رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بەردی بناخەی ئەندەرپاسی فارووقی مەلا مستەفا دانرا. گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، "تێچووەکەی نزیکەی حەوت ملیار دینارە و بڕیارە لە ماوەی ساڵێکدا تەواو ببێت." ئاماژەی بەوەش کرد، ئەندەرپاسەکە رۆڵێکی ئێجگار گەورەی دەبێت لە کەمکردنەوەی قەرەباڵخیدا.
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 03-11-2022 لەیلا عومەر، سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی بە ئامادەبوونی فارووقی مەلا مستەفا پرۆژەی دروستکردنی ئەندەرپاسی فارووقی مەلا مستەفای راگەیاند.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پرۆژەی ئەندەرپاسی فارووقی مەلا مستەفا دەکەوێتە پێش نەخۆشخانەی فارووق کە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموود بە گەڕەكەكانی قڕگە و رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی دەبەستێتەوە."
لەبارەی رۆڵی ئەندەرپاسەکە بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵخی، زەردەشت رەفیق ئاماژەی بەوە کرد، "رۆڵێکی ئێجگار گەورەی دەبێت، چونکە کۆمەڵێک گەڕەکی زۆر کەوتوونەتە رۆژهەڵاتی سلێمانی، لە کاتی تەواوبوونی ئەندەرپاسەکە گرفتێکی زۆر گەورەی هاتووچۆ لە ناوچەکە چارەسەر دەکات."
سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی لەکاتی راگەیاندنی پرۆژەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، "تەواوکردنی ئەندەرپاسەکە دەبێتە هۆی چارەسەركردنی كێشەی (U-turn)ی سەر شەقامی مەلیک مەحموود، نزیک شاری پزیشکیی فارووق و ئاسانكردنی هاتووچۆ لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود بۆ گەڕەكەكانی كازیوە، ئیبراهیم ئەحمەد، هیوا و پەری، رێگەدان بە (U-turn) لەسەر شەقامەكە بە ئاستی جیاواز، كە ئەوەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی رووداوی هاتووچۆ و قەرەباڵخی لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود."
لەبارەی کاتی دەستپێکردنی کارکردن لەسەر ئەندەرپاسی فارووقی مەلا مستەفا، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی ئەوەی خستەڕوو، "بڕیارە 6ی ئەم مانگە کارکردن تێیدا دەستپێبکات و 5ی تشرینی دووەمی ساڵی ئاییندە کۆتایی بێت، بەڵام دەبێت رۆژی کارکردنیش هەژماربکرێت، تێچووی پرۆژەکەش حەوت ملیار و 301 ملیۆن و 16 هەزار و 791 دینارە کە کۆمپانیای فارووقی مەلا مستەفا هەموو تێچووەکەی لە ئەستۆ گرتووە و کارەکان لەژێر سەرپەرشتیی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەبێت."
بە گوتەی زەردەشت رەفیق، "جگە لە پرۆژەی ئەندەرپاسی فارووقی مەلا مستەفا لە سلێمانی، دوو ئەدەرپاسی دیکە کاریا تێدا دەکرێت؛ یەکەم ئەندەرپاسی ئارامە کە نزیکی نەخۆشخانەی هەرێمە، ئەویش تێچووەکەی نزیکەی حەوت ملیار دینارە و هەروەها یەکتربڕی باخی بەختیارییش کە بڕیارە هەردووکیان لە ماوەی ساڵێکدا تەواو بکرێن."
لە شاری سلێمانی سێ ئەندەرپاس و بەرزەپردی کۆبانێ و دووڕیانی سەرچناریش هەیە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ فارووقی مەلا مستەفا لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکە ئامادە بوو و گوتی، "دڵخۆشم هەر بەردێک بخرێتە سەر بەردێکی دیکە بۆ پێشخستنی شاری سلێمانی، ژیانی ئەم میللـەتە بە پرۆژەی باش دەبێت، ئومێدمان وایە وڵات لە هەموو روویەکەوە بەرەو پێشکەوتن و دیموکراتی بڕوات. ژیانی خەڵک بریتییە لە ئازادی، سەربەستی و بنیاتنان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ