رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێ، تیمەکانیان دەستیان بە هەڵمەتێکی فراوان کردووە بۆ چاودێریکردنی چێشتخانەکان و دڵنیابوونەوە لە پابەندبوونیان بە رێنماییەکانی مانگی رەمەزانەوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، هەر شوێنێک سەرپێچی بکات، دادەخرێ و سزای دارایی دەدرێ.
عەقید عەباس بەهادلی، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی شەممە، 21ـی شوباتی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەزارەت دەستی بە گەڕانی مەیدانیی چڕ کردووە بۆ چاودێریکردنی هەموو چێشتخانە، کافتریا و ئەو شوێنانەی خواردن و خواردنەوە پێشکێش دەکەن، ئەمەش لەچوارچێوەی رێکخستنی کارەکان لە مانگی رەمەزاندا."
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند: "هەموو چێشتخانەکان پابەندکراون کە بە رۆژدا دابخرێن، تەنیا ئەو شوێنانە نەبێت کە رێگەیان پێدراوە و مۆڵەتی فەرمییان هەیە بەو مەرجەی رێز لە پیرۆزیی مانگەکە بگرن."
گوتەبێژەکەی وەزارەتی ناوخۆ گوتیشی: "هەندێک شوێن رێگەیان پێدراوە بکرێنەوە، وەک ئەو چێشتخانانەی تایبەتن بە گەشتیاران یان ئەو کەسانەی بە گوێرەی شەرع دەتوانن بەڕۆژوو نەبن، بەڵام بەو مەرجەی بەشێوەیەک بێت رێز لە تایبەتمەندی و پیرۆزیی ئەم مانگە بگرێ."
بە گوتەی عەقید عەباس بەهادلی، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو بە هاوئاهەنگی تیمەکانی چاودێریی بازرگانی و وەزارەتی تەندروستی، بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕەکان بۆ دەستنیشانکردنی سەرپێچیکاران.
سەبارەت بە سزای ئەو کەسانەی پابەندی رێنوێنییەکان نابن، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق گوتی: "رێکاری یاسایی بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتەبەر کە یاسا و رێنماییەکان پێشێل بکات. ئەو چێشتخانانەی سەرپێچی دەکەن دەستبەجێ دادەخرێن و خاوەنەکانیان بە پێبژاردن سزا دەدرێن. ئەگەر سەرپێچییەکەش دووبارە ببێتەوە، خاوەنەکەی دەدرێتە دادگە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ