رووداو دیجیتاڵ
قەرارگەی حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران چوونی ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نێو شارە کوردییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رەتدەکاتەوە و هەڕەشەش دەکات: ''لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر جۆرە کردەوەیەک دژی یەکپارچەیی خاکمان، زەوینەی لەنێوچوونی خۆیان خۆش دەکەن.''
رۆژی پێنجشەممە، 05-03-2026، قەرارگەی حەمزەی سەیدولشوهەدای سوپای پاسداران کە رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکە، راگەیێندراوێکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا جەخت لە پاراستنی ''ئارامی''ـی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی کوردستان کراوەتەوە.
قەرارگەی حەمزە هەموو ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە گوایە ئەندامانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستانەوە چوونەتە نێو ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان.
قەرارگەی حەمزە لە سەرەتای 1980ـوە بە ئامانجی سەرەکیی بەرەنگاربوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێکهێندراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هەڕەشە لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیش کراوە کە ''با دڵنیا بن لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر جۆرە کردەوەیەک دژی یەکپارچەیی خاکی ئێران، زەوینەی لەنێوچوونی تەواویی خۆیان خۆش دەکەن و هیچ کەسێک نییە بەهانایانەوە بێت.''
جەنگی ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران لە رۆژی شەممە 28ی شوباتی 2026ـەوە دەستیپێکردووە و تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ