رووداو - هەولێر
لەماوەی دوو رۆژدا پشکنین بۆ هەزار و 500 کەس لەو 11 گەڕەکەی هەولێر کراوە کە بە بڕیاری وەزیری تەندروستی داخراون. بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێریش دەڵێ 130 کەس کەرەنتین کراون و ئەمڕۆش 10 تووشبووی کۆرۆنا رەوانەی ماڵ دەکرێنەوە.
فەیزوڵڵا محەممەد، بەڕێوەبەری كارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ھەولێر بە (تۆڕی میدیای رووداو) راگەیاند: "لەدوای داخستنی 11 گەڕەکی هەولێر بەهۆی هەبوونی تووشبووی کۆرۆنا لەو گەڕەکانە، دوێنێ هەزار و 200 پشکنینمان بۆ دانیشتووانی گەڕەکەکان کردووە، ئەمڕۆش زیاتر لە 300 پشکنین کراوە، چاوەڕێ دەكەین ئەمڕۆ ئەنجامی پشكنینەكانیان دەرچێت".
بەڕێوەبەری كارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی ھەولێر ئەوەشی گوت "زیاتر لە 130 كەس كەرەنتین كراون كە بەركەوتەیان لەگەڵ تووشبووەكانی هەردوو پرسەی ماتەمینی گەڕەکی کارێزان هەبووە".
لەبارەی تووشبووانی کۆرۆناش، فەیزوڵڵا محەمەد دەڵێت "بەگشتی باری تەندروستییان جێگیرە، ئەمڕۆش 10 تووشبووی دیکە دوای دڵنیابوون لە ئەنجامی پشکنینەکانیان رەوانەی ماڵ دەکرێنەوە".
دوێنێ بەبڕیاری وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان 11 گەڕەکی شاری هەولێر کە تووشبووی کۆرۆنایان تێدا تۆمارکراوە، داخران، کە بەهۆی دوو پرسەکەی گەڕەکی کارێزانی شاری هەولێر نزیکەی 90 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر هاتبوون و بەشداری پرسەکەیان کردبووە، لەوانەش گەڕەکەکانی کانی گەنی، ئاڵتون سیتی، شێخ ئەحمەد، کارێزان، زانکۆ، چنار، مامۆستایان، 121ی گوڵان، ژیان، زیلان سیتی، 94ی باداوە.
لە نوێترین راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ چوارشەممە 08-04-2020 بڵاوکراوەتەوە هاتووە، 14 تووشبووی نوێ لە هەولێر تۆمارکران کە پێکهاتوون لە: نۆ ئافرەت و چوار پیاو و منداڵێک لە گەڕەکەکانی (سەیداوە، رۆشنبیری، پێشمەرگە، زین سیتی، زانکۆ، مامۆستایان).
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ