رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، شەوی رابردوو گرووپە لە یاسادەرچووەکان بە چوار درۆن هێرشیانکردەسەر بارەگایەکی پێشمەرگە. داواش لە بەغدا دەکات هەڵوێستیان هەبێت، ئەگەر نا ئەوان بێدەنگ نابن و هەڵوێستیان دەبێت.
رۆژی دووشەممە، 06ـی نیسانی 2026، وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد: "گرووپە تیرۆریستییە لە یاسادەرچووەکان لە رێگەی چوار درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشیان کردە سەر بارەگایەکی هێزی پێشمەرگەی کوردستان. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردووشدا چەندین هێرشی هاوشێوە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە کراون".
لە راگەیێندراوەکدا هاتووە، ئەم زنجیرە هێرشانە کە زیانی گیانی و مادی زۆریان لێکەوتووەتەوە، "بە ئاشکرا و بە بەرچاوی سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە".
وەزارەتی پێشمەرگە نیگەرانە لە بێدەنگیی بەغدا و دەڵێت: "سەرەڕای بەردەوامیی ئەم دەستدرێژییانە، تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵ، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و دامەزراوە ئەمنییەکانی عێراق هیچ هەڵوێستێکی جدییان بۆ رێگریکردن لەم هێرشە تێکدەرانەیە نەبووە".
وەزارەتەکە هۆشداری دەدات: "دەبێت ئەم دەستدرێژییانە بەخێرایی بووەستێندرێن و تاوانکاران سزا بدرێن؛ چونکە هێزی پێشمەرگە بەشێکی سەرەکییە لە سیستمی ئەمنی و بەرگریی عێراق و رۆڵی کاریگەری هەبووە لە پاراستنی ئاسایشدا".
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا، وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە حکومەتی عێراق دەکات هەڵوێستیان هەبێت: "ئێمە لەپێناو بەرژەوەندیی هەموو خەڵکی عێراق و کوردستان و لەبەرچاوگرتنی ئەم دۆخە نالەبارە، دانمان بەخۆماندا گرتووە، بەڵام ئەگەر حکومەتی فیدراڵ هەروا بێ هەڵوێست بێت، ناچار دەبین هەڵوێستی دیکەمان هەبێت."
ئەمە لە کاتێکدایە بەرەبەیانی 24ـی ئادار، ئێران بە 6 مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر؛ لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
بەگوێرەی نوێترین ئاماری تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژانە تۆماری دەکات، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە 28ـی شوباتەوە، بە 671 درۆن و مووشەک هێرش کراوەتەسەر هەرێمی کوردستان.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکەی رووداو، لە 24 کاژێری رابردوودا بە 21 درۆن هێرش کراوەتە سەر هەرێمی کوردستان؛ 17یان بۆسەر هەولێر و کۆیە بوون و چوارەكەی دیکەش بۆسەر سلێمانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ