رووداو دیجیتاڵ
شێخ عەلی ئیلیاس، بابە شێخی کوردانی ئێزدی داوا لە کوردانی ئێزدی دەکات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بدەن و لەوبارەوە دەڵێت، "نابێت ئەو مافەمان بسووتێنین".
شێخ عەلی ئیلیاس، بابە شێخی کوردانی ئێزدی ئەمڕۆ شەممە 8-10-2021 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە بەربژێرەکانمان بۆ پەرلەمان سەربخەین بۆ ئەوەی داواکارییەکانی ئێزدییەکان بگەیەننە شوێنی خۆی".
هەروەها لەبارەی هەڵبژاردنەکانەوە کە هێشتا رێژەی بەشداریکردنی کوردانی ئێزدی ئاوارە بەرز نییە، شێخ عەلی ئیلیاس گوتی: "ئێمە کاتێک داوای مافی خۆمان لە خەڵک و جیهان دەکەین، دەبێت ئەمڕۆ مافی خۆمان بەدەستی خۆمان وەربگرین و دواتر داوای مافی خۆمان لە خەڵکی دیکە بکەین، بۆ ئایینی ئێزدی ئەم رۆژە زۆر گرنگە بۆ ئەوەی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، چونکە ئێمە پێویستمان بەوەیە سبەی رۆژ بەربژێرانمان لە پەرلەمانی عێراق ببینین؛ سبەی رۆژ کاتێک داواکارییمان دەبێت و روو دەکەینە پەرلەمانی عێراق، دەمەوێت ببینم کە خەڵکی ئێمەی ئێزدی لەپێش ئێمە دانیشتوون و دەستی ئێمە دەگرن و داواکارییمان دەگەیێننە هەموو شوێنێک".
شێخ عەلی ئیلیاس لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە داواکاریی ئاڕاستەی کوردانی ئێزدی بەگشتی و ئاوارەکان بەتایبەتی کرد بچنە سندووقەکانی دەنگدان و لەوبارەیەوە گوتی: "گەلی جوامێری و گەلی منی ئێزدی، ئێمە دەمانەوێت مافی ئێوە نەسووتێت؛ ئەگەر مافی ئێمە لە جیهان دەسووتێت، نابێت مافی خۆمان بسووتێنێن و دەبێت بەدواییدا بچین؛ ئەمڕۆ ئەم دەنگدانە بۆ خەڵکی نییە، بەڵکو بۆ خۆمانە؛ هەرکەس لەگەڵ هەر لایەنێکدا بێت، پێویستە بچێت دەنگی خۆی بدات و بەربژێری خۆی سەربخات بۆئەوەی سبەی رۆژ ئەو بەربژێرانە لە پەرلەمان ببینینەوە و داواکارییەکانییان پێبگەیەنین؛ ئێمە وەکو ئایینی ئێزدی زۆر پێویستمان بەم کارەیە".
ئەمڕۆ هەینی 8-10-2021 دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکرد کە جگە لە هێزە ئەمنییەکان، ئاوارەکان بەشێکی زۆری پێکدەهێنن و بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان، 120 هەزار و 126 کەس دەبن، لەو ژمارەیە 105 هەزار و 754 دەنگدەریان لە هەرێمی کوردستانن.
بڕیارە دەنگدانی تایبەت تاوەکو کاژێر 06:00ی ئێوارە بەردەوام بێت؛ رۆژی یەکشەممە 10-10-2021، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تێیدا نزیکەی 24 ملیۆن و 907 هەزار و 679 کەس مافی دەنگدانیان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ