ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بۆ رووداو: نەخۆشخانەیەک تۆپباران کرا و لەکار کەوت

دوێنێ کاژێر 12:02
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی تەندروستیی گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ رووداو رایگەیاند، نەخۆشخانەیەک بەهۆی تۆپباران لەکار کەوتووە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیش نەیانتوانیوە بریندارە سەختەکان بگوازنەوە و ژمارەی برینداران بۆ 54 کەس بەرزبووەوە.
 
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، ئەنجوومەنی تەندروستیی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە بە رووداوی گوت: "تاوەکو ئەم ساتە ژمارەی برینداران گەیشتووەتە 54 کەس و بەهۆی بەردەوامیی تۆپبارانەکانەوە ژمارەکە لە زیادبووندایە؛ هەروەها 6 شەهیدمان هەیە."
 
نەخۆشخانەکان دەکرێنە ئامانج
 
ئەنجوومەنەکە دۆخی کەرتی تەندروستی بە "کارەساتبار" وەسف دەکات و دەڵێت: "نەخۆشخانەی عوسمان لە گەڕەکی ئەشرەفییە بەهۆی بەئامانجگرتنی بە تۆپ و مووشەک، بەتەواوی لەکار کەوتووە."
 
سەبارەت بە نەخۆشخانەی شەهید خالید فەجریش، ئاماژە بەوە کراوە کە بەدەست نەبوونی دەرمانەوە دەناڵێنێت و "بەهۆی گەمارۆ و بۆردوومانی هەڕەمەکییەوە، ئەو پزیشکانەی لە دەرەوەی دوو گەڕەکەکە دەژین، ناتوانن بگەنە نەخۆشخانەکە و دەوام بکەن."
 
شکستی مانگی سوور و خاچی سوور
 
ئەنجوومەنی تەندروستی گوتی: "تاوەکو دوێنێ هاوئاهەنگی لەگەڵ خاچی سووری نێودەوڵەتی (ICRC) و مانگی سووری عەرەبیی سووری (SARC) کرابوو، بەڵام نەیانتوانی بچنە نێو شێخ مەقسوود بۆ ئەوەی بریندارە سەختەکان بگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەکانی دیکەی حەلەب."
 
شەڕی قورس لە شاری حەلەب لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ و سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوامە.
 
بەپێی راپۆرتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خۆسەر، رۆژی 4ـی ئەم مانگە (کانوونی دووەم) مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لە دیمەشق لەگەڵ مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا کۆبووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سووتەمەنی، بەڵام وەزیرەکە رەتیکردووەتەوە و سوربوونی خۆی لەسەر گەمارۆکان دووپات کردووەتەوە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت ئەو هێزانەی بە تانک و چەکی قورس هێرش دەکەن، سەر بە حکومەتی کاتین، لەوانە: (فیرقەی 60، فیرقەی 76/حەمزات، فیرقەی 72، فیرقەی 80).
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە