چیرۆکی ئەو پیاوەی لە هەولێر بێ ئاو و کارەبا دەژیا و 'بەرپرسیاری رەمەزان' فریای کەوت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
عەدنان رەشید
شەهیان تەحسین لە ماڵی فەرەیدوون
شەهیان تەحسین لە ماڵی فەرەیدوون
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فەرەیدوون، پیاوێکی تەمەن 57 ساڵانی دانیشتووی گەڕەکی تووڕەقی هەولێرە. 7 ساڵە جەڵتە لێیداوە و توانای جووڵەی لەدەستداوە، لە ژوورێکی تاریک و بێ پەنجەرە، بێ ئاو و کارەبا، لەنێو خانوویەکی تەواونەکراودا بە تەنیا دەژی.
 
چیرۆکی فەرەیدوون رەشید لە بەرنامەی (بەرپرسیاری رەمەزان)ی رووداو، کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، خرایەڕوو. ئەو دەڵێت، ساڵی 2017 کاتێک بەهۆی هەژارییەوە هاوژینەکەی لێی جیابووەتەوە و چوار منداڵەکەی جێیان هێشتووە، تەنیایی بووەتە هاوڕێی هەمیشەیی.
 
فەرەیدوون لەنێو ژوورە تاریکەکەیدا باسی لە دوورکەوتنەوەی لە جیهانی دەرەوە کرد و گوتی: "تەنیا یەک رادیۆم هەیە و بەردەوام گوێ لە رووداو دەگرم بۆ ئەوەی بزانم لە دەرەوە چی دەگوزەرێت."
 
"کوڕەکەم تەنیا بۆ مووچەکەم دێت"
 
فەرەیدوون ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا یەکێک لە کوڕەکانی مانگی جارێک سەردانی دەکات، بەڵام نەک بۆ خزمەتکردنی، بەڵکو بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینییەکەی. ئەو دەڵێت: "کوڕەکەم مووچەکەم وەردەگرێت، هەندێک دەرمانم بۆ دەکڕێت و ئەوەی دەمێنێتەوە دەیبات، تاوەکو کاتی مووچەی داهاتووش نایەتەوە."
 
دراوسێکانی بوونەتە تاکە فریادڕەسی فەرەیدوون. محەممەد نازم، یەکێک لە دراوسێکانی دەڵێت، ماوەی سێ ساڵە ئەوان خزمەتی دەکەن و خوشکەکەی ژەمی نیوەڕۆ و ئەویش ژەمی ئێوارەی بۆ ئامادە دەکات، بۆ ئەوەی بێ خواردن نەمێنێتەوە.
 
مەترسیی لەسەر ژیانی هەبوو
 
حەسەن، موختاری گەڕەکی تووڕەق باس لە دۆخی فەرەیدوون دەکات و دەڵێت: "دۆخی زۆر خراپە، هەموو جار دەڵێم ئەگەر بشمرێت کەس پێی نازانێت، مەگەر بە بۆنی تەرمەکەی بزانرێت."
 
دوای بڵاوبوونەوەی چیرۆکەکەی لە رووداو، تیمێکی ماڵی چاودێریی بەساڵاچووانی هەولێر بە هانایەوە چوون. لە پشکنینە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت گوشاری خوێنی گەیشتووەتە 20 و مەترسیی دووبارەبوونەوەی جەڵتەی لەسەر بووە.
 
تیمە تەندروستییەکە بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن فەرەیدوونیان گواستەوە بۆ نەخۆشخانە. بڕیارە دوای وەرگرتنی چارەسەر و باشتربوونی باری تەندروستیی، فەرەیدوون خۆی بڕیار بدات کە ئایا دەگەڕێتەوە بۆ ژوورە سارد و تاریکەکەی، یان دەچێتە خانەی بەساڵاچووان بۆ ئەوەی لەوێ چاودێری بکرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی درۆنەکە لە سەربانی ماڵێک

درۆنێک لە سەربانی ماڵێکی هەولێر کەوتەخوارەوە

درۆن لەسەربانی ماڵێک لە گەڕەکی ژیانی هەولێر کەوتەخوارەوە و هاونیشتمانییەک بە رووداوی گوت، کەس بریندار نەبووە.