ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ دەستگیرکردنی 'هاوڕەگەزخوازانە'

04-04-2021
سیروان عەباس
نیشانەکردن سلێمانی هاوڕەگەزخوازان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەڵمەتی دەستگیرکردنی "هاوڕەگەزخوازەکان" دەربڕی و ئەندامێکی ئەنجوومەنەکەش دەڵێ: "داوامان لە پارێزگای سلێمانی کردووە هاوکاریی زیاتری هێزە ئەمنییەکان بکات بۆ دەستگیرکردنیان".
 
رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "17 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، داواکارییەکمان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی کردووە بۆ ئەوەی پاڵپشتیی تەواوی هەڵمەتی دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازەکان بکات، چونکە هاوڕەگەزخوازی لادانە لە بەها ئایینی و کۆمەڵایەتییەکان".
 
لە داواکارییەکەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانیدا هاتووە: "سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە فەرمی پاڵپشتی خۆی بۆ هەڵمەتەکە دەربخات و داوا بکات لەپێناو بەها و ئاسایشی خێزان و کولتووری کۆمەڵایەتی، ئەم جۆرە هەڵمەتانە بەردەوامبن، هەروەها داوا بکرێت لە پارێزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بەتایبەتی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، هۆشیاری زیاتر بڵاوبکەنەوە لە مەترسی ئەم جۆرە دیاردە نەخوازراوانە کە سەردەکێشێت بۆ بەلاڕێدا بردنی لاوەکانمان و لێکترازان و هەڵوەشاندنەوەی خێزان".
 
شەوی 1ـی نیسان لە سلێمانی ئۆپەراسیۆنێک بۆ دەستگیرکردنی گەنجانی "هاوڕەگەزخواز" دەستیپێکرد، پشتیوان بەهادین، سەرپەرشتیاری ئۆپەراسیۆنەکە بە میدیایەکی لۆکاڵی سلێمانی راگەیاند: "دوای کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی و وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی، بڕیاردرا هەڵمەتێک بکرێت بۆ دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازەکان کە ئۆپەراسیۆنەکە بەهاوکاریی هەموو هێزەکانی سلێمانییە، پێشتر پلانمان هەبووە بۆ رێگریکردن لە کاری بەدڕەوشتی".
 
ژیار عەلی، چالاکڤانێکی سلێمانییە و خۆی ئەندامێکی گرووپی +LGBTـە، رۆژی دوای هەڵمەتەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ژیانمان سەلامەت نییە، هەمووان شەوی رابردوو پلانەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە، تەنانەت منیش ترسم هەبوو لەوەی بچمە دەرەوە، نەوەک دەستگیربکرێم."
 
کەسێکی دیکەی "هاوڕەگەزخواز" کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رووداوی راگەیاند، "خۆی لە نزیک شوێنی دەستگیرکردنی چەند ئەندامێکی گرووپی +LGBT بووە و نزیک بووە لەوەی دەستگیر بکرێت."
 
بەپێی راپۆرتێکی مافی مرۆڤ کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە و تایبەتە بە ساڵی 2020، تێیدا ئاماژە بەوە کراوە، "ئەندامانی کۆمەڵگە رووبەڕووی هەڕەشە و تووندوتیژی دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان." راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کەسانی هاوڕەگەزخواز باسیان لەوە کردووە ناتوانن بە ئازادانە لە هەرێمی کوردستان بژین، بەهۆی ئەو تووندوتیژی و هەڕەشەیەی لەلایەن کەسوکار، خێزان و کەسانی دیکەوە لەسەریانە.
 
رۆژی شەممە 03-04-2021 کۆنسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر لە تویتێکدا نیگەرانیی خۆی لە بەرامبەر "دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازەکان" لە سلێمانی دەردەبڕی، کۆنسوڵخانەکە لە تویتێکدا نووسیویەتی: "ئێمە بە نیگەرانییەوە چاودێریی رووداوەکانی سلێمانی دەکەین کە وادیارە چەند ئەندامێکی کۆمەڵەی هاوڕەگەزخوازان دەستگیردەکرێن." 
 
لە ساڵی 2017 ئاڵای "رەنگاوڕەنگی هاوڕەگەزخوازان" هاوشانی ئاڵای ئەمریکا لە کۆنسوڵخانەی وڵاتەکە لە هەولێر هەڵکرا، لەو کاتەدا کۆنسوڵی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "هەڵکردنی ئاڵاکە بۆ هاوخەمیی پاراستنی هاوڕەگەزخوازان بووە و هەروەها وەکو یادێک بۆ 'ئاهەنگیی شانازی هاوڕەگەزخوازان' بووە". ئەو رێوڕەسمە وەکو دژایەتیی خۆشاردنەوە و شەرمکردن لە حەزی هاوڕەگەزخوازی لە ساڵی 1987 بۆ یەکەمجار بەڕێوەچوو.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

چەند کەسێک لەکاتی لێزمە باران چەتریان هەڵکردووە

لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان هۆشداریی دروستبوونی لافاو دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا پێشبینی دەکات لە چوار پارێزگای باکووری کوردستان لێزمەباران ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو. هەروەها دەڵێت، پلەی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت