هەزاران دەرچووی پەیمانگەکان بێ مۆڵەتی کار ماونەتەوە؛ خوێندنی باڵا لیژنە پێکدەهێنێت

36 خولەک له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
بەرنامەی بەرپرسیار
بەرنامەی بەرپرسیار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

چارەنووسی هەزاران خوێندکار و دەرچووی زیاتر لە 20 پەیمانگەی تەکنیکی و پیشەیی لە هەرێمی کوردستان نادیارە؛ سەندیکای کارمەندانی تەندروستی ئامادە نییە دان بە بڕوانامەکانیاندا بنێت و وەزارەتی خوێندنی باڵاش لیژنەیەک بۆ چارەسەری کێشەکە پێکدەهێنێت.
 
ئەم پەیمانگەیانە لە ساڵی 2023ـەوە بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران کراونەتەوە، ئێستا دەرچووەکانیان لەبەردەم بەربەستێکی گەورەدان. کێشەکە لەوەوە دەستپێدەکات سەندیکای کارمەندانی تەندروستی دەڵێت "ئاستی زانستیی ئەو پەیمانگەیانە نزمە" و رەخنە لەوە دەگرن کە خوێندکاری بەشی وێژەیی لە بەشە پزیشکییەکاندا وەرگیراون.
 
"4 ملیۆن دینارم خەرج کردووە و ناتوانم کار بکەم"
 
ئەحمەد باپیر، کە لە ئۆکتۆبەری 2025 بەشی پەرستاریی لە یەکێک لەو پەیمانگەیانە تەواو کردووە، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، گوتی: "نزیکەی 4 ملیۆن دینارم لە ماوەی دوو ساڵدا خەرج کردووە، بەڵام ئێستا ناتوانم بە بڕوانامەکەم کار بکەم، چونکە ناوی 'پیشەیی' بە ناونیشانی پەیمانگەکەمانەوەیە و سەندیکا ناسنامەمان پێنادات."
 
سارا ئەحمەد، خوێندکارێکی دیکەیە و دەڵێت کێشەی ئەوان تەنیا کارکردن نییە لە کەرتی تایبەت، بەڵکو "تەنانەت وەک خۆبەخشیش رێگەمان پێنادرێت کار بکەین."
 
سەندیکا: کارەساتی لێدەکەوێتەوە
 
جەبار محەممەد، نەقیبی گشتیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، لە بەرنامەی (بەرپرسیار)دا هۆشداری دا و گوتی: "داوامان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە ئەو پەیمانگەیانە دابخەن، چونکە کارەساتی لێدەکەوێتەوە و ئاستی زانستی دابەزیوە." سەندیکا دەڵێت لە کاتی کردنەوەی ئەو پەیمانگەیانەدا راوێژیان پێ نەکراوە.
 
لە بەرامبەردا، د. ئەحمەد سەیدە، نوێنەری پەیمانگە تەکنیکی و پیشەییەکان، بەرگری لە ئاستی پەیمانگەکان دەکات و دەڵێت: "هیچ پەیمانگەیەک بە کەمتر لە کۆنمرەی 54 قوتابی وەرنەگرتووە و هەموو کارەکانمان بەپێی رێنماییەکانی وەزارەت و ئەنجوومەنی وەزیران بووە."
 
هەوڵەکان بۆ چارەسەر
 
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە رووداوی راگەیاند، وەزارەت بڕیاری داوە لیژنەیەک بە سەرپەرشتیی د. خەتاب ئەحمەد، سەرۆکی فەرمانگەی پلان پێکبهێنێت. ئەو سەرچاوەیە گوتی: "کێشەکە هەم ئیدارییە و هەم زانستی. ئەگەر رێنماییەکانی وەزارەتیش پێویستی بە چاککردن بێت، چاکی دەکەین و لەگەڵ سەندیکا و پەیمانگەکانیش کۆدەبینەوە."
 
ئێستا چاوی هەزاران خوێندکار و دەرچوو لەسەر بڕیاری ئەو لیژنەیەیە، تاوەکو بزانن ئایا ساڵانی خوێندن و ئەو پارەیەی خەرجیان کردووە، بێ ئەنجام دەبێت یان رێگەیان بۆ دەکرێتەوە بچنە نێو بازاڕی کارەوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد ئەمین بۆزئەرسلان [لای راست] و نێچیرڤان بارزانی.

نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی محەممەد ئەمین بۆزئەرسلان: لە یادەوەریماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی زمانەوان، نووسەر و توێژەری کورد، محەممەد ئەمین بۆزئەرسلان بڵاوکردەوە کە لە سوێد کۆچی دواییکرد. نێچیرڤان بارزانی جەختی لە رۆڵی پێشەنگانەی بۆزئەرسلان لە پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردیدا کردەوە.