رووداو دیجیتاڵ
پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق و ئاڵنگارییەکانی بەردەمی لە پانێڵێکی ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیکدا تاوتوێ کران.شێوازی مامەڵەکردنی ئەو حکومەتە لەگەڵ گرووپە چەکدارەکان، یەکێک بوو لە پرسە سەرەکییەکان.
لە پانێڵەکەدا ئاماژە بەوە کرا: لێکتێگەیشتنێکی سیاسیی باش لەنێوان سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو و هێزە سیاسییەکانی نێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنەکانی دیکەدا هەیە، بۆ ئەوەی وێنەیەکی روون لەبارەی جووڵەی فەرمی دەوڵەت و حکومەت لەگەڵ هێزەکانی دەرەوەی دەوڵەت بکێشرێت و بە شێوەیەکی قووڵ و هێمنانە، دوور لە نمایشی میدیایی رێکبخرێن.
ئاماژە بەوەیش کرا، "گەیشتووینەتە قۆناخێکی پێشکەوتوو، کە لە ئاگربەست و هێرشنەکردنە سەر باڵەخانەکان و دامەزراوە گرنگەکانی وەک نەوت دەستیپێکردووە".
کابینەی حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی فالح زەیدی، رۆژی پێنجشەممە دەبرێتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی متمانەی پێ بدرێت. لەم کابینەیەدا، شیعەکان زۆرینە پێکدەهێنن و بەسەر پێکهاتەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیدا دابەش بوون.
هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی دۆخی سیاسیی عێراق رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا گواستنەوەیەکی ئاشتییانەی دەسەڵاتمان لە زۆر حکومەتی رابردوودا هەبووە، کەس لەنێونەبراوە یان نەکوژراوە، بەڵام ئەو دیموکراسییەی کە ئێمە پێیدا تێدەپەڕین بێ کەموکوڕی نییە. براوەکان هەمیشە حکومەت پێکناهێنن، ئەوە راستییەکەیە".
لە کۆی 23 وەزارەتی کابینەی نوێ، شیعەکان 12 وەزارەت و کورد و سوننە پێکەوە 10 وەزارەتیان بەردەکەوێت.
حکومەتی نوێ لەبەردەم ئاڵنگاریی ئەمنی و ئابووریی گەورەدا دەبێت، ئەوەش بەهۆی بەردەوامبوونی گرژییە سیاسی و سەربازییەکان لە ناوچەکەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ