رووداو دیجیتاڵ
سێ هەفتەیە لە هۆڵەندا حکومەتێکی نوێ بە سەرۆکوەزیرایەتیی (رۆب یێتن) دەستبەکار بووە. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران.
کابینەی نوێی گەنجترین سەرۆکوەزیرانی مێژووی هۆڵەندا بە ئاشکرا لەسەر دۆخی ناوچەکە رایگەیاند: "ئاشتییەکی درێژخایەن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەدینایێت ئەگەر پاراستنی سەروەری و ئاسایشی ئەو گرووپە هەرێمییانە پشتگوێبخرێ کە گرنگترین هاوپەیمانی ئێمە بوون". مەبەستی سەرۆکوەزیران یێتن لەو هاوپەیمانانە "پێشمەرگە و شەڕڤانان"ن کە لە شەڕی دژی داعش دا هاوپەیمانی وڵاتانی رۆژئاوایی بوون.
ئەمە یەکەم جار نییە ئەو سیاسەتڤانە گەنجە پشتیوانی لە کوردستان دەکات. پێشتریش وەکو پەرلەمانتار و وەزیریش لە کابینەکانی پێشوودا بە پشتیوانی کوردستان ناسرابوو.
ساڵی 2019، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی یەکی تەلەڤیزیۆنی دەوڵەتی هۆڵەندا، یێتن گوتی: "کورد شەڕی یەکجار سەختیان لە ساڵانی رابردوودا لەدژی داعش لە سووریا کرد. ئەوان رۆڵی سەرەکییان گێڕا لە شکستپێهێنانی ئەو خەلافەتە". ئەو ساڵە کاتێک تورکیا هێرشیکردە سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەو سیاسەتڤانە گەنجە دەنگی بەرزکردەوە و رەخنەی لە ئەورووپا گرت بەوەی "هێرشەکان بەڕاشکاوی سەرکۆنە ناکەن". هەروەها بەردەوام رەخنەی لەوە گرتووە "ئەورووپایی و ئەمریکییەکان سیاسەتێکی هاوبەش و ستراتیژیی هاوبەشیان نییە بۆ پاراستنی هەمیشەیی کورد لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا". دوای ئەوەی بەم دواییانەش لە ئەورووپا و ئەمریکا رەخنە لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) گیرا کە رێگەیداوە زیندانییانی داعش لە کەمپەکان هەڵێن، رۆب یێتن گوتی: "ئێمە هیچمان نەکرد بۆ ئەوەی ئەو چەکدارانەی کوردەکان گرتبوویانن "ببەینە شوێنی گونجاو بۆ دادگایکردنیان.
گەنجترین سەرۆکوەزیرانی یەکێتیی ئەورووپا کێیە؟
ئێستا رۆب یێتن تەنیا گەنجترین سەرۆکوەزیرانی مێژووی هۆڵەندا نییە، کە لە تەمەنی 38 ساڵی دا ئەو پۆستەی وەرگرتبێ، بەڵکو گەنجترین سەرۆکوەزیرانی نێو هەر 27 وڵاتەکەی ئەندامی یەکێتیی ئەورووپاشە.
وەک خۆی ساڵانی رابردوو باسیکردووە، ئارەزووی یێتن ئەوە نەبووە رۆژێک لە رۆژان بێتە نێو سیاسەت. بەڵکو دەیویست ببێتە وەرزشڤانێکی سەرکەوتوو و بەشداری لە کێبڕکێ جیهانییەکاندا بکات. لە راکردن و بازدانیشدا لێهاتوو بووە و راهێنەرەکانی ئومێدی زۆریان پێبووە. دواتر بەهۆی کێشەیەکی دڵەوە و دانانی ئامێرێکی پشتیوانی بۆ دڵی، کە هەمیشە لەگەڵی دەمێنێتەوە، وازی لە خەونی وەرزشڤانی هێنا.
رۆب یێتن زانستی حوکمڕانیی لە زانکۆی بەنێوبانگی (رادباود) لە شاری نایمێیخن لە هۆڵەندا تەواوکردووە. ئەو زانکۆیە بەوە بەنێوبانگە چەندین سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا دەرچووی ئەوێن.
شارەزایانی مێژووی حوکمڕانی دەڵێن یێتن هەر تەنیا گەنجترین سەرۆکوەزیران نییە، بەڵکو یەکێکە لەو سیاسییە دەگمەنانەش کە بە لێهاتوویی خۆی بە خێراییەکی زۆر بە پەیژەکانی دەسەڵاتدا سەرکەوتووە. ساڵی 2017 یێتن دەبێتە ئەندامی پەرلەمانی هۆڵەندا. ساڵ و نیوێک دواتر و لە تەمەنی 31 ساڵیدا دەبێتە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتەکەی (دێموکراتەکانی 66). ئەو هێندە رژد بووە لەسەر کارکردن و خۆماندووکردن بۆ ئەو ئامانجانەی بڕوای پێیان هەبووە کە رکابەرە سیاسییەکانی لەجیاتی رۆب یێتن پێیانگوتووە (رۆبۆت یێتن).
گرنگترین ئەو مژارانەی رۆب یێتن لە ژیانی سیاسیی خۆیدا کاری لەسەر کردوون و هەوڵی بۆ داون، گۆڕانکاریی ژینگە و زۆرتر بەهێزکردنی یەکێتیی ئەورووپا و یەکسانیی جێندەر و مافە مەدەنییەکانی دیکە بووە.
ئەو سێ ساڵ پێش ئێستا، واتە ساڵی 2023، بووە سەرۆکی پارتەکەی و بە گوتە بەنێوبانگەکەی "کاتی ئەوەیە نەوەیەکی نوێ بێتە پێشەوە" زیاتر سەرنجی هۆڵەندییەکانی بۆ لای خۆی راکێشا، ئەویش بەوەی نەیشاردەوە کە دەیەوێ لە ئایندەدا ببێتە سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا، بەڵام رکابەرە راستئاژۆ تووندڕۆکانی لەو بەهێزتربوون و پارتەکەی رۆب یێتن بە سەرۆکایەتیی ئەو 15 کورسیی پەرلەمانیان لەدەستدا.
دوو ساڵ دواتر، واتە ساڵی 2025، هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هۆڵەندا کران و یێتن بەو دەرکەوتنە بەهێزەی لە بانگەشەکاندا هەیبوو وایکرد پارتەکەی هەڵبژاردنەکان بباتەوە. هەرچەندە پارتی (دێموکراتەکانی 66) پارتێکی کۆنی هۆڵەندایە و لە زۆر کابینەی حکومەتەکانی پێشوودا وەزیری هەبوونە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە سەرۆکوەزیرانی دەبێت.
لەڕووی کۆمەڵایەتیشەوە رۆب یێتن گەنگەشەئامێزە, چونکە یەکەمین سەرۆکوەزیرانی مێژووی هۆڵەندایە بە ئاشکرا رایگەیاندووە هاوڕەگەزخوازە و لەگەڵ یاریزانی هۆکیی ئەرژەنتینی نیکۆلاس کینان هاوسەرگیری دەکات.
سەبارەت بە مارک رووتەی سەرۆکوەزیرانی پێشووی هۆڵەندا و سکرتێری گشتیی ئێستای ناتۆ, دەنگۆی زۆر لەنێو خەڵکی هۆڵەندا و میدیای ئەو وڵاتە هەبوون کە ئەویش هاوڕەگەزخواز بێت. هۆیەکەشی ئەوەبوو کە هەمیشە سەڵت بوو و قەت لەگەڵ ژنێکدا نەبیندرا، بەڵام رووتە بەدرێژایی 14 ساڵی تەمەنی سەرۆکوەزیرایەتییەکەی رەتیکردەوە لەسەر ژیانی تایبەتیی خۆی و ئەوەی کە هاوڕەگەزخوازە یان نا هیچ زانیارییەک ئاشکرا بکات. بۆیەش ئێستا لە میدیای ئەو وڵاتەدا دەگوترێ رۆب یێتن یەکەم سەرۆکوەزیرانە کە "بەئاشکرا هاوڕەگەزخواز بێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ