رووداو - سلێمانی
یەکەم رۆژی پرسەی مام جەلال، سەرۆککۆماری پێشووی عێراق و سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ئەمڕۆ (شەممە، 7-10-2017) لە شاری سلێمانی و 11 شار و شارۆچکە بەڕێوەدەچێت.
پرسەی سەرەکیی پیاوان لە سلێمانی، لە یاریگای سیروانی نوێ، لەسەر شەقامی 60 مەتری بەڕێوەدەچێت و ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ ئەوەی لەکاژێر 13:00 پرسەکە دەستپێبکات.
جگە لە خەڵکی ئاسایی، سەرکردە و بەرپرسان لە دەرەوە و ناوەوەی عێراقەوە بەشداری لە پرسەکەدا دەکەن و، لە بەیانی زووەوە ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی لەبەردەرگای یاریگاکە وەستاون بۆ ئەوەی بەشداری لە پرسەی مام جەلالدا بکەن.
بەیانی ئەمڕۆ تاجەگوڵینەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەسەر ئارامگەی مام جەلال دانرا. مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی "کەس هێندەی من هەست بەو بۆشاییە ناکات، کە جەنابی مام جەلال بەجێیهێشت، چونکە زۆرجار هەبوو بە یەک تەلەفۆن کێشەکانی چارەسەر دەکرد".
هێڤیدار ئەحمەد، پەیامنێری رووداو لە سلێمانییەوە گوتی "ئەمڕۆ زۆربەی دووکانەکان لە سلێمانی داخراون، خاوەن دووکانەکان، دووکانەکانیان نەکردووەتەوە دەیانەوێت بەشداری لە پرسەکەدا بکەن".
پەیامنێری رووداو هەروەها دەڵێ "پرسەی مام جەلال چەندە بووەتە هۆی خەمباربوونی خەڵک لە باشووری کوردستان، ئەوەندەش بووەتە هۆی نیگەرانی لەنێو سیاسییانی عەرەب، بەهۆی ئەوەی تەرمەکەی ئاڵای کوردستانی بەسەرەوە بووە، 10 پەرلەمانتاری عێراقیش بەوهۆیەوە هەر لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە کە ئامادەکارییەکانیان بینیوە گەڕاونەتەوە".
پیاوێکی بەتەمەن، لە کاژێر 09:00ـی بەیانییەوە بە خەمبارییەوە لەبەردەم یاریگاکە دانیشتووە، قسەی بۆ تۆڕی میدیایی رووداو کرد و گوتی "لە قلیاسانەوە هاتووم، مام جەلال، رۆحمان بوو، چاومان بوو، دڵمان بوو تاوەکو لە پرسەکەی بەشداری نەکەم، ناڕۆمەوە".
پرسەی ژنان و پیاوان لە دوو شوێنی جیاواز و لەیەکدی نزیکەوە دەکرێن، سامان بەشارەتی، پەیامنێری رووداو لە سلێمانی رایگەیاند "پرسەی ژنان لە مزگەوتی ئەحمەدی حاجی عەلی بەڕێوەدەچێت و لەکاژێر 13:00 بۆ 17:00 و 18:00ـی ئێوارە بەردەوام دەبێت".
وەکو پەیامنێری رووداو باسی کرد "ئامادەکاری تەواو کراوە و پرسەکە یەک رۆژ لەو مزگەوتە لە سلێمانی بەردەوام دەبێت، رۆژی دووەمی پرسەی ژنان لە هەولێر بەڕێوەدەچێت".
داڕشتنەوە: هەڵات رێبوار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ