ئەردۆغان سوپاسی هەرێمی کوردستان دەکات بەوەی نەبووەتە بەشێک لە جەنگ

45 خولەک له‌مه‌وپێش
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا خۆشحاڵیی خۆی بۆ هەڵوێستی هەرێمی کوردستان نیشاندا بەوەی بێلایەنیی خۆیان لە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران پاراستووە و نەبوونەتە بەشێک لێی.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دوای کۆبوونەوە کابینەی حکومەتەکەی، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 9-3-2026، لە کۆشکی کۆماری گوتارێکی پێشکێش کرد.
 
ئەردۆغان رایگەیاند، دژایەتیی هەموو هەنگاوێک بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچەکە و لەباربردنی پرۆسەی چارەسەری دەکەن و گوتی: "نابێت هیچ کەسێک حیسابی هەڵە بکات. نابێت بکەوینە نێو تەڵەی تۆڕی کۆمەڵکوژیی زایۆنی، کە ئامانجی شکاندنی برایە لە رێی براکەیەوە. بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لە روونکردنەوەکانی براکانمان لە هەرێمی کوردیی عێراق دەکەین و لە دڵەوە باوەڕمان پێیان هەیە، کە ناخزێنە نێو ئەم یارییەوە".
 
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران رایگەیاند، هەمیشە لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکان بوونە و لە یەکەم رۆژی جەنگەکەدا پەیوەندیی تەلەفۆنیی لەگەڵ 16 سەرۆکی وڵات کردووە و وەزیری دەرەوەی تورکیاش پەیوەندیی لەگەڵ 56 هاوتاکانی خۆی لە وڵاتان کردووە.
 
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، هەرێمی کوردستان هاوسەنگیی سیاسی و بیلایەنیی خۆی پاراستووە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم نێوەندەدا جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێرانی لەگەڵ بەرپرسانی جیهان تاوتوێ کردووە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیی تەلەفۆنیدا لەگەڵ سەرۆککۆماری تورکیا، سەرۆکی فەرەنسا، وەزیری دەرەوەی ئێران، لایەنە عێراقییەکان و بەرپرسانی وڵاتانی کەنداو بیروڕای لەبارەی جەنگەکە ئاڵوگۆڕ کردووە. 
 
دڵشاد شەهاب گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان یەک ئامانجی هەیە؛ ئەویش پارێزگاریکردنە لەسەر سەلامەتیی هەڵوێستی هەرێمی کوردستان، هەروەها لەسەر ئارامی، سەقامگیری و ژیانی هاووڵاتیان. ئەمە ئامانجی سەرەکیی ئێمە بووە. هەندێک جار بە گوتن ئاسانە، بەڵام راگرتنی ئەو هاوسەنگییە لە نێوان داواکاری و چاوەڕوانی و ئەگەر بڵێم گوشاریش هەر دروستە، بە سیاسەتێکی دروست دەکرێت کە هەتا ئێستا هەرێمی کوردستان تێیدا سەرکەوتوو بووە".
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها بەبیری هێنایەوە کە دەوڵەتی تورکیا لە بابەتی پرۆسەی چارەسەریش لە نێوان هەردوو لایەنی گفتوگۆدا بەشداری بە هەرێمی کوردستان دەکات و رایگەیاند کە ئەمە بەڵگەیەکە نیشانی دەدا هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا بە کردەیی بووەتە هۆکاری سەقامگیری.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە