رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی رایدەگەیێنێت، دوای نۆژەنکردنەوەی ئەو قوتابخانانەی بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتبوو، سەرەتای ساڵی نوێ دەوام لە چەمچەماڵ دەستپێدەکاتەوە. هاوکات هۆشداری دەدات لەوەی 140 قوتابخانە لە سنووری سلێمانی مەترسیی رووخانیان لەسەرە.
نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال) لە تۆڕی میدیایی رووداو، باسی لە دۆخی خوێندن لە سنووری پەروەردەی چەمچەماڵ کرد و رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە بە فەرمی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێوەبەری پەروەردەی چەمچەماڵ قبوڵکراوە و ئێستا سەرپەرشتیارێکی یەکەم بە وەکالەت کاروبارەکان بەڕێوەدەبات.
سەبارەت بە وادەی دەستپێکردنەوەی خوێندن لە چەمچەماڵ، کە بەهۆی لافاوەکەی 9ـی ئەم مانگەوە پەکیکەوتووە، نەژاد عەبدوڵڵا گوتی: "تاوەکو 4-1-2026 سەرجەم قوتابخانەکان ئامادە دەبن. بۆ پۆلەکانی 4ـی بنەڕەتی تاوەکو 11ـی ئامادەیی، هەفتەیەک پێداچوونەوە دەبێت و لە 11ـی مانگ تاقیکردنەوەکان دەستپێدەکەنەوە."
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەبارەی پۆلی 12ـی ئامادەییشەوە روونیکردەوە، تاقیکردنەوەکانیان دەخرێنە 20ـی مانگی داهاتوو، بەڵام دەتوانن لە دوای 4ـی مانگەوە دەست بە خوێندنی کۆرسی دووەم بکەن.
بەگوتەی نەژاد عەبدوڵڵا، لافاوەکەی چەمچەماڵ زیانی بە نزیکەی 20 قوتابخانە گەیاندووە. بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخەش وەزارەتی پەروەردە بڕیاری داوە، 135 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوە، 65 ملیۆن دینار بۆ کڕینەوەی کەلوپەل، 101 ملیۆن دینار بۆ دابینکردنی پەرتووک و پێداویستی تەرخان بکات.
140 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی دۆخی باڵەخانەی قوتابخانەکانی لە سنووری پارێزگاکە بە "مەترسیدار" ناوبرد و گوتی: "لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییەکەمان 140 قوتابخانە مەترسیی رووخانیان لەسەرە و پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەی بەپەلە هەیە."
نەژاد عەبدوڵڵا ئاماری قوتابخانەکانی سنووری چەمچەماڵی ئاشكرا کرد و رایگەیاند، کۆی گشتی 203 قوتابخانە لە سنوورەکە هەن، کە 86شیان پێویستیان بە نۆژەنکردنەوەیە، 15 قوتابخانە لە کابینە (کەرەڤانە) دان و 10 قوتابخانەش لە قوڕ دروستکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی نەبوونی نەختینە لە بانکەکانی سلێمانی، کارکردن لە 29 پڕۆژەی دروستکردنی قوتابخانە وەستاوە، لەکاتێکدا بەشێکیان رێژەی تەواوکردنیان گەیشتووەتە سەرووی 90٪.
سەبارەت بە دانانی بەڕێوەبەری نوێ بۆ پەروەردەی چەمچەماڵ، نەژاد عەبدوڵڵا رایگەیاند، بەپێی یاسای پەروەردەی ساڵی 2022، دەرگای سیڤی پێشکەشکردن دەکەنەوە و مەرجەکان بریتین لە:بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەرەو سەر، خزمەتی 10 ساڵ زیاتر بێت و سزای کارگێڕی نەدرابێت.
وەک بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە دەڵێت: "دواتر بە شەفافیەت شایستەترین کەس بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ