رووداو دیجیتاڵ
ماڵباتی شێخ جەنگی سەردانی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵاد شێخ جەنگی لە زیندان دەکەن، خوشکێکیان دەڵێت، "ئێمە و براکانیشم داوای گواستنەوەی دۆسیەکە بۆ دادگەکانی هەولێر دەکەین".
ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگی سەردانی براکانی لە زیندانی ئاسایشی سلێمانی کرد و بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تەندروستیی براکانم باشە، بەڵام ئەوە چ باشییەکە کە لە زیندان بن."
سەردانەکە رۆژی 20ـی کانوونی یەکەمی 2025 کراوە، بە گوتەی ئاوات شێخ جەنگی، خێزانی براکانی، لەنێویاندا گەشە حەمە، هاوژینی لاهوور شێخ جەنگی لەگەڵدا بووە و کارمەندانی ئەمنیش چاودێریی دانیشتنەکەیان کردووە.
لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای، رۆژانە تەنیا 15 خولەک لە زیندانەکەیان دەبرێنە دەرەوە و زۆرینەی کاتەکانیان بە تایبەت لاهوور شێخ جەنگی بە خوێندنەوە بەسەر دەبات، وەک خوشکەکەی گوتی، "لەم سەردانەشیاندا چەند کتێبێکی کوردی و ئینگلیزییان بۆ بردوون."
پۆڵاد شێخ جەنگی کە لە رووداوەکانی لالەزاردا بە برینداری دەستگیرکرا و دوای چارەسەر گواسترایەوە بۆ زیندان. ئاوات شێخ جەنگی باسی لەوەکرد، "پزیشک رێنمایی بەکارهێنانی چارەسەری سرووشتیی کردووە، بۆیە چەند کەرەستەیەکی سادەیان بۆ راهێنان بردووەتە زیندان کە چەند کێشێکی بچووکی بەرزکردنەوەن."
شەوی 22ی ئاب، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی کە پێکهاتبوون لە هێزەکانی دژە تیرۆر، ئاسایش و کۆماندۆ، هێرشیان کردە سەر هۆتێل لالەزار کە شوێنی مانەوەی لاهوور شێخ جەنگی بوو.
دوای سێ کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی و پۆلادی برای و ئەندامانی هێزی چەکداری لاهوور شێخ جەنگی کە بەناوی هێزی دووپشک بوو دەستگیرکران.
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم- سلێمانی دانپێدانانی چەند کەسێکی بڵاوکردەوە و گوتیان "بە فەرمانی لاهوور شێخ جەنگی پلانی کوشتنی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان هەبووە و کاریان لەسەر کردووە."
ئاوات شێخ جەنگی دووپاتیکردەوە، لە سەردانی ئەمجارەشیاندا براکانی سەرجەم ئەو "تۆمەتانەیان" رەتکردوەتەوە کە رووبەڕوویان کراونەتەوە و داوای دادگەییکردنێکی سەربەخۆیانەیان کردووە.
دوای چوار مانگ لە زیندانیکردنیان، بە گوتەی خوشکەکەی "تاوەکو ئێستا وادەی دادگەیکردنی لاهوور شێخ جەنگی و پۆڵا شێخ جەنگی دیاری نەکراوە و چارەنووسی دۆسیەکە بە نادیاری ماوەتەوە."
تاوەکو ئێستا چەند جارێک باس لە گواستنەوەی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و براکانی بۆ هەولێر کراوە، بە گوتەی بورهان رەشید گوڵە، کە یەکێکە لە پارێزەرانی لاهوور شێخ جەنگی، دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان داوای رەوانەکردنی دۆسیەکانی کردووە، بەڵام رەوانە نەکراوە.
ئاوات شێخ جەنگی، خوشکی لاهوور و پۆڵاد شێخ جەنگی لەبارەی گواستنەوی دۆسیەکانیان بۆ هەولێر گوتی، "ئێمە و کاک لاهووریش داوای گواستنەوەی دۆسییەکە بۆ دادگەیەکی سەربەخۆ یان هەولێر دەکەین."
لاهوور شێخ جەنگی لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەمووزی 2021 لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دوورخرایەوە، پارتێکی سیاسی بە ناوی بەرەی گەل دامەزراند، بەرەی گەل پار بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشداری کرد، کە لە 20-10-2024 بەڕێوەچوو و دوو کورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، بەڵام لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کە مانگی رابردوو بەڕێوەچوو نەیتوانی هیچ کورسییەک بە دەستبهێنێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ