رووداو دیجیتاڵ
دوێنێ ژمارەیەک لە بەرپرسان و چالاکانی جووڵانەوەی نەوەی نوێ لە شاری سلێمانی و چەند ناوچەیەکی دیکە دەستگیرکران کە لەنێویاندا گوتەبێژی جووڵانەوەکە هەیە؛ رێکخەری سەنتەری میترۆ دەڵێت، زۆرینەیان "بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون."
رۆژی هەینی 5ـی ئابی 2022، رەحمان غەریب، رێکخەری سەنتەری میترۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەوانەی دەستگیرکراون ژمارەیان زۆرە و جگە لە سلێمانی لە چەند شارێکی دیکەش دەستگیرکراو هەیە، بەڵام ئەوەی بۆ ئێمە ناوەکانیان پشتڕاستبووەتەوە پێنج کەسن."
وەک رەحمان غەریب گوتی، هیمداد شاهین، گوتەبێژی جووڵانەوەی نەوەی نوێ، فارووق غەفوور، یەعقووب کاکل، تەها ئەحمەد و ئازاد کەریم، ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای نەوەی نوێ لەنێو دەستگیرکراوەکاندان.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، لە هەولێریش چەند چالاکوانێکی نەوەی نوێ دەستگیرکراون و بانگکراون بۆ لێپرسینەوە.
لە راگەیێندراوێکدا سەنتەری میترۆ داوا دەکات "دەستبەجێ" دەستگیرکراوەکان ئازادبکرێن؛ رێکخەری سەنتەرەکە بە رووداوی گوت: "هێزە ئەمنییەکان هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی ژمارەیەک چالاكوان و ئەندامی باڵای جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەستگیریان کردوون بەبێ ئەوەی بڕیاری دادگە پیشانبدەن، ئەوەش پێچەوانەی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانە."
رەحمان غەریب گوتیشی، ئەوان نازانن بە دروستی چەند کەس دەستگیرکراون؛ ئاماژەی بەوەش کرد: "نەوەی نوێ بە فەرمی هیچی نەگوتووە و هیچ ئامارێکی دەستگیرکراوانی نەخستووەتەڕوو؛ ئێمە نازانین هۆکاری بێدەنگییان چییە."
رۆژی پێنجشەممە، 4ـی ئابی 2022، سەرچاوەیەکی باڵا لە جووڵانەوەی نەوی نوێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەوروبەری کاژێر 3ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ، هێزە ئەمنییەکان لە شاری سلێمانی چوونە سەر بارەگای نەوەی نوێ لەبەردەم گوندی ئەڵمانی و ژمارەیەک لە بەرپرسان و لایەنگرانی جووڵانەوەکەیان دەستگیرکرد، لە نێویاندا هیمداد شاهین، گوتەبێژی نەوەی نوێ و فارووق غەفوور، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای جووڵانەوەکە."
دەستگیرکردنی بەرپرسان و چالاکوانانی نەوەی نوێ لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە جووڵانەوەکە ئامادەکاری دەکات کە رۆژی شەممە 6ـی ئاب لە هەرێمی کوردستان خۆپێشاندان بکات؛ رەحمان غەریب گوتی: "مافی خۆپێشاندان بەپێی دەستووری عێراق و یاسای مافی خۆپێشاندان لە هەرێمی کوردستان مسۆگەر کراوە و نابێت بەرتەسک بکرێتەوە یان رووبەڕووی تووندوتیژی ببێتەوە."
تاوەکو ئێستا هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی، سەبارەت بە دەستگیرکردنەکان، هیچ زانیارییەکیان نەخستووەتەڕوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ