لە ئامەد راهێنەرێکی تۆپیپێ بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچێتە یاریگا

05-12-2019
لە منداڵیدا ئاواتی ئەوە بووە کە ببێتە یاریزانێکی ناودار، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە 15 ساڵە کارگوزارە.
لە منداڵیدا ئاواتی ئەوە بووە کە ببێتە یاریزانێکی ناودار، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە 15 ساڵە کارگوزارە.
نیشانەکردن ئامەد
A+ A-
رووداو - ئامەد

راهێنەری یانەی سەیران تەپەی ئامەد بە جلوبەرگی کوردییەوە دەچێتە یاریگا و راهێنەرایەتی دەکات. ئەو کارەیشی وایکردووە یانەکەیان ناوبانگ پەیدا بکات و ببێتە جێی سەرنجی راگەیاندن و هاندەران.
 
مەزهەر تەکچی، ئەو راهێنەرەی بە جلوبەرگە کوردییەکەی بووەتە هۆی بەناوبانگبوونی یانەکەی، دەڵێت "هەمیشە جلوبەرگی کوردی لەبەردەکەم. بۆ هەر بۆنە و کۆبوونەوەیەک، یان بۆ هەر جێیەک بچم، جلوبەرگی کوردی لەبەردەکەم. کاتێکیش یاریمان هەبێت، هەر بەو جلانەوە دەچمە یاریگا. تەنانەت بەو هۆیەشەوە هاندەرانی یانەی رکابەرمان خۆشیان لێمدێت".
 
یاریزانەکانی یانەی سەیران تەپەیش هەبوونی راهێنەرێکی وا بۆ بەناوبانگبوونی یانەکەیان لە خولی ماستەردا بە گرنگ دەزانن.
 
سەرکان ئەرکان، یاریزانی یانەی سەیران تەپە ئاماژە بەوە دەکات "بەهۆی جلوبەرگە کوردییەکانی راهێنەرەکەمانەوە هێندە بەناوبانگ بووینە، ئەگەر پارەیەکی زۆریشمان بدایە، هێندە ناوبانگمان پەیدانەدەکرد".
 
سەید خان یەتیشکین، یاریزانێکی دیکەی یانەکەیە و دەڵێت "ئەگەر ببووینایەتە پاڵەوانیش، ئەوەندە بەناوبانگ نەدەبووین کە سەروسیمای راهێنەرەکەمان بەناوبانگی کردووین".
 
ئامانجی ئەو راهێنەرە ئەوەیە کە یانەکەی لە خولی ماستەردا لە پلەی پێنجەمەوە بکاتە پاڵەوان. 
 
راهێنەران هەفتەی سێ رۆژ لە یاریگادا راهێنان دەکەن، بەڵام مەزهەر تەکچی لەبەرئەوەی کارگوزارە، رۆژانە هەشت کاژێر بە گسکلێدان راهێناندەکات.
 
لە منداڵیدا ئاواتی ئەوە بووە کە ببێتە یاریزانێکی ناودار، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ژیانەوە 15 ساڵە کارگوزارە. 
 
ئەو راهێنەرە لەبارەی ژیانیەوە ئاماژە بەوە دەکات "گسک لە باخچەکە دەدەم ، راڕەو و پلیکانەکان پاکدەکەمەوە. کاروبارەکانی خۆم دەکەم و بەم جۆرە بژێویم دابیندەکەم".
 
مەزهەر تەکچی کاری کارگوزارییەکەی هێندەی راهێنەرایەتییەکە بە دڵ و گیانەوە دەکات. راهێنەرایەتییەکەی لەبەر ئاواتی منداڵییەتی و کارگوزارییەکەیشی بۆ دابینکردنی بژێوییە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە