیاندووە: "پێشبینی باران بۆ سەنتەری پارێزگاکان لاوازە، بەڵام لە کاتی بوونی دڵۆپەباران بەهۆی بوونی بارستە هەوایەکی تێکەڵ بە تۆزوخۆڵ لە چینەکانی سەرەوە ئەگەری دابارینی ئەو تۆزوخۆڵە هەیە بە تێکەڵی لەگەڵ باران".
 
د. لوقمان موفتی، شارەزای کەشناسی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ سەرەتا گەرم دەبێ و دواتر پلەی گەرما دادەبەزێ و ئەگەری رێژنەبارانی پچڕپچڕ و ناوبەناو هەیە بۆ ناوچە شاخاوییەکان. هەروەها ئەگەری بارینی بەفر لە ناوچە کوێستانییەکان لە بەرزایی زیاتر کە 2900 مەتر لە رووی دەریا هەیە".
 
موفتی پێشبینی دەکات، "پلەی گەرما زۆر دابەزێ بەتایبەت بە شەوان. ئەو رێژنە بارانانەی ئەمڕۆ و رۆژانی دواتر دەبارێ کەمێک قوڕاوی دەبێ، هەروەها بەهۆی چالاکبوونی بای باشووری رۆژئاوا پێشبینی دەکرێ هەندێک تۆزوخۆڵ ئاسمانی زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە".
 
بەگوێرەی کەشناسیی هەرێمی کوردستان، سبەی بەراورد بە ئەمڕۆ پلەی گەرما لە سەنتەری پارێزگاکان 6 بۆ هەشت پلەی سیلیزی و لە ناوچە شاخاوییەکان 7 بۆ 9 پلەی سلیزی دادەبەزێت.
 
بەرزترین پلەی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
 
هەولێر: 19 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 17 پلەی سیلیزی
دهۆک: 16 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 20 پلەی سیلیزی
پیرمام: 17 پلەی سیلیزی
سۆران: 16 پلەی سیلیزی 
حاجی ئۆمەران: 8 پلەی سیلیزی 
چەمچەماڵ: 19 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 15 پلەی سیلیزی 
گەرمیان: 22 پلەی سیلیزی
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە