رووداو دیجیتاڵ
سوپای پاسدارانی ئێران دەڵێ، بە پێنج مووشەک بنکەی ئەمریکایان لە سنووری قەزای هەریر لە پارێزگای هەولێر بۆردوومان کردووە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "سنووی ئێمە نەبووە و بەنی هەریر بووە."
ئەمڕۆ سێشەممە 10-3-2026 پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، هێرشیان کردووەتە سەر "بنکەی هێزەکانی ئەمریکا" لە بنکەی سەربازیی هەریر لە هەرێمی کوردستان.
شێروان جەلال، قایمقامی قەزای هەریر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "فڕۆکەخانەی سنوورەکەمان و دەوروبەری قەزاکەمان هیچ هێرشێکی نەکراوەتە سەر."
لەبارەی راگەیێندراوەکەی سوپای پاسدارانیشەوە قایمقامی هەریر گوتی، "هێرش هەبووە لە کاژێرەکانی کۆتایی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بەڵام بۆ چیای بەنی هەریر بووە، نەوەک قەزای هەریر."
سوپای پاسداران رایگەیاندووە، "بنکەی سوپای دەستدرێژیکاری ئەمریکا لە بنکەی هەریری هەرێمی کوردستان بە پێنج مووشەک لە لایەن قارەمانەکانی یەکەی مووشەکی هێزی زەوینیی سوپای پاسداران کرایە ئامانج."
لە 28ی شوباتەوە کە جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستیپێکردووە، زیاتر لە دوو جار فڕۆکەخانەی قەزای هەریر هێرشی کراوەتە سەر، ئەوەش بە پاساوی هەبوونی هێزی ئەمریکا لەو فڕۆکەخانەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ