وەزیری پەروەردە بۆ رووداو: رۆژی یەکشەممە دەوام دەستپێدەکاتەوە و ئامادەبوون لە پۆل ناچاری نییە

دوێنێ کاژێر 10:04
مالیک محەممەد
پۆلی خوێندن لە هەرێمی کوردستان
پۆلی خوێندن لە هەرێمی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، رۆژی یەکشەممە دەرگای ناوەندەکانی خوێندن دەکرێنەوە، بەڵام ئامادەبوونی قوتابیان لە پۆلەکاندا ئارەزوومەندانەیە و دایک و باوکان سەرپشکن لە ناردنەوەی منداڵەکانیان؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەو قوتابیانەی نایانەوێ بە شێوەی فیزیکی لە قوتابخانە ئامادە بن، دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانەوە بەردەوامی بە خوێندن بدەن و تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا ئامادەبوونیان لە قوتابخانە پێویستە.
 
ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 08:00ی تۆڕی میدیایی رووداودا گوتی: "هەموو رێکارانەی کە وەرگیراون یان وەردەگیرێن لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستا و قوتابیانە."
 
وەزیری پەروەردە دەڵێت، رێکارەکان بەو جۆرە بەردەوام دەبن تاوەکو دۆخی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و وەزیری پەروەردە:
 
رووداو: بڕیاری خوێندنی ئارەزوومەندانە چۆنە و رێکارەکان چین؟ 
 
ئالان حەمەسەعید: ئەم کاتەتان باش، زۆر زۆر سوپاس. سەبارەت بەو لەپێشینەیەی هەموو رێکارانەی کە وەرگیراون یان وەردەگیرێن لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گیانی مامۆستایان و قوتابیانە، ئەوە بۆ ئێمە لە پێشینەی هەموو کارەکانە. ئێمە پابەندین بەوەی کە ساڵنامەیەکی خوێندنمان هەیە لە رابردووش ئەو ماوانەی کە کراوەتە پشوو، 10 رۆژی فیعلی بووە کە لەبەر دۆخی نائاسایی ناوچەکە کراوەتە پشوو، ئەوانی دیکە پشووی فەرمیی وەزارەت بوون کە پشووی بەهارە بووە، هەروەها ئەو پشووانە بوون کە بڕیاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان بوون. بۆیە ئێمە 10 رۆژی خوێندنمان بە فیعلی لە ماوەی رابردوودا کردووەتە پشوو.
لە رۆژی یەکشەممەوە ناوەندەکانی خوێندن دەکرێنەوە، بە زمانێکی زۆر سادە بیڵێم، هیچ دایک و باوکێک پابەند ناکرێ بۆ ئەوەی کە منداڵەکەی بنێرێتە قوتابخانە، ئازادە خۆی بڕیار دەدات، ئەوەی دەیەوێ منداڵەکەی بچێتەوە قوتابخانە، یەکشەممە وانەخوێندن لە ناوەندەکانی خوێندن دەستپێدەکاتەوە. هەر باوک و دایکێکیش کە بڕیاری ئەوە بدات ئەگەر نیگەرانییەکی هەیە، قەلەقییەکی هەیە منداڵەکەی نەنێرێتەوە، لە قوتابخانە حکومییەکان و هەروەها ئەو قوتابخانە تایبەتانەی کە سیستمی وەزارەتی پەروەردە پەیڕەو دەکەن، ئەوا دەتوانێ وەک ئەو فۆرمەی کە رامانگەیاندووە تاوەکو رۆژی دووشەممە 30-3 ئەو فۆرمە بگەڕێنێتەوە و واژۆی بکات و پڕی بکاتەوە بیگەڕێنێتەوە بۆ کارگێڕیی قوتابخانەکە. فۆرمەکە لە کارگێڕی قوتابخانەکە دادەنرێت کە ئەو منداڵە خوێندنەکەی دەبێتە خوێندنی ئەلیکترۆنی و دەتوانێت سوود لە پلاتفۆرمی (ئی-وانە) وەربگرێ کە زیاتر لە هەشت هەزار ڤیدیۆی تێدا تۆمارکراوە، کتێبەکانیش هەموویان بە ئەلیکترۆنی هەن، بەس تەنیا بۆ کاتی تاقیکردنەوەکان ئەو قوتابییە دەچێتەوە بۆ ناوەندەکانی خوێندن.
بۆیە ئەم بڕیارە وابەستەیە بەوەی تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە، لە فۆرمەکەش دیاریکراوە. ئەو بڕیارە پابەندە بەم دۆخەی ئێستاوە. دەمەوێ ئەوە روون بکەمەوە، ئەوە نییە کە قوتابی رۆژێک بچێت و رۆژێک نەچێت، واتە ئەوەی کە بڕیاری خوێندنی ئەلیکترۆنی دەدات و ئەو فۆرمە پڕ دەکاتەوە لە قوتابخانەکان، ئیدی دایک و باوکەکەی یان هەر کامێکیان بێت بەخێوکارەکەی گرنگ ئەوەیە فۆرمەکە رادەستی قوتابخانە دەکاتەوە و ئیدی ئەو قوتابییە بۆ ئەوەی کە سیستمی نێو قوتابخانەش نەشێوێت، ئەوە نییە رۆژێک دەچێت و رۆژێک ناچێت، بەڵکو ناچێتەوە قوتابخانە، سوود لە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرێت تاوەکو دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
رووداو: تاوەکو کەی وایە؟
 
ئالان حەمەسەعید: ئەوە وابەستەیە و لە فۆرمەکەش نووسراوە، هەرکاتێک کە وەزارەت بڕیاری دا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێکارە، بڕیار دەدرێ، بەڵام وابەستەیە بە دۆخی ناوچەکەوە، هەرکاتێک دۆخەکە ئاسایی بووەوە، حەتمەن ئەو بڕیارە رادەگیرێ یان هەڵدەوەشێتەوە. بەڵام ئەوەی کە گرنگە بە زمانێکی سادە بیڵێم، هەر بەخێوکارێکی قوتابی، هەر دایک و باوکێک هەر جۆرە نیگەرانییەکی هەبێت، مەترسییەکی هەبێت، دەتوانێ منداڵەکەی نەنێرێتە قوتابخانە و کەس پابەندیان ناکات بۆ ئەوەی دەبێ ئیلا منداڵەکەی بڕوات لەبەرئەوەی قوتابخانە کراوەتەوە، نەخێر. بە هەمان شێوەی هاوڕێکانی نمرەکانی بۆ هەژمار دەکرێ، تاقیکردنەوەی خۆی لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا دەکات، بەڵام دەتوانێت لەو پلاتفۆرمەی وەزارەتی پەروەردە سوود وەربگرێ. ئەمە بۆ قوتابخانە نێودەوڵەتییەکانیش بە هەمان شێوەیە، هەر دایک و باوکێک نەیەوێ منداڵەکەی بنێرێتەوە، دەتوانێ نەینێرێتەوە و ئاگاداری قوتابخانەکە بکاتەوە کە منداڵەکەی ئەوان خوێندنی ئەلیکترۆنی یان ئۆنلاین بەگوێرەی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکە فەراهەم دەکەن.
 
رووداو: بۆ دایەنگە و باخچەی ساوایان چۆنە؟
 
ئالان حەمەسەعید: سەبارەت بە باخچەی ساوایان، ئێمە پاش کەمێکی دیکە کۆبوونەوەیەکمان دەبێت لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان، چ لەسەر ساڵنامەی خوێندن، چ هەندێک رێنمایی دیکەش هەیە کە پێویستە بیاندەینێ، وە لەسەر باخچەی منداڵانیش، ئەوانیش بە هەمان شێوە، ئەمشەو کۆبوونەوەیەکی دیکەمان هەیە بۆ رێکارەکانی باخچەی منداڵان لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی پارێزگاکان.
 
رووداو: بڕیارەکە پۆلی 12 و نۆی ئامادەیی دەگرێتەوە؟ هەروەها چەند رۆژتان لەدەست چووە لە ساڵنامەی خوێندن؟
 
ئالان حەمەسەعید: بەڵێ، بەهەمان شێوە بڕیارەکە ئەوانیش دەگرێتەوە. هەروەها ئێمە 10 رۆژ خوێندنمان لەدەستچووە کە بریتییە لە رۆژانی یەک تا 4ی 3، ئەوە دەبێتە چوار رۆژ، هەروەها رۆژی 8 تا 10ی مانگ ئەوە دەبێتە 7 رۆژ، و 24 و 25 و 26ی 3ـیشمان لەدەستچووە بە هەمووی دەبێتە 10 رۆژی فعلی کە لەناو ساڵنامەی ئێمەدا هەبووە.
 
رووداو: ئایا ئەو قوتابخانانەی لە چەمچەماڵ لە رابردوودا بەر لافاو کەوتن، ئایا دەستیان بە خوێندن کردووەتەوە؟
 
ئالان حەمەسەعید: پێش پشووەکە دەوامیان تێدا کرا، بە فەرمانی جەنابی سەرۆکی وەزیران ئێمە بڕە پارەیەکمان تەرخانکرد بە نەختینە لەبەردەستی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی کە قوتابخانەکان بەگوێرەی ئەو زیانانەی لافاوەکە لێی دابوون نۆژەن کرابوونەوە، و بۆ ئەم بابەتەش بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی راسپێردرابوو. ژمارەی ئەو قوتابخانانە 9 قوتابخانە بوون، وە ئەو 9 قوتابخانەیە نۆژەن کراونەتەوە و هەروەها قوتابخانەیەکی دیکەش لەلایەن کوردستان فاوەندەیشن و دانەیەکی دیکەش لەلایەن خێرخوازێکەوە نۆژەن کراوەتەوە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان

د. عەلی قەرەداخی: هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی سەقامگیری

سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان سەرکۆنەی هێرشکردنە سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات و دەڵێت، "هەوڵێکی مەترسیدارە بۆ تێکدانی سەقامگیری و کێشکردنی گەلی کوردستان بۆ نێو ئاگری شەڕێکی نەخوازراو."