لە سلێمانی 'شاری باڵیۆزخانەی کولتووری' دەکرێتەوە

18-12-2025
پەیمان محەممەد
دیمەنێکی گشتیی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
دیمەنێکی گشتیی شاری سلێمانی. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیریی سلێمانی رایگەیاند ''شاری باڵیۆزخانەی کولتووری'' دەکرێتەوە کە سەرجەم کۆنسووڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان، ئۆفیسیان تێدا دەبێ؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئامانج لێی وەبەرهێنانی کولتوورییە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە 18-12-2025، د. موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، رایگەیاند، راسپاردەیان بۆ دروستکردنی شارێکی باڵیۆزخانەی کولتووری پێشکەش بە ئەنجوومەنی شارەوانی کردووە و ئەوانیش رەزامەندییان لەسەر داوە.
 
بەگوتەی موحسین ئەدیب، لەو شارەدا، ئۆفیس بۆ کۆنسووڵخانەکان دروستدەکرێت کە ''ئەمەش گرنگیی دیپلۆماسی، سیاسی، کولتووری و ئابووری بۆ سلێمانی دەبێت.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، لەنێو شارەکەدا، مۆزەخانەیەکی کولتووریش دروستدەکرێت، ''بۆ ئەوەی هەر وڵاتێک گۆشەیەک لە کولتووری خۆی تێدا نمایش بکات.''
 
موحسین ئەدیب باسی لە ئامانجی دروستکردنی شارەکە کرد و گوتی، ''ئامانج وەبەرهێنانە لە بواری کولتووریدا. هەموو کۆنسووڵخانەیەک دوو بەشی سەرەکی هەیە، بەشێکی بازرگانی و بەشێکی کولتووری. کۆنسووڵخانەکان لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا گۆشەی رۆشنبیری لەو شارانە دەکەنەوە کە شوناسێکی کولتوورییان هەیە.''
 
وەک بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی دەڵێت، لە چوار ساڵی رابردوودا دیداری لەگەڵ هەر کۆنسووڵ یان باڵیۆزێک هەبووبێت، ''داوای ئەوەم لێکردوون کە گۆشەی کولتووریی خۆیان لە سلێمانی بکەنەوە، بە حوکمی ئەوەی کە پایتەختی رۆشنبیرییە، بێگومان ئەوان کەم تا زۆر ئامادەییان دەربڕیوە و بەو هەنگاوەی کە ئێستا نراوە، دەمانەوێت ئاسانکارییان بۆ بکەین.''
 
موحسین ئەدیب پێیوایە، لە رێگەی وەبەرهێنانی کولتوورییەوە خزمەت بە پرسی کورد دەکرێ، ''بابەتەکە پەیوەندی بە بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەیە. لە هەولێری پایتەخت، نزیکەی 32 کۆنسووڵخانە هەن و ئەمە پێگە سیاسییەکەی بەهێز کردووە. بەڵام ئەگەر لە بواری کولتووریشدا وەبەرهێنان بکەین و لە سلێمانیش بوونیان هەبێ، ئەوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی پێگەی دیپلۆماسی و سیاسیی کۆی هەرێمی کوردستان.''
 
رەشنووسی دروستکردنی 'شاری باڵیۆزخانەی کولتووری' ئاراستەی بەشی ماستەرپلانی شارەوانیی سلێمانی کراوە، بۆ ئەوەی زەوییەکی گونجاوی بۆ تەرخان بکرێ. بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا، ''دەکرێ لە رێگەی وەبەرهێنەرانەوە دروست بکرێ یان لە کابینەی 10ـیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بودجەیەکی تایبەتی بۆ تەرخان بکرێ.''
 
بۆ دروستکردنی شارەکە پێویستە رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش وەربگیرێت، موحسین ئەدیب لەوبارەوە گوتی، ''دڵنیام ئەوان لەوبارەوە ئاسانکاریی پێویست دەکەن، چونکە کارەکە تەواو یاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە.''
 
بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەریی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، جیا لە ئۆفیسی کۆنسووڵخانەکان و مۆزەخانەیەکی کولتووری، شارەکە هۆڵێکی گەورەی سەردەمییانە لەخۆدەگرێت کە، بیرۆکەی ئەوەمان هەیە ناوی بنێن تەلاری دیالۆگی شارستانییەتەکان بە جۆرێک کە زۆربەی ئیڤێنتە گەورەکان لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەوێ بکرێن.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق

دامەزرێنەری گووگڵ کراودسۆرس: نووسین بە فۆنتی کۆن زیانێکی گەورە بە پاشەڕۆژی زمانی کوردی دەگەیێنێت

لەکاتێکدا جیهان یادی رۆژی جیهانیی زمانی دایک دەکاتەوە، پسپۆڕانی تەکنەلۆژیا هۆشداری دەدەن لەوەی پاراستنی زمان تەنیا لە رێگەی ئاخاوتنەوە نییە، بەڵکو دەبێت زمانەکە لە جیهانی دیجیتاڵی و ژیریی دەستکرددا جێگیر بکرێت. بۆکان جاف، دامەزرێنەری کۆمەڵەی گووگڵ کراودسۆرس لە عێراق، لە کاتی بەشداریی لە بەرنامەی (رۆژی هیوا جەمال)، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "پاشەڕۆژی زمانی کوردی بەندە بە بوونی داتای پێویست لەسەر ئینتەرنێت."