رووداو دیجیتاڵ
کۆنسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، راگەیێندراوێکی تووندی لەبارەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەو قسانە نیشانەی "پەرێشانی و ئاستی بێهیوایی" ئەمریکایە بەرامبەر بە ئێران.
کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر، لە راگەیێندراوێک دا هێرشی تووند دەکاتە سەر سەرۆکی ئەمریکا و بە "ریسوا" وەسفی دەکات، ئاماژە بەوەش دەدات کە "جوێن و قسە خراپەکانی ترەمپ" بەرامبەر بە گەل و سەرکردە و فەرماندەکانی ئێران، تەنیا شایستەی خۆی و شوێنکەوتووانێتی کە بە گوتەی کونسوڵخانەکە "لە گەندەڵی و دۆسیە دژە مرۆیی و ئەخلاقییەکانی وەک ئیپستین دا نوقمبوون."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکە دا هاتووە، ئەمریکا ساڵانێکی درێژە "دەستی بە خوێنی منداڵان، ژنان و پیاوانی مەزڵوومی ناوچەکە سوورە، لە ئێرانەوە تاوەکو فەلەستین، عێراق، ئەفغانستان، لوبنان، سووریا و یەمەن."
کونسوڵخانەی ئێران دەڵێت: "روونە کە ترەمپ، نەتانیاهووی بکوژ و سوپا منداڵکوژەکەیان، لە سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران تووڕەن؛ بەتایبەتی لە بەرگرییە ئاسمانییە کاراکانی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە پاراستنی خاکی وڵات و ئەو پشتگیرییە فراوانەی خەڵکی ئێران و ناوچەکە لە کۆماری ئیسلامی دەیکەن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ