رووداو - هەولێر
وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات، بەهۆی پاراستنی کوالێتیی خوێندنی ساڵی 2019-2020، بڕیاریانداوە لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن قەرەبووی قوتابیان بکرێتەوە.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەدا کە رۆژی 1-6-2020 دەرچووە و واژۆی ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی بەسەرەوەیە، هاتووە، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە لە رۆژی شەممە 30-5-2020 بەمەبەستی پاراستنی کوالێتی خوێندن و فێربوونی قوتابیان لە ساڵی خوێندنی 2019-2020 بەڕێوەچووە و تێیدا بڕیاریانداوە.
بەپێی بڕیارەکە، قەرەبووی قوتابیان لە دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن قوتابیانی قۆناخی بنەڕەتی، ئامادەیی و پەیمانگەکان دەگرێتەوە.
وەزارەتی پەروەردە هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەکان رادەسپێرێت بۆ ئەوەی پێشنیاز تاوەکو 1-8-2020 بۆ ئەو مەبەستە پێشکەش بکەن. "بەجۆرێک لەگەڵ پلانی خوێندنی ساڵی 2020-2021 بگونجێت".
لە کۆتاییەکانی مانگی شوبات وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا دەوامی ناوەندەکانی خوێندن رابگرێت. لە 23ـی مانگی رابردووش وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، قوتابیانی چواری بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی ئەنجامی وەرزی یەکەمیان بۆ ئەژماردەکرێت، ئەگەر قوتابییەک لە وەرزی یەکەم دەرنەچووبێت دواتر تاقیکردنەوە لەو وانانە دەکاتەوە کە تێیدا دەرنەچووە.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ