سوپای پاسداران کوژرانی چوار ئەندامی لە جوانڕۆی کرماشان راگەیاند

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

پەیوەندییە گشتییەکانی یەکەی ئەنساروڵڵای سوپای پاسداران لە جوانڕۆی پارێزگای کرماشان، کوژرانی چوار ئەندامی هێزەکانی لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان راگەیاند.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوێکی سوپای پاسداران، ئەو چوار کەسە پلەی "کۆماندۆ"یان هەبووە و لە ناوچەکانی "مەرەخێڵ و بۆزین" لە کاتی "پاراستنی سنوورەکان"، لەلایەن درۆنێکی هێرشبەرەوە کراونەتە ئامانج و کوژراون.
 
سوپای پاسداران ناوی کوژراوەکانی بڵاوکردووەتەوە کە بریتین لە: "ئەرکان حوسێنی، فاڕووق بەهرامی، ئەرسەلان ریازی و محەممەد حوسێن".
 
هەرچەندە لە راگەیێندراوەکەدا بە روونی کاتی هێرشەکە دیاری نەکراوە، بەڵام شەوی رابردوو چەندین گرتەی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرانەوە کە تێیدا دەنگی تەقینەوەی بەهێز لە شاری جوانڕۆ و دەوروبەری دەبیسترا، کە بەهۆی هێرشی ئاسمانیی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بووە بۆ سەر پێگەکانی سوپای پاسداران لەو ناوچانەی رۆژهەڵاتی کوردستان.
 
ئەم هێرشانە لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان ئێران و هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل گەیشتووەتە ئاستێکی بێ پێشینە و ماوەی چەند رۆژێکە پێکدادانی سەربازی و هێرشی ئاسمانی لە چەندین ناوچەی جیاواز بەردەوامن .

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە