رووداو دیجیتاڵ
مەلا مستەفا رێکانی، زانای ئایینیی ناوداری دهۆک لە تەمەنی 75 ساڵیدا بە هۆی کۆرۆناوە کۆچی دواییکرد. کوڕەکەی دەڵێت، باوکی 47 ساڵە گوتارى ئایینی دەخوێنێت.
مستەفا حەسەن، ناسراو بە مەلا مستەفا رێکانی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 09-03-2022 لە دهۆک کۆچی دواییکرد، دکتۆر مەعسوم مستەفا، کوڕێکی ئەو زانا ئایینییەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دواى دەرچوونى باوکم لە کۆلێژى شەریعە لە زانکۆی ئەعزەمییە لە شارى بەغدا، گەڕایەوە دهۆک و لە ساڵى 1974ـەوە لە دهۆک گوتارى ئاینى لە مزگەوتەکان پێشکێش دەکات، جگە لەوە دەیان مامۆستای ئاینى ئەوانەى کە ئێستا لە پارێزگاى دهۆکن لەلای باوکم وانەی ئاینییان وەرگرتووە، باوکم هەموو تەمەنی بۆ ئایینى پیرۆز و خزمەتى ئایین پێشکێشکرد."
مەلا رێبەر نێروەیی، بەڕێوەبەری ئەوقافی قەزای دھۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دھۆک و بەهۆی کۆرۆناوە مەلا مستەفا رێکانی کۆچی دواییکرد".
ھادی بێدەیی، یەکێک لە کەسوکارەکانی مەلا مستەفا رێکانییە و دەڵێت، "دوای تووشبوونی بە نەخۆشی کۆرۆنا، سنگی تووشی هەوکردن بوو، رۆژی پێنجشەممە رەوشی تەندروستی تێکچوو، لە نەخۆشخانە خەوێندرا و بەداخەوە بەیانیی ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد".
مەلا مستەفا رێکانی، لەساڵى 1947 لە پارێزگای دهۆک لە دایکبووە، کۆلێژى شەریعەی لە زانکۆی ئەعزەمییە لە شارى بەغدا تەواو کردووە و لە سالى 1974ـەوە تاوەکو پێش ئەوەى تووشى کۆرۆنا بێت گوتاری ئایینیی لە مزگەوتى ماڵتا پێشکێش دەکرد، دوو هەفتە پێش ئێستا تووشى کۆرنا بوو و بەوهۆیەوە گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ