رووداو دیجیتاڵ
بەربژێرێکی دوورخراوەی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای لە دژی پەرلەمان و بەڕێوەبەرایەتیى رەگەزنامە تۆمار کردووە و داوای قەرەبووی 500 ملیۆن دینار دەکات، بەو پاساوەی بەهۆی دوورخستنەوەی، زیانی بەرکەوتووە.
سکاڵاکە لەلایەن محەممەد مەجید حەمید تۆمارکراوە، کە یەکێک بوو لە بەربژێرانی پۆستی سەرۆککۆمار، بەڵام دوورخراوەتەوە .
ئەو بەربژێرە دوورخراوەیە سکاڵاکەی لە دژی سەرۆکی پەرلەمان و دوو فەرمانگەی پەرلەمان و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رەگەزنامە تۆمار کردووە.
سکاڵاکارەکە داوای کردووە دادگەی باڵای فیدراڵی ئەوە بسەلمێنێت کە هەڵەی کارگێڕی روویداوە و بەهۆیەوە زەرەرمەند بووە، سکاڵالێکراوانیش ناچار بکرێن کە بە 500 ملیۆن دینار قەرەبووی بکەنەوە.
بە گوێرەی سکاڵاکە، لەو 500 ملیۆن دینارەی داوای دەکات؛ 50 ملیۆن دیناری بۆ ئەو ماندووبوون و خەرجییانەیە کە لە کاتی ئامادەکردنی دۆسیەی بەربژێربووندا خەرجی کردووە، 250 ملیۆن دیناری دیکەی وەک قەرەبووی مەعنەوی بێت لە بەرامبەر دوورخستنەوەی و زیانگەیاندن بە ناوبانگی و 200 ملیۆن دینارەکەی دیکەیش وەک قەرەبووی کارگێڕی بۆی بگێڕدرێتەوە، جگە لەوەش داوا دەکات سکاڵالێکراوان ناچار بکرێن سووى سەر پارەى قەرە بووەکە لە رۆژی پێشکێشکردنی سکاڵاکەوە تاوەکو ئەو رۆژەی یەکلا دەکرێتەوە، بگرنە ئەستۆ.
ئازاد دۆسکی، پارێزەر و شارەزای یاسایی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشبینی دەکرێت ئەو سکاڵایە بە پاساوی ئەوەی لە تایبەتمەندیی دادگەدا نییە رەتبکرێتەوە، چونکە کاری دادگەی فیدراڵی یەکلاکردنەوەی ماددە دەستوورییەکانە".
بە گوتەی ئەو پارێزەرە، دەبووایە سکاڵاکارەکە لە دادگەی کارگێڕی ئەو سکاڵایەی تۆمارکردبا.
دادگەی فیدراڵی سێشەممەی داهاتوو 24ی شوباتی دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتنی تایبەت بەو سکاڵایە.
لە کۆی زیاتر لە 80 کەس کە خۆیان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بەربژێر کردبوو. تەنیا 19یان پەسندکران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ