رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، چیا نەوشیروان مستەفا قورچکی دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرت.
شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەمڕۆ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە وەرگرتنی ڤاکسین، چیا نەوشیروان مستەفا قورچکی دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنای وەرگرت".
لەبارەی تەندروستیی کوڕەکەی نەوشیروان مستەفا، شوناس شێرکۆ ئاماژەی بەوە کرد، چیا باری تەندروستیی "زۆر باشە".
رۆژی 2ی ئاداری 2021، یەکەم کاروانی ڤاکسینی سینۆفارمی چینی، کە 50 هەزار قورچک بوو، گەیشتە عێراق، کە پێنج هەزار قورچکی بۆ هەرێمی کوردستان بوو.
تاوەکو ئەوکات لە هەرێمی کوردستان تووشبووانی کۆرۆنا 109 هەزار و 151 کەس بوون، کە 103 هەزار و 625یان چاکببوونەوە و سێ هەزار و 521 تووشبووش مردبوون.
لە 25ی ئاداردا 336 هەزار قورچکە ڤاکسینی ئەسترازێنیکای بەریتانی - سوێدی گەیشتە عێراق، کە بڕی 43 هەزار و 800 قورچکە ڤاکسینی گەیشتە هەرێمی کوردستان.
هەروەها لە 11-04-2021یش یەکەم کاروانی فایزەر گەیشتە عێراق، کە لە 49 هەزار قورچک پێکهاتبوو.
لە 29-03-2021 سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، ڤاکسینی ئەسترازێنیکای وەرگرت. لە 11ی نیسانی 2021یشدا جووتیار عادل، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڤاکسینی دژی کۆرۆنای لە جۆری ئەسترازێنیکا وەرگرت.
هەروەها لە 24ی نیسان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆی و شێری گراهامی هاوژینی وەرگرتنی ڤاکسینیان راگەیاند.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ