سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر: رێگەنەگرتن لە هاوردەکردنی تەماتە زیان بە جووتیارانی ئێمەش دەگەیێنێت

09-02-2025
رێناس ساڵح
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر دەڵێت، هەرچەندە تەماتەی ئێرانی قەدەخەیە، بەڵام لە عەلوەکان هەیە. ئاماژە بەوەش دەکات، تەماتەی ئێرانی کاریگەری لەسەر بازاڕی تەماتەی عێراقی هەیە. 
 
دانا عەزیز، سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر بە رووداوی راگەیاند، تەماتەی ئەم ساڵی عێراق زۆرە و رۆژانە زیاتر لە 1000 تۆن تەماتەی سنووری پارێزگای بەسرە دەهێندرێتە عەلوەی هەولێر.
 
بە گوتەی دانا عەزیز، "بەهۆی هاوردەکردنی تەماتەی ئێرانییەوە نرخی تەماتەی عێراقی زۆر دابەزیوە، بە جۆرێک لە عەلوەی هەولێر کیلۆیەک تەماتەی عێراقی بە 300 دینارە و تەماتەی ئێرانی بە 800 دینارە. بۆ یەک بار سێ هەزار دۆلار وەردەگیرێت و لەوەشدا هاووڵاتی زەرەرمەندە، چونکە لە بازاڕ نرخەکەی بەرزدەبێتەوە".
 
نووسراوێکی 26ـی کانوونی دووەمی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: ''پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەروبوومی کشتوکاڵیی ژمارە 4ـی ساڵی 2008، لەسەر داوای جووتیارانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق کە ئێستا بەرهەمی تەماتە لەو ناوچانەدا پێگەیشتووە، بڕیارمان دا بە قەدەخەکردنی هاوردەی بەرهەمی (تەماتە) لە دەرەوەی وڵات.''
 
سەرپەرشتیاری عەلوەی هەولێر رێگرینەکردن لە هاوردەکردنی تەماتە بە مەترسی بۆ سەر بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کورستان دەزانێت و دەڵێت: "یەکێک لە هۆکارەکانی باشبوونی بازاڕی بەروبوومی کشتوکاڵمان بازاڕی شارەکانی عێراقە. ئەگەر ئێمە بازاڕ بۆ بەرهەمی ئەوان نەکەینەوە، ئەوا لە وەرزی پێگەیشتنی تەماتەدا جووتیارەکانمان زیانێکی گەورە دەکەن، چونکە دەکرێت عێراقیش ئامادە نەبێت بازاڕسازی بۆ بەرهەمی ئێمە بکات".
 
بەپێی داتاکانی رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (فاو )، عێراق شەشەم گەورەترین بەرهەمهێنەری تەماتەیە لە نێو وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبی و ساڵانە نزیکەی 700 هەزار تۆن تەماتە بەرهەمدەهێنێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە