رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی فریاگوزاری و بووژانەوەی چەمچەماڵ، بۆ یەکەم جار ماڵپەڕێکی بەناوی "هاوکاریی کوردانە" خستە کار. لە ماڵپەڕەکەدا بە شێوەیەکی راستەوخۆ سەرجەم داتا و ژمارەی ئەو پارانە نیشان دەدرێت کە وەکو هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی ئەو شارە کۆکراونەتەوە.
عەتا محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هەموو کەسێک دەتوانێت لە رێگەی ئەو لینکەوە بزانێت چەند هاوکاری خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکان، لە ئێستاوە کارا کراوە، زیاتر لە 7 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارە بانکەکان."
لە رێگەی بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداوەوە بەشێکی زۆر لە هاوکارییە مادییەکان کۆکراونەتەوە کە بڕەکەی زیاتر لە 7 ملیار دینارە.
بە گوێرەی ئەو داتایانەی لە ماڵپەڕەکە بڵاوکراونەتەوە، تاوەکو ئێستا 7,789,783,298 دینار و 2,212,650 دۆلار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکان بۆ لێقەوماوانی لافاوەکە.
بە گوتەی عەتا محەممەد، هێشتا پارە دەخرێتە سەر بانکەکان و تەواوی پارەکان نەگەیشتوون. دواتر لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا بەسەر خەڵکی زیانلێکەوتوو دابەش دەکرێت.
کۆمسیۆنەکە لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "ماڵپەڕی (Hawkary Kurdana) بە ئامانجی 'پەیڕەوکردنی ئەوپەڕی شەفافیەت' کارا کراوە و 24 کاژێر بەردەستە."
سەرۆکی کۆمیسیۆنەکە روونی کردەوە، لەمەودوا میدیاکان و هاونیشتمانییان دەتوانن "سات بە سات" ئاگاداری چوونی هەر بڕە پارەیەک بن کە دەخرێتە سەر هەژمارە بانکییەکانی کۆمیسیۆنەکە لە هەردوو بانکی (چەرموو) و (جیهان).
هەنگاوەکە بۆ ئەوەیە سەرجەم بەخشەران، لە کۆمپانیاکان و کەمپەینی شار و شارۆچکەکان، دڵنیاببنەوە لەوەی پارەکانیان چۆن تۆمار دەکرێت و چۆنیش بۆ خەڵکی چەمچەماڵ خەرج دەکرێت.
شەوی چوارشەممە، عەتا محەممەد لە کاتی بەشداریکردن لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ ـی رووداو، رایگەیاند: تاوەکو ئەمڕۆ نزیکەی 10 ملیار دینار خراوەتە سەر هەژمارە بانکییەکانی تایبەت بە کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی چەمچەماڵ.
عەتا محەممەد گوتی: "بڕیارمانداوە هەموو زیانلێکەوتوویەکی لافاو بە (پارەی کاش) قەرەبوو بکرێنەوە، بۆ ئەوەی خۆیان بە خواستی خۆیان و بەپێی پێداویستییەکانیان کەلوپەل بۆ ماڵەکانیان بکڕنەوە."
بۆ بینینی داتاکان، دەتوانن سەردانی ئەم لینکە بکەن:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ