رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتباری بکوژی گەنجەکەی شەقامی 100 مەتری نزیک زانکۆی جیهانییان دەستگیر کرد.
رۆژی 7ـی ئایاری 2024، لە شەقامی 100 مەتریی شاری هەولێر نزیک زانکۆی جیهان، گەنجێک بە ناوی کارزان کەریم مەغدید لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی لەلایەن سێ کەسەوە کوژرا.
ئەمشەو پێنجشەممە، 9ـی ئایار، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر لە راگەیێندراوێکدا لەو بارەیەوە گوتی: "دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، تۆمەتبارەکان هەڵاتبوون بۆ دەرەوەی شاری هەولێر و خۆیان حەشاردابوو."
ئاماژە بەوەش دەکات، لە ئەنجامی بەدواداچوون لەلایەن هێزەکانیانەوە، "ناسنامە و شوێنی تۆمەتبارەکان دەستنیشانکران کە هەڵاتبوون بۆ سنووری بناری چیای قەرەچووخ."
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت: "دواتر بەفەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیمان هەردوو تۆمەتباری سەرەکی بەناوەکانی (م. ت. م.) و (هـ. ت. م.) دەستگیر بکەین و دەستیشمانگرت بەسەر ئەو ئۆتۆمۆبێلەی کە لە دوای تاوانەکە پێی هەڵاتبوون، هەروەها بەدواداچوون بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباری سێیەم."
کارزان کەریم خەڵکی مەخموور بوو؛ کچێکی هاوتەمەنی خۆی خۆشویستووە و چوار جاریش داوایکردووە، بەڵام خێزانی کچەکە رازینەبوون.
بە گوتەی مامی، کارزان بە تەلەفۆن هێنراوەتە هەولێر لەسەر ئەو بنەمایەی کە ماڵی کچە رازین بەداواکەی و بچێت مارەی بکات.
دوای هاتنی کارزان بۆ ماڵی پووری سەر لە بەیانی رۆژی سێشەممە دەرچووە و هەواڵی کوژرانی گەیشتە خێزانەکەی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ