دەریاچەی رەزازە؛ دووەم گەورەترین رووبەری ئاویی عێراق خەریکە دەبێتە بیابان

09-02-2022
ویسام جبووری
دیمەنێک لە دەریاچەی رەزازە
دیمەنێک لە دەریاچەی رەزازە
A+ A-
 
رووداو - کەربەلا

دوای ئەوەی دەریاچەی رەزازە ببووە پێگەیەکی گەشتیار و ساڵانە هەزاران گەشتیار روویان تێدەکرد، لەدوای ساڵی 2003وە بووە جێگەیەک بۆ راوەدوونانی گەشتیار و راوچییان، ئەوەش بەهۆی رێژەی بەبیابانبوونەوە کە دەگاتە زیاتر لە 50%.
 
دەریاچەی رەزازە دووەم گەورەترین رووبەری ئاوییە لە عێراقدا کە هەردوو پارێزگای کەربەلا و ئەنبار پێکەوە گرێدەدات، لەسەر رووبەری 2000 کیلۆمەتر چوارگۆشە کە ئێستا بەبیابانبوون و وشکەساڵیی بەخۆوە دەبینێت بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوی رووباری فورات. لە ساڵی 2003وە وشکبوونی دەریاچەکە ئاماژەیەکی مەترسیدارە لەسەر نەخشەی ئاویی عێراق.
 
سەید کەریم مەشهەدانی، خاوەن کێڵگە دەڵێت، "لەم شوێنەوەی لێی راوەستاوین، رێژەی ئاو دەگەیشتە هەشت کیلۆمەتر، ئێمە ئێستا لە ناوەندی دەریاچەی رەزازەدا وەستاوین و هێشتا لەسەر وشکانین، لە رۆژی کەوتنەوە تاوەکو ئێستا، یەک دڵۆپە ئاو نەهاتووەتەوە ناو دەریاچەکەوە، تەنیا ئەوەندە نەبێت کە دوو ساڵ لەمەوبەر بۆ ماوەی 10 رۆژ ئاوەکەیان کردەوە. جاران هەزاران کەس لێرە دەژیان لە فوراتی ناوەڕاستەوە، لە دیوانییەوە، نەجەف و کەربەلا و بابل و ئێمەی دانیشتووانی ئەم ناوچەیەش لە ناز و نیعمەتدا دەژیاین بەهۆی خەڵکی گەشتیار و ئەو کەسانەی تەنانەت بۆ چوونە ناو گڕاوە کیبریتییەکانی ناوچەکە دەهاتن، بەڵام ئێستا بەهۆی وشکبوونی دەریاچەکەوە، ئەوانیش وشکیان کردووە".
 
دەریاچەکە بە گرنگترین شوێنی گەشتیاری و ئابووری و مێژوویی دادەنرێت، بەهۆی جۆری ماسی و باڵندە دەگمەنەکان، ئەوەش جیا لە شوێنەوارەکانی چواردەوری، بەڵام ئێستا بەدەست پشتگوێخستنەوە دەناڵێنێت بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی بەبیابانبوون و خوێیەکان کە لەوانەیە لە کۆتاییدا ببێتە هۆی لەنێوچوونی یەکجاری.
 
یاسر دەروێش، راوچی دەڵێت، "یەکێکم لە راوچییەکانی دەریاچەی رەزازە، چەندین ساڵە لێرە راو دەکەم، دواتر نێچیرەکانم دەبەمە بازاڕ و دەیانفرۆشمەوە، بەڵام ئێستا ماسی کۆتاییهاتووە، جاران لەم دەریاچەیەدا حەوت جۆری جیاوازی ماسی هەبوو، شانگ، بوونی، گەتان، سەکنی و جۆری دیکەش، جاران سەدان راوچی لێرە هەبوون، بەڵام ئێستا دەریاچەکە بە تەواوی وشکی کردووە و مردووە، ئێمەش لەگەڵ دەریاچەکەدا مردین، بەهۆی زۆریی وشکەساڵییەوە خوێ زۆر دەرکەوتووە و لە ماسییەکان زیاترە، بووەتە هۆی مرداربوونەوەی ماسییەکان".
 
هەزاران خێزانی راوچی و جووتیارەکان ئەو زەوییانەی خۆیان بەجێهێشتووە کە پێشتر باشترین جۆری میوە و خورمای لێ بەرهەم دەهات، ئەوان روویان کردووەتە شارەکان و بەدوای کاری دیکەدا دەگەڕێن، بەهۆی کاریگەربوونی زەویی ناوچەکە بە خوێ کە سامانی ئاژەڵ و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لە ناوچەکەدا لەنێوبردووە.
 
حوسام خەفاجی، جووتیار دەڵێت، "ئێستا نە راوکردن هەیە نە کشتوکاڵ، ژیان بە تەواوی کۆتاییهاتووە لێرە. هەر ئەوەش وایکرد دۆست و نزیکەکانمان لە ناوچەکە بڕۆن بەهۆی ئەو بارودۆخەوە".
 
کەریم مەشهەدانی، راوچی باس لەوە دەکات، "زەوییەکەمان وشکی کردووە بەهۆی زۆریی خوێوە و ئاومان نییە، روومان کردە شار تاوەکو لەوێ کار بکەین وەکو کاری بیناسازی و کاری دیکەی تاقەتپڕووکێن".
 
داواکاریی خەڵک و راوچی و جووتیارەکان لە حکومەت بۆ لابردنی گرتنەوەی ئاو لەسەر دەریاچەی رەزازە بەبادا چووە و تەنیا دەریاچەیەک ماوەتەوە کە بەدەست بەبیابانبوونەوە دەناڵێنێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە