مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات؛ 'هاوخەم و هاوپشتتانین'

20-05-2024
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەیەکدا ئەمڕۆ سەرەخۆشیی لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆککۆمار و وەزیری دەرەوە ئێران و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی وڵاتەکە لە رووداوی تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان.
 
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسەنامەکەیدا دەڵێ "پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاراستەی رێبەرایەتی، حکومەت و خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین...  لەم کاتە سەختەدا، هاوخەمی و هاوپشتی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکەینەوە."
 
میدیای فەرمیی ئێران ئەمڕۆ هەواڵی گیانلەدەستدانی ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران و شاندی یاوەری بڵاوکردەوە. هۆکاری گیانلەدەستدانی رەئیسی و 8 یاوەرەکەی، کە یەکێکیان وەزیری دەرەوە بوو، تێکشکانی هێلیکۆپتەرەکەیان بوو کاتێک لە ئازەربایجانەوە بەرەو تەورێز دەگەڕانەوە. 
 
ئیبراهیم رەئیسی دوێنێ بۆ کردنەوەی بەنداوێک چووەبووە پارێزگای تەورێز. لەدوای کردنەوەی بەنداوەکە بە هێلیکۆپتەر بەرەو تاران دەگەڕانەوە کاتێک تووشی رووداوێک بوون، هەلیکۆپتەرەکەیان تێکشکا و سەرجەم سەرنشینانی گیانیان لەدەستدا.
 
دەقی پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان:
 
پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی قووڵی خۆمان ئاراستەی ڕێبەرایەتی و حکومەت و خەڵکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین بۆ کۆچی دوایی سەرۆک کۆمار ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی و وەزیری دەرەوە بەڕێز حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و هاوڕێکانیان.
 
لە خوای مەزن داواکارین گیانی خوالێخۆشبووان بخاتە بەر بەزەیی خۆی و سەبر و دڵنەواییش بە بنەماڵە و کەسوکار و خەڵکی ئێران بە گشتی ببەخشێت. لەم کاتە سەختەدا، هاوخەمی و هاوپشتی خۆمان لەگەڵ خەڵکی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپات دەکەینەوە.
 
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2024/5/20

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە