رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی یادی 56 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نووسەرانی کورد دەکات و هیوای بەردەوامی، داهێنان و سەرکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازێت.
یەکێتیی نووسەرانی کورد لە 10ـی شوباتی 1970 دامەزراوە و ئەمڕۆ ساڵیادی دامەزراندنیەتی.
رۆژی سێشەممە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتییەکە رایگەیاند: "بە رێز و پێزانینێکی زۆرهوه لە مێژوو و خزمەتی زیاتر لە نیو سەدەی یەکێتیی نووسەرانی کورد دەڕوانین".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەشڵێت: "ئهوان لە هەموو قۆناخە جیاوازەکانی تێکۆشاندا، بە خامە و بیریان، سەنگەرێکی پتەوی پاراستنی زمان، وێژە و ناسنامەی نەتەوەیی و نیشتمانیی گەلی کوردستان بوون و رۆڵێکی كارايان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەدا گێڕاوە".
نێچیرڤان بارزانی لەربارەی رۆڵی نووسەران ئاماژە بەوە دەکات: "نووسەران هەمیشە پێشەنگی چەسپاندنی بەها مرۆییەکان و قووڵکردنەوەی کولتووری لێبوردەیی، پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن بوون. ئهمڕۆش چاومان لە رۆڵی کاریگەر و بەرپرسیارانەی نووسەرانە تاوەکو بە بەرهەمە جوانەکانیان، هەوێنی تەبایی، یەکڕیزی و پاراستنی دەستکەوتە دیموکراسی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێ: "سەری رێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی نووسەرانی شەهید و هەموو ئەو نووسهره کۆچکردووانە دادەنەوێنین کە تەمەنیان لەپێناو خزمەتی وشەی کوردی و ئازادیدا بەخشی. یادیان هەمیشە بە خێر".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ